"سەربازانی سوپاى تورک لەبەر گەریلا رایانکرد بۆ ئازەربایجان"

خالیدە ئەنگیزەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە لەبارەی ئەم قۆناغەوە هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد و وتی: "ئەوانەی  دەیانوت 'کەس ناوی پەکەکە نەهێنێت' ئەمڕۆ سەربازەکانیان لەبەر گەریلا رایانکرد بۆ ئەوبەری سنووری حکومەتی ئازەربایجان"!.

خالیدە ئەنگیزەک، بەشداری بەرنامەی 'دلستان'ی رادیۆی دەنگی وڵاتی بوو و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووس 'جوان تونج'ی دایەوە. لە سەرەتای هەڵسەنگاندنەکانیدا ئەنگیزەک حەقی قەراری وەکو "سیمبۆلی پەکەکە و برایەتیی گەلان و فەرماندەی مەزن" پێناسە کرد و لە کەسایەتیی ئەودا یادی هەموو شەهیدانی ئایاری کردەوە و وتی: "حەقی قەرار کە سەیری چاوەکانی رێبەر ئاپۆ دەکرد تێیدەگەیشت، جێبەجێی دەکرد. ئێمەش لەگەڵ هێڵی ئەو دەبینە یەک و دەبێت هەر یەک لە ئێمە ببێتە حەقییەک و دەشبین. رێگەی 'شاراوەی' رێبەر ئاپۆ... چوار کەسە (فەرهاد کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجمی ئۆنەر) لە کوردستان واتای مردنیان گۆڕی، چالاکی لەبەرانبەر فاشیزم بڕیارێک بوو و وتیان: "ئەگەر بشمرین بڕیاری خۆمان دەدەین... لە مردن ژیان دەخوڵقێنین..."

 خالیدە ئەنگیزەک لە بەردەوامیی هەڵسەنگاندنەکەیدا سەرنجی خستەر سەر هەڵمەتی "گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین!" و وتی: "شەش مانگ بەسەر هەڵمەتەکەماندا تێپەڕی، ئێستاکە لە بەرخۆدانێکی مێژوویی داین، پێشەنگایەتییەکەشی پێش هەموویان رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵانی زیندان دەیکەن".

 ئەنگیزەک جیاوازیی بەرخۆدانی ئەمجارەی بەمشێوەیە خستەڕوو: "لە ساڵانی ٨٠ کاندا هەڤاڵانی زیندان بەتەنیا دەمانەوە، بەڵام ئەمڕۆکە لە کەنەداوە هەتا ئەوروپا، لە فەڕەنساوە هەتا کوردستان، دەنگیان دەگاتە هەموو کەسێک".

ئەنگیزەک لەبارەی بەرخۆدانی دایکانی لەچک سپی بانگی لە سیاسەتمەداران کرد و وتی: "دایکان بە چالاکیی خۆیان دەبنە وتەبێژی خۆشیان، پێویست ناکات سیاستمەداران بەناوی دایکان لەگەڵ پۆلیس و ئەوانی دیکەدا قسە بکەن. وتەکانی دایکان نەک تەنیا سیاسەت و ڕێکخستن نییە، بەڵکو هەر وتەیەکیان فەلسەفەیەکە، کۆمەڵگەی ئێمە سیاسییە و بە ڕێکخستن کراوە، ئیتر دەزانێت بیر بکاتەوە و بڕیاری خۆی بدات و چارەنووسی خۆی دیاری بکات. بەمشێوەیە دەنگی زیندانییەکان دەچێتە دەرەوە، فاشیزم لە چالاکیی دەرەوە دەترسێت. هەندێک دیمەن هەیە، کە دەبێت مرۆڤایەتی شەرمیان لێ بکات. سەیر بکەن ١٠٠ پۆلیس و چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جۆری (تۆما - TOMA) زرێپۆشی تر و ..هتد دێنن تەنیا بۆ ئەوەی دایکان بترسێنن.

"ژنە پۆلیسەکان ژنبوونیان لەدەست داوە"

بەوبۆنەیەوە دمەوێت ئەوە بڵێم، فاشیزم ژنیان کردووەتە ئامرازێکی چەپەڵی سیاسەتەکەیان. من بەو ژنە پۆلیسانە دەڵێم: 'ژنبوون لە ئێوەدا نەماوە،' چونکە ژن، ژیانە. ژیانی ئابڕوومەندانە واتای خۆی هەیە. بە پێوەر و ئازاد واتای خۆی هەیە. لە کەسایەتیی ئەو ژنە پۆلیسانەدا هەموو ناشیرینییەکانی سیستمی دەسەڵاتداری پیاو، بە دەستی ئەو ژنە پۆلیسانە ئەنجام دەدرێن. دەستی دایکانمان کەلەپچە دەکەن. با شەرم لەخۆیان بکەن و نەبنە ئامرازی سیاسەتی پیاو".

سوپای دەوڵەتی داگیرکەر لەبەر گەریلا هەتا ئازەربایجان هەڵهات

خالیدە ئەنگیزەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە شیکاریى بۆ هەڕەشەکانی 'سولەیمان سۆیلو وەزیر ناوخۆی دەوڵەتى تورک کرد وتی، سۆیلو وتبوی: 'کەس ناوی پەکەکە نەهێنێت' و بەمشێوەیە درێژەی پێدا: "بە سلێمان سۆیلوش دەڵێین، سوپاکەت لەبەر پەکەکە هەڵاتن و لە ئازەربایجان سەریان دەرهێنا! ئەو تەکنیکەی کە ئێوە هەموو رۆژێ پەسنی خۆتانی پێ دەدەن و بڕواتان پێیەتی گەریلا بە چالاکییەکانی خۆی پووچەڵی کردوونەتەوە. لە سەرحەدەوە هەتا هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هەموو رۆژێک گەریلا چالاکی دەکەن. لەژێر هەلومەرجی هەرە سەخت و لەگەڵ ئەو تەکنیکە هەرە پێشکەوتووانەشدا گەریلا گورز لە دوژمن دەوەشێنێت، بەڵام رژێمێک کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئەوەندە تێکچووە، ونبووەکانی خۆی لە کۆمەڵگەی تورکیا دەشارێتەوە و لە رێگەی راگەیاندنی شەری تایبەتەوە دەڵێت، 'ئێمە ئەوەندەمان کوشتووە و ..هتد'، بەڵام دەبێت بزانن گەریلا، بە شێواز و رێچکە پرۆفیشناڵییەکانی خۆی شێوازی شەڕی گەریلایى سەدەی ٢٠ی گۆڕیوە".

"پێویستە گەنجان دەستی سیخووڕ و پۆلیس بشکێنن"

ئەنگیزەک بانگی لە گەنجان کرد و وتی: "پێویستە گەنجەکانمان ئەو شارانە بۆ سیخووڕ و پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک بکەنە دۆزەخ، کە دەست لە دایکانمان بەرز دەکەنەوە. ئەو دەستانە بشکێنن کە لە دایکان بەرز دەکرێتەوە. بۆ ئەوەش پێویستیان بە فەرمان و بڕیار نییە هەموو پێداویستییەکانی پارتییان لەبەر دەستە. پێویستە بەو رێگەیەی کە گەریلا لە چیا چالاکی دەکات ئەوانیش لە شارەکان چالاکی بکەن و بیشزانن خۆیان بپارێزن".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیش ئەنگیزەک وتی: "ئەوەی داعش بەڕێوە دەبات سۆیلو-ە، هەر بۆیە بەناوی داعشەوە هەڕەشە لە جیهان دەکات. دەزانێت داعش لەکوێ چالاکی دەکات، بۆیە ئەوان دەنێرێت بۆ ئەو شوێنانە. با گەلی تورکیا، بەتایبەتی گەلی ئەستەنبۆڵ سەرنج بدەن و هۆشیار بن، ئەوانە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببنەوە هەر وەکچۆن لە ئامەد و ئەنقەرە کۆمەڵکوژییان کرد دەتوانن لە ئەستەنبولیش بەناوی داعشەوە کۆمەڵکوژیی بکەن".

 

ر.م