عەبدولکەریم عومەر: هیچ دەستوورێکى نوێ بۆ سوریا بەبێ ئامادەبوونمان تیایدا قبوڵی ناکەین

د.عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەروەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژەهەلاتی سوریا ڕایگەیاند: بەبێ بەشداریی ئێمە ئیمکان نییە بتوانرێت دەستوورێکی دیموکراتیک بۆ سوریا بنوسرێتەوە، ئەگەریش بنوسرێت ئێمە دانی پێادا نانێن.

دەربارەی هەوڵەکان بۆ نووسینی دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا بەبێ بەشداری پێکردنی نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە ٪٣٠ سوریا پێکدێنی، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەرەوەی ئەو هەرێمە دەڵیت، هەر دەستوورێک دابمزرێت بەبێ بوونی ئێمە بنووسرێتەوە لای ئێمە قبوڵ نییە و پێوەی پاپەند نابین.

د.عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەرەوەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەربارەی کۆبوونەوەی دەستووری سوریا بەبێ شداری پێکردنی نوێنەری هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ترافیکی دیپلۆماسی، کە لە هەرێمەکە بەڕێوە دەچێت، دامەزاردنی دادگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تەوانەکانی داعش، پرسی میکانیزی ئەمنی لە ناوچەی سنووری لەگەڵ تورکیا، وەڵامی  پرسیارەکانی پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

پ: لە ڕۆژئاوای کوردستان ترافیکێکی دیپلۆماسی دەبینرێت. شاندی هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئینگلتەرا سەردانی  باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریان کرد. ئامانجی سەردانەکەیان چی بوو و دەربارەی چی گفتوگۆتان کرد؟

 - لە دوای کۆتایهێنان بە داعش لە باهۆز لە ڕووی جوگرافی و سەربازییەوە، قۆناغێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە. ئەو قۆناغەش گرنگە، چونکە ئێستا داعش لە ڕیی شانە نوستوەکانی و ئەو ئایدۆلۆژیایەی، کە بەسەڵان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بڵاوی کردووەتەوە بە شێوەیەکی کرداری بوونی ماوە، لەبەر ئەوەش ئێمە خەباتمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆتایی بە داعش بهێنین. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ترافیکە دیپلۆماسییە ئەوەیە لە پەیوندیداین لە دژی داعش، هەروەها تا ئیستا بە هەزاران چەتەی داعش لە زیندانەکانی ئیمەدان ئەوەش یەکێک بوو لە مژارەکانی تری کۆبوونەوەکانمان. ڕاستە ئەو داعشانە لای ئێمە زیندانین، بەڵام ئەو بابەتە پرسێکی نێودەوڵەتییە نەک تەنها ئێمە، بەڵام لە ئەنجامدا ئێمە کۆتایمان بە دەوڵەتەکەی داعش هێنا ئەوەش بۆ ئێمە شانازییەکی گەورە بوو هەم وەک کورد هەم وەک پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەتی سەرکەوتنێکی گەورەبوو بۆژنانی کورد، ئیێمە لەو باوەڕەدایەن بە تەواوەتی  تیرۆری داعش  کۆتایپێنایەت تا کێشەی سوریا چارەسەر نەبێت و سوریا بە دیموکراتی نەبێت. بۆ چارەسەریش دەبێت ئێمە خاوەن ڕۆڵێکی گەورە بین، چونکە ئێمە لە شەڕی دژی داعش خاوەن ڕۆڵێکی گەورە بووین, لە ئەنجامدا ٪ ٣٠ خاکی سوریامان لە تیرۆر ڕزگار کرد. لە باکور ڕۆژهەلاتی سوریا ئێمە مۆدێلێکی نوێمان بنیات ناوە، کە هەموو پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، تورکمان، سوریانی و ئاسوری تیایدا بەشدارن، توانیومانە لە هەرێمەکە پاراستنی کەم نەتەوەکانی وەک مەسیحی و ئاسوورییەکان بپارێزن و هەروەها ژن لە هەرێمەکە بووەتە خاوەن ڕۆڵێکی گرنگ. ئەو هۆکارانە بوونتە هۆی ئەوەی ئەو هەرێمانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبەریی دیموکراتیکدان ببێتە مۆدێلێکی نوێ بۆ تەواوی سوریا. ئەوەش یەكێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ترافیکی دیپلۆماسی تیایدا بەڕێوە بچێت و شاندە نێودەوڵەتییەکان سەردانی هەرێمەکەمان دەکەن.

پ: ئێوە پێشتر داواتان کردبوو دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ گیراوانی داعش لە زیندانەکانی ئێوەدا دابمەزرێت. ئێوە بۆ ئەو بابەتە چێتان کردووە. هەنگاوەکان بۆ دامەزراندنی ئەو دادگایە لە چ ئاستێکدایە؟

 - دەربارەی دادگای نێودەوڵەتی دوو بابەتی سەرەکی هەیە لەسەر چەتەکانی داعش و ژن و منداڵەکانیان، کە لە کەمپەکاندان. ئێمە گفتوگۆی لەسەر دەکەین لەگەڵ شاندە نێودەوڵەتییەکان، بابەتی دادگایکردنی چەتەکانی داعش ئێمە لە دوای دوو ڕۆژ لە ئازادکردنی باغۆز لە ٢٥ ئاداری ساڵی ٢٠١٨ / ٥ی نەورۆز داوامان کرد، دادگایەک دابمەزرێت بۆ دادگایکردنی چەتەکانی داعش. هەروەها وتمان دەبێت ئەوە دادگایە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێت لە بەر دوو هۆکار:

 یەکەم: ئەو چەتانە تاوانیان بەرامبەر خەڵکی ئەم هەرێمە کردووە.

دووم: بەڵگەی پێویست، کە تاوانەکانی داعش دەربخات، لای ئێمەیە.

 لەبەر ئەوە بە گوێرەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی ئێمەیە، کە لێرە ئێمە ئەوان دادگای بکەین. بۆ ئەوە بابەتە ئێمە داوامان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، کە هاوکاریمان بکەن لە بواری یاسایی و لۆجستیکی. بۆ ئەو بابەتەش لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە گفتو گۆداین، بە تایبەتی لگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و نەرویج. بەشێک لە دەوڵەتەکان هەڵویستیان ئەرێنی بوو وەک دەوڵەتەکانی سوید و بەلجیکا. لە هەفتەی ڕابردوو هەر یەک لە شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا میوانمان بوون، یەکێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەی ئێمە و ئەو شاندانە بریتی بوو لە دامەزرادنی دادگای نێودەوڵەتی، شاندەکەش پێیان باش بوو، کە ئەو چەتانەی لێرە تاوانیان کردووە هەر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دادگایی بکرێن، دیالۆگمان لەوباروە بەردەوامە. بە هیوام بگەینە ئەنجامێک بۆ دامەزراندی ئەو دادگایە.

"پەیوەندییە سەربازییەکانمان دەگۆڕین بۆ پەیوندیی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانان"

پ: هەمێشە دەوڵەتە زل هێزەکان دەڵێن، کورد ئازایە، کورد شەڕکەرە و باسی ڕۆڵی کورد و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەکەن  لە تێکشکاندی داعش، ئایە بۆ ناسین و دانپیادانانی هەرێمی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چ هەنگاوێکیان ناوە؟  دانوستاندنەکانتان لەو بارەیەوە لە چ ئاستێکدایە؟

 - ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ئێمە و هاوپەیمانان دروستبوو لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا بوو، چونکە داعش هەم مەترسی بوو بۆ سەر ئێمە هەم بۆ سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆیە پەیوەندییەكی بەمشێوە دروست بوو. لە ئەنجامدا کۆتایمان بە دەوڵەتی داعش هێنا. وەکیتر هێدی هێدی ئەو پەیوەندییە سەربازییانە دەبەن پەیوەندیی سیاسی. بەشێک لەو دەوڵەتانەی کە لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بوونیان هەیە و بە شێوازێکی مانگانە یەکتر دەبینین و گفتوگۆ دەکەین. ئەو بابەتانەی ئێمە قسەی لەسەر دەکەین چارەسەرکردنی کێشەی سوریایە بە شێوەیەکی گشتی، چونکە ئەگەر کێشەی سوریا چارەسەر نەبێت نەک داعش کۆتاینایەت، بەڵکوو ئەگەری ئەوە هەیە داعشی نوێ دروست بن. ئەو دەوڵەتانەش ئاماژە بەوە دەکەن بەبێ بوونی نوێنەر و ئەندامییەتیی ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەو کۆ بوونەوانەی، کە دەکرێن بۆ چارەسەری کێشەی سوریا چارەسەر نابێت، چونکە ئێمە تێکۆشانێکی گەورەمان کردووە لە دژی داعش و  ٪٣٠ خاکی سوریمان پاک کردووەتەوە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئێمەدایە، ٥ ملێۆن هاووڵاتیی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی سوریا دەژین و ناکرێت خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا فەرامۆش بکرێت. ئیمکان نییە کێشەی سوریا چارەسەر بکرێت لە ٪٣٠ هاووڵاتییان لە دەرەوەی ئەو چارەسەرییە بن، ئێمکان نییە کێشەی سوریا چارەسەر ببێت کورد لە ناو ئەو چارەسەرییەدا نەبێت، بۆیە هاوپەیمانانیش دەڵین، ناکرێت کێشەی سوریا چارەسەر بکرێت ئەگەر ئێمەی تێدا نەبین.

"هیچ دەستووریک بەبێ ئامادەبوونی ئێمە قبوڵ نییە"

پ: لە چەند ڕۆژی رابردوودا کۆبوونەوەیەک کرا بۆ دانانی دەستووری نوێی سوریا، بەڵام نوێنەری ئێوەی تێدا نەبوو، هۆکار چییە ئێوە تیایدا بەشدار نین؟.

 - هۆکاری بەشداری پێنەکردنی نوێنەری ئێمە بەهۆی ڤیتۆی تورکیاوەیە، بەڵام ناکرێت بەبێ بە شداریی ئێمە و هەموو پێکهاتەکانی سوریا دەستوورێکی نوێی دیموکراتیک بۆ سوریا بنووسرێتەوە، ناکرێت دەستوورێکی نوێ بەبی ئامادە بوونی کورد وەک یەکێک لە پێکهاتە ڕەسەکانی سوریا بنووسرێتەوە و تیایدا بەشدار نەبێت. هەر دەستوورێک ئامادە بکرێت کە ئێمە  وەک کورد وەک هەموو خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا تیایدا بەشدار نەبین ئەو دەستوورە قبوڵ ناکەین، هەر ئەنجامێکی لێدەربچێت هیچ پەیوندییەکی بە ئێمەوە نییە، بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بەبێ ئامادەبوونی ئێمە هیچ ئەنجامێکی نابێت، لەو بارەوە ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین لە ڕووی دیپلۆماسی و ناردنی نامە بۆ لایەنەی پەیوندیدارەکان.

"تورکیا میکانیزمی ئەمنی دەقۆزێتەوە بۆ گۆرینی دیمۆگرافیا"

پ: میکانیزمەکانی ناوچەی ئەمنی لەسەر سنووری نێوان ئێوە و تورکیا چین و کاروبارەکانی بە کوێ گەیشتووە؟

  - میکانیزمی ئەمنی لە ناوچەی سنووری بەڕێوە دەچێت، لە ئەنجامی لێک تێگەیشتنێک لە رێگەى جەیمز جێفری و بەڕێوەبەرانیى ئەمریکی لە نێوان ئێمە و تورکیادا دروستبووە. ئەوە ڕیککەوتنەی لە نێوانماندایە ئێمە بەشێوەیەکی کرداری پێکیدەهێنین و پێشمانوایە ئەوە پێش لە داگیرکەریی تورکیا دەگرێت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتمان. هیچ کاتێکیش ئێمە مەترسی نەبووین بۆ سەر تورکیا، بەڵام تورکیا مەترسییە بۆسەر ناوچەکەمان و داگیرکەرییەکەی لە عەفرینە و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدات. تورکیا هەوڵ دەدات ئەو میکانیزمە ئەمنییە بقۆزێتەوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و دوو ملیۆن ئاوارەی سووریی عەرەبی ناوچەکانی ئیدلیب و باب و جەرابلوس لەو ناوچەیە نیشتەجێ بکات. ئێمە دەڵێین، ئەگەر تورکیا بە راستی ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکانە با لە ناچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە ئیدلیب و جەرابلوس و باب نێشتەجێیان بکات، هاوكات هەمیشە ئێمە داوامان لە خەڵکانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆمان، کە ئاوارە بوون کردووە بەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان لە گەڵەمان و بەشداربن لە بەڕێوەبردنی ناوچەکە.

ژ.ت