رێپێوانى درێژمەوداى کوردستانیان لە یوتۆبۆریی سوید کۆتایى پێهات

رێپێوانى درێژمەودای کوردستانیان لە شاری یوتۆبۆری (گۆتێنبۆرگ)ی سوید، کە بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیری و پیلانگێڕی رۆژی شەممە دەستیپێکردبوو، دوێنێ بە ئەنجامدانى میتینگێک کۆتایى پێهات.

جەماوەری گەل دواى رێپێوانێکى ٤٠ کیلۆمەتری، دوێنێ ئێوارە گەیشتنە گۆڕەپانی برونپارک لە ناوەندی شاری یوتۆبۆری (گۆتێنبۆرگ).

 

 لە رێپێوانەکەدا دروشمەکانى "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "ئازادی بۆ ئۆجالان، پێگە بۆ گەلی کورد"، "داواى لەیلا گیوڤەن داوای ئێمەیە" و "دەستەخوێناوییەکانتان لە ئۆجالان دوور بخەنەوە" وترانەوە.

عەبدوڵا کۆنیا هاوسەرۆکى ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد لە یوتۆبۆری لە گۆڕەپانەکەدا وتەیەکى پێشکەشکرد و بە توندی رەخنەى لە یەکێتیى ئەوروپا و حکومەتى سوید کرد، کە بەرامبەر بە گوشار و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بێدەنگن.

کۆنیا باسی ئەوەیکرد، لەیلا گیوڤەن ماوەی ١٠٣ رۆژە لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و داوایکرد، گۆشەگیریى سەر ئۆجالان کۆتایى پێبهێنرێت و ناوی پەکەکەش لە لیستى "رێکخستنەکانى تیرۆر" دا دەربهێنرێت.

رێپێوانەکە ماوەى ٢ رۆژی خایاند و بە وتنەوەى گۆرانی و سرودی کوردی و بە وتنەوەى دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایى پێهات.

ر.م