فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسی و ڕێكخراوی ئۆرته‌ ئیدانه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی كورته‌ك ده‌كه‌ن

فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ڕێکخراوی ئۆرتە کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێی کورتەک بەتووندی ئیدانە و مەحکووم دەکەن.

فیدراسیۆنی زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و له‌سێداره‌دان (ئۆرتە) به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و ئیدانه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی دوێنێی كورته‌كیان كرد كه‌ له‌ ئه‌نجامی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر ٣ هاوڵاتیی سیڤیلی بناری قه‌ندیل شه‌هید بوون و ٥ هاوڵاتیش بریندار بوون. له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، پێویسته‌ حکوومەتی عێراق و هەرێم کۆمەڵکوژییەکەی کورتەک بکەنە کەیسێکی نێودەوڵەتی.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:

پێنجشه‌ممه‌ (٢٧ی حوزه‌یرانی ٢٠١٩) لە کورتەک فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی تورکیا جارێکی تر هاوشێوەی ساڵی (٢٠١١) کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا و ژمارەیەک ژن و منداڵ و خەڵکی سڤیلیان کردە ئامانج. فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا دوایئەوەی دوێنێ شەو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتیانی سڤیلیان کردە ئامانج بەو هۆیەوە سێ هاووڵاتی شەهید و پێنچ هاوولاتی تریش برینداربوون کە هەموویان سەربە یەک خانەوادەن.

فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆرتە) هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە ڕادەگەیەنین، تاوانەکە بە توندی ئیدانە و مەحکوم دەکەین، هاوکات داوا لە حکومەتی ناوەندی عیڕاق و حکومەتی هەریمی کوردستان دەکەین دەکەین لە ئاستی نێودەوڵەتی لە دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عیڕاق و کوردستان لەلایەن تورکیاوە خاوەن هەڵوێستبن و نەهێڵن چیتر خوێنی هاووڵاتیانی هەرێم بەفیڕۆ بچێت، سکاڵا لەدژی تاوانەکانی تورکیا لە دادگای نێودەوڵەتی تۆماربکەن و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای دانیشتنی تایبەت بەو کۆمەڵکوزییە بکەن.

لە کۆتاییدا داوا دەکەین پەرلەمان و پارتە سیاسیەکان و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان لەدژی کۆمەڵکوژییەکەی بناری کورتەک بێدەنگی بشکێنن.

s.m