سەدان هەزار کەس لە ئامەد بەشدارى کۆبوونەوەی بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە بوون

سەدان هەزار کەس لە ئامەد رۆیشتن بۆ گۆڕەپانى ستاسیۆن بۆ بەشداریکردن لە بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە و کۆبوونەوەیەکەى سەدان هەزار کەسییان رێکخست.

بە پێشەنگایەتیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە شاری ئامەد لە باکوورى کوردستان کۆبوونەوەى "ئامەدى گەورە" بە بەشداریى سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانى ستاسیۆندا دەستیپێکرد.

گۆڕەپانى کۆبوونەوە جەماوەرییەکەى هەدەپە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بە ئاڵا و وێنەى جۆراجۆری هەدەپە و لافیتە و پۆستەرەکانی "ژنان فاشیزم تێکدەشکێنن"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "ناونیشانى ئازادی و یەکسانیمان، هەدەپەیە"، "دەنگى ژنان بۆ ئازادییە" و "ئێمە رێگا بە فاشیزم نادەین" رازێنرابوویەوە و ئەو دروشمانە  بەرزکرابوونەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەکى زۆر لە ژنان و گەنجان تیایدا بەشدارن چەندین دروشمیان بۆ دڵسۆزى و خۆشەویستیى خۆیان بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کورد لەگەڵ دروشمى "بە بەرخۆدانەکەمان سەردەکەوین" دەوتەوە.

 هاوکات ئەندامانى ئەنجوومەنى گەنجانى هەدەپە لە بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپەوە تاوەکو گۆڕەپانى کۆبوونەوە جەماوەرییەکە لە ستاسیۆن بە بەرزکردنەوەى لافیتەکانى "تەنها رۆحێکمان هەیە"، "تۆ ناکەین بە سەرۆک" رێپێوانیان ئەنجامدا. لەکاتى چوونە ناو گۆڕەپانەکەدا پۆلیس دەستیگرت بەسەر لافیتەکاندا. بەدرێژایى رێپێوانەکەیان دروشمەکانى "خۆڕاگری بکە و بەرگە بگرە، هەدەپە لە پەرلەمانە" و "زیندانییە سیاسییەکان کەرامەتمانن" دەوتەوە.

لەلایەکى ترەوە ژنان لە بەردەم ئۆتێل پریستیژ کۆبوونەوە و بە کەژاوەى ئۆتۆمبێلەکانیان و بە وتنەوەى گۆرانى و سرود چوونە گۆرەپانى ستاسیۆن.

هاوکات سەدان هەزار هاووڵاتی ڕوویان لە گۆرەپانەکە کرد بۆ ئەوەى بەشدارى بکەن لە کۆبوونەوەى جەماوەرى هەدەپە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن.

کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بە خولەکێک بێدەنگ و رێزگرتن دەستیپێکرد و بە خروشان و ورەی سەدان هەزار کەس بەردەوامیى هەیە.

ر.م