دایکی شەهید فەرهاد وەکیلی کۆچی دوایی کرد

دایکی شەهید فەرهاد وەکیلی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.

کاتژمێر ٧ی ئێوارەی دوێنێ بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەریفە وەکیلی دایکی شەهید فەرهاد وەکیلی دوای مانگێگ مانەوەی لە نەخۆشخانەی «تەوحید» لە شاری سنە - هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی شەهید فەرهادی کوڕی، کۆچی دوایی کرد.

شەریفە وەکیلی لە ساڵی ١٩٤١ لە گوندی تەجەرە-ی سەر بە شاری سنە لەدایکبووه‌. بڕیاره‌ ئەمڕۆ له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی لە باخی شەهید فەرهاد کە ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری سنە دوورە، له‌ لای ئه‌و گۆڕه‌ سمبوولییه‌ به‌خاك بسپێردرێت كه‌ بۆ شەهید فەرهاد دروستی كردبوو و هەموو جارێک سەردانی دەکرد.

شه‌هید فه‌رهاد وه‌كیلی

فەرهاد وەکیلی کوڕی دایه‌ شەریفە وەکیلی و محه‌مه‌د سەعید وەکیلی له‌ ٢٣ی ئایار\٢ی جۆزەردانی ١٩٦٦ له‌ شاری سنە له‌دایكبووه‌. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی تا دواناوەندی لە شاری سنە تەواو كردووه‌. دواتر لە زانکۆی بروجێرد بڕوانامەی زانکۆی وەرگرتووە. شەهید باوكی ٣ منداڵە بە ناوەکانی هەنگامە، هەورام و هەوراز.

فەرهاد وه‌کیلی دوای ساڵ و نیوێک لە دەستگیرکردنی، رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ لە بەشی ۳۰ی دادگه‌ی شۆرشی ئیسلامی لە تاران و لە لایەن دادوەر «تەیرانی» لە ماوه‌ی ٧ خولەک و بە بێ هەبوونی پارێزەر سزای له‌سێداره‌دانی بۆ بڕایه‌وه‌. له‌ ماوه‌ی زیندانیبوونیدا، زۆر جار لە زیندانەکانی ئەوین، سنە، رەجایی شار و کرماشان ئەشکەنجە دراوە. 

فەرهاد وەکیلی لە بەرەبەیانی ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لە زیندانی ئەوین له‌گه‌ڵ فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، شیرین عەله‌مهولی و مەهدی ئیسلامیان له‌سێداره‌ درا و تەرمەکانیشیان نەدرایەوە بنەماڵەکانیان. سەڕەڕای ئەوەش چەند کەس لە بنەماڵەی شه‌هیدان دەستبه‌سه‌ر کران. دواتر پێان گوترا، «به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئەوان گێرەشێوێن بوون و دوژمنی خودا و کۆماری ئیسلامی بوون، نابێت لە گۆڕستانی پیاوچاکان و موسوڵماناندا به‌خاكبسپێردرێن. دەبێت لە شوێنێکی دوور ژێرخاک بکرێن.»

دوای ماوەیەک تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌، دایە شەریفە دایکی شەهید فەرهاد لەگەڵ دایکی شەهید فەرزاد کەمانگەر و چەند کەسی دیکە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی ڕۆڵه‌كانیان سەردانی پارێزگاری سنەیان کرد بەڵام لە پێیان گوترا كه‌ تەرمی ئەوان لە شوێنێکی نادیار بەخاک سپێردراون و دوای ئارامبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و لەباربوونەوەی دۆخی ئەمنی شوێنی ئەوانتان پێ ده‌گوترێت. 

تا ئێستاش دوای تێپەربوونی چەندین ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا شوێنی بەخاکسپاردنی فەرهاد وەکیلی و هاوڕێكانی به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌. تەرمی شه‌هیدانی ٩ی ئایار\١٩ی گوڵان بووه‌ته‌ هۆی ترس و لەرزی کۆماری ئیسلامی ئێران.

s.m