عومەر ئۆجالان: لە ئیمرالی رژێمی گلادیۆ بونیاد نراوە

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری روحا رایگەیاند، لە ئیمرالی ژێمی گلادیۆ بونیاد نراوە و جەختیشی کردەوە، لابردنی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە زۆر گرنگە.

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری شاری روحا رایگەیاند، بۆ ئاساییکردنەوە ئەم بارودۆخە سەختە کە تورکیا تێیدا تێپەڕدەبێت، هەڵگرتنی گۆشەگیری زۆر گرنگە و بۆ ئەم مەبەستەش بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گشت رێکخستنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد.

پەرلەمانتار عورمە ئۆجالان لە بارەی گۆشەگیری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان کە لە بەندیخانەی ئەمنی باڵای پیتی (F)ی ئیمرالیدا بەندکراوە، لە پەرلەمانی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد. ئۆجالان تیشکی خستە سەر ئەوەی لە ٢٧ی تەمموزی ساڵی ٢٠١١وە عەبدولا ئۆجالان توانیویەتی تەنها چەند جارێک چاوپێکەوتن لەگەڵ خانەوادە و پارێزەرانیدا ئەنجام بدات و وتی:"ئەم بارودۆخە و ئازادی و مافی بنچینەیی مرۆڤ، کە بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتیەکان پارێزراون، دەبێتە بابەتی گۆتوبێژ."

ئەشکەنجەی ئیمرالی و راپۆرتی CPT

ئۆجالان تیشکی خستە سەر راپۆرتی CPT لە بارەی گۆشەگری و وتی:"ئێمە وەکو کەسوکاری ئۆجالان، بە هیچ شێوەیەک ئەم گۆشەگیریە قبوڵ ناکەین. ئەم گۆشەگیریە تەنها لەسەر بەڕێز ئۆجالان نیە، بەڵکو گۆشەگیریکردنی دیمۆکراسی و ئازادی و ئۆپۆزیسیۆنە. دەبێت هاوڵاتیانی تورکیا و هێزە دیمۆکراتەکانیش ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە لێک بدەنەوە. دەبێت لەمەولا بەرەو رێگای ئاشتی و چارەسەری هەنگاو بنێین. دەبێت ئەوە لەبیر نەکرێت کە چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد، هەموو سیستم و هەڵومەرجەکانی ژیان، بەرەو کابووس دەبات."

'تورکیا تاوان ئەنجام دەدات'

عومەر ئۆجالان راشیگەیاند، لە دژی ئۆجالان هەڵسوکەوتێک بە حەز و ئارەزووی خۆیان بەڕێوە دەچێت و بەم شێوەیە دوا:" تورکیا بە پێی پەیمانە نێودەوڵەتیەکان و یاساکانی خۆی، تاوان ئەنجام دەدات و سووریشە لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکانی. ئەم کردەوانەی دژی مافی مرۆڤ و ئەم بێدادیەی لە ئارادایە، کێشە کۆمەڵایەتیەکان قوڵتر دەکەنەوە. ئەمەش ئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئاڵۆزی و چارەسەرنەکردنی کێشەکان، وەکو چارەسەری پیشان دەدرێت، بەم سیاسەتانەش سوورن لەسەر شەڕ و پێکدادان. بەرێز ئۆجالان کە لە ساڵی ١٩٩٩وە بەدیل گیراوە، ئێستا لە هەموو کات زیاتر لە ژێر گۆشەگیری تونکراودایە."

ئۆجالان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە دوورگەی ئیمرالی رژێمی گلادیۆ بونیاد نراوە و وتیشی:"ئەوەی لە ئیمرالی پێی دەڵێن ماف، مافی گلادیۆیە. ئاکەپەش بە حەز و ئارەزووی خۆی ئەم گۆشگیریە بەڕێوە دەبات. سەلمێنراوەکانی رێبەری گەلی کورد و هەڵوێستەکانی، نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، رێنوێنی چارەسەری پێشکەش دەکات."

'دەبێت دەنگمان بەرز بکەینەوە'

پەرلەمانتار عومەر ئۆجالان تیشکی خستە سەر ئەوەش کە، دەسەڵات تەنانەت دەنگی رێبەری گەل وەکو مەترسی بۆ سەر خۆی دەبینێت و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:"دەبێت گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان هەڵبگیرێت. داواکاریەکانی ئەو و خانەوادەکەی جێبەجێ بکرێن. ئەم هەنگاوە بۆ تورکیاش بەرەپێشچوونێکی گەورە دەبێت. ئێمە گۆشەگری بەردەوام و ئەو بێدەنگیەی لە ئارادایە، قبوڵناکەین. ئیمە بانگەوازی ئاڕستەی هەموو ئەو رێکخراوە سیاسیانە دەکەین کە دەیانەوێت دیمۆکراسی و هێزی سیاسی تورکیا پارێزراو بێت، هاوکات بانگەوازی ئاڕاستەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش دەکەین کە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو گۆشەگیریە دەنگیان بەرز بکەنەوە. وەرن با هەموومان بە یەکەوە لە دژی نایەکسانی بوەستینەوە و بەیەکەوە تێکۆشانی دیمۆکراسی و ئاشتی بکەین. دەبێت رێکخراو و دەزگا نێودەوڵەتیەکان، بە تایبەت CPT ، کۆنسەی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەروپا و نەتەوەی یەکگرتووەکان لە دژی گۆشەگیری دەنگیان بەرز بکەنەوە و بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن."

ز.ش