فڕۆکەجەنگییەکانی سوپای تورک هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای بۆردومانکرد

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاشکرای کرد، فڕۆکەجەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر،ناوچەکانی گابار، خواکورک و ئاڤاشین-ی سەربەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیایی بۆردومانکرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە دەربارەی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە سەرهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. هەپەگە ڕایگەیاند، لە ڕێکەوتی ٩ و ٢٣ی نیساندا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرناوچەکانی گابار، خواکورک و ئاڤاشین-ی سەربەهەرێمەکانی پاراستنی مەدیایی بۆردومانکردووە.

لەڕاگەیەنراوەکەداهاتووە، " ڕۆژی ٩ی نیسان لەکاتژمێر ٢٠:٣٠ خولەکدا دەشتاییەکانی گوندی نەکێ-ی ناوچەی گابار-ی شڕنەخ لەلایەن فڕۆکەکانی سوپای تورکیاوە بۆردومانکراوە."

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ڕۆژی ١١ی نیسان لە ناوچەکانی نەکێ، چەلێ سور و زڤنگۆر-ی گابار سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی کردووە. ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ڕۆژی ١٣ی نیساندا بەبێ ئەنجام کۆتایی هاتووە.

هەپەگە دەربارەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەرهەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەم زانیارییانەی بڵاوکردووەتەوە:

" دوێنێ ٢٣ی نیسان فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا چەند ناوچەیەکی سەربە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای بۆردومانکرد.

کاتژمێر ١٤:٠٠ دۆڵی شەهید بریتان-ی خواکورک، ئێوارە لەنێوان کاتژمێرەکانی ٢٠:١٥ بۆ ٢٠:٥٠ دۆڵی وەرخەلێ-ی ئاڤاشین ودۆڵی بێدەخێ وسێدا-ی زاپ بۆردومانکراوە."

لەڕاگەیەنراوەکەدا هەپەگە دەستنیشانیکرد کە لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکوەتووە، بەلام زەرەر و زیان بەرژینگەی کوردستان کەوتووە و هەروەها باخ و ڕەزی هاووڵاتیان تووشی کاولکاریی بووە."

ک-ش