سۆران عومەر: گەل باوەڕی بە دەزگا ئەمنییەکان نەماوە

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیاسی کراون و خەڵک متمانەی پێیان نەماوە، بۆیە دەبێت دەزگانی ئاسایشی هەرێم ڵێکۆڵێنەوەکانیان بە جۆرێک بێت کە جێگەی متمانەی هاووڵاتییان بن.

سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر فراکسیۆنى کۆمەڵی ئیسلامی دەربارەی ڕووداوی هێرشی چەکداریی سەر بینای پارێزگای هەولێر و تۆمەتبارکردنی کۆمەڵی ئیسلامی و دواین پێشهات و بارودۆخی ‌هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان وعێراق  بۆ ئاژانسی هەوالێ فورات (ANF) دوا.

لە سەرەتادا سۆران عومەر دەربارەی ڕووداوی ‌هێرشی چەکداریی مانگی ڕابردوو بۆ سەر بینای پارێزگەی هەولێر وتی: ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی هێرش بۆ سەر بینای پارێزگای هەولێرمان ئیدانەمان کرد و پێشمان وایە دەبێت دەزگا ئەمنییەکان بێلایەن بن و سەر و ماڵی حکومەت و هەموو هاووڵاتییان وەک یەک بپارێزن. دەبێت دەزگای ئەمنی متمانەی گەورەی هەبێت لای هاووڵاتی، کاتیک ڕووداوێک ڕوودەدات لێکۆڵینەوەکانیان لای خاڵک جێگای باوەڕ بن، چونکە ئاساێش و ئەمنییەت بابەتێکی گرینگە و نابێت تیکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت، ئەو بابەتە پەیوەندیی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، خەڵکی متمانەی نەماوە بە دەزگا ئەمنییەکان، بۆیە دەبێت دەزگای ئاسایشی هەرێم ڵیکۆڵێنەوەکانیان بە جۆرێک لێ بکەن، کە جێگای متمانەی هاووڵاتیان بن و گومان نە‌هێڵنەوە.

"نابێت دادگا بۆ ململانێی سیاسی بەکار بهێنریت"

سۆران عومەر سەبارەت بەوەی کە لێدوان لە دژی پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی دراوە وتی: پرسێکی سیاسییە و دەبێت دەزگای ئەمنی نەچێتە ناو ئەو جۆرە ململانی سیاسییانەوە، کە بۆمەرامی سیاسی حیزبی ئەو جۆرە تۆمەتانە دروست دەکرێت، با لێگەڕێن دادگا کاری خۆی بکات، کێ تۆمەتێکی لەسەرە با دادگا یەکلایی بکاتەوە نابێت دەزگای ئەمنی و دادگا بۆ ململانێی سیاسی بەکاربهێنرێن، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت دۆخی هەرێمی کوردستان خراپتردەبێت، ئەمجۆرە تۆمەتانە کە دەخرێنە پاڵ کۆمەڵی ئیسلامی بە جۆرێک تەسفیە حیسابی سیاسییە لەسەر هەڵوێستەکانی ڕابردوومان.

"بەرپرسانی ئەمنی لێدوانی ناڕاست دەدن"

سۆران عومەر ئەو بانگەشانەی کە گوایە ئاسایشی هەولێر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر دەرکردووە، ڕەتکردەوە وتی: من هیچ بڕیارێکی گرتنم لەسەر نییە، بەڵكو من لە دۆسییەکەدا شاهیدم، بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی ئەمنی لێدوانی نا بەرپرسانەیان داوە، بەپێچەوانەوە ئێمـە داکۆکی لە سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ دەکەین، هیوادارم جاریکیتر بەرپرسانی ئەمنی بێ لێكۆڵێنەوە و بڕیاری دادگا لێدوانی ناڕاست نەدەن.

"هەڵبژاردن دەبوو ساڵیک پێش ئێستا بەڕێوەچوبا"

سۆران عەمەر دەربارەی بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و دەنگۆی دواخستنی لەوادەی خۆی وتی: هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەبوو ساڵێک پێش ئێستا کرابا بەڵام دواخرا، ئیستا کە دەلێن دوا دەخرێت دەبێتە جاری دووەم کە دوابخرێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کەوتە ناو بۆشایی سیاسی، بەڵام ئامادەنەبوون یەک رۆژ پەرلەمان درێژ بکەنەوە بۆ ئەوەی نەبێتە نەرێتێکی خراپ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دواخستنی هەڵبژاردن بووەتە نەریتێکی خراپ و هەموو خولەکانی پەرلەمان دڕیژ کراونەتەوە و هێچ کاتێک هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەکراوە.

سۆران عومەر لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن ئەوەیە  هەندێک لایەن لە هەڵبژاردن دەترسن و ئامادە نین بچنە هەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتییان وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەرچەندە تاکوو ئێستا لە هەندێک شوێن هەڵبژاردن وەکو پێویست نەبووەتە هۆی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و هیچ گۆڕانکاری ناکرێت، بەداخەوە هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارێکدا پاشەکشێی کردووە لە حوکمڕانی، لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەگەر لە هەڵبژاردنیشدا پاشەکشێ بکەین هیچ واتایەک بۆ حوکمڕانیی هەرێم نامێنێتەوە.

"هەڵبژاردنی عێراق پڕ بوو لە ساختەکاری"

لە کۆتای قسەکانیدا ئەو ئەندام پەرلەمانە باسی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق کرد و وتی: بەداخەوە هەڵبژاردنەکانی عێراق پڕ بوو لە ساختەکاری و لە رێگەی ئامێرێکی گوماناویی ئەلكترۆنییەوە. هەروەها ئەو ساختەکارییانە لە ئێستادا دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە ئەگەر بەڕاستی ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکان بکرایە هەموو ئەنجامەکانی عێراق و کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا دەهات، ئێستا لە ترسی ئەوەی تەنگەژەی سیاسی لە عێراق کوردستان دروست نەبێت ناوێرن ئەنجامی ڕاستی دەنگەکان ڕابگەیەنن و کەمترین سندوقیان ژماردووە بۆ ئەوەی کەمترین گۆڕانکاری بکرێت، هەموو دەوڵەتانی هەرێمی باش دەزانن لە هەڵبژاردەنەکانی عێراق ساختەکاری کراوە، بەڵام پێیان خۆشە ئەو دۆخە وابڕوات تاکو ریککەوتنێک بکەن لەسەر حکومەتی داهاتووی عێراق و دواتر ئەنجامەکان ڕادەگەیەنن بێ ئەوەی گۆڕانکاریی نوێ لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست ببێت، ئەمەش وادەکات کێشەکان زۆرتر بن و خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن نەمێنێت.

ک-ش