قه‌ره‌یلان: هێرشی سه‌ر عه‌فرین به‌رفره‌وانكردنی پیلانگێڕییه‌

موراد قه‌ره‌یلان لە دیمانەیەکدا له‌گه‌ڵ ''ستێرک تی‌ ڤی'' ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیای لە هێرش کردنە سەر عەفرین و بەرخۆدانی مێژوویی گەلی لەو قۆناغە هەستیارەدا هەڵسەنگاند.

موراد قه‌ره‌یلان، ئەندامی كۆمیته‌ی بەڕێوەبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ڕایگه‌یاند: تورکیای داگیرکەر هەموو پێوانەکانی مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و ده‌وڵه‌تانیش لە بەرانبەر ئەو پێشێلکارییە بێ ‌دەنگن. وتیشی: ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، دانی بەو پێشێلکارییانەدا ناوە كه‌ دەوڵەتی تورکیا بۆ کوشتنی کوردان سوود لە چەتەکانی داعش و نووسرە وەردەگرێت.

قه‌ره‌یلان، لە سەرەتادا ئاماژەی بۆ پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات كرد و وتی: پێش هەر شتێک، به‌ڕێزه‌وه‌ یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە قارەمانانە هەڵوێستی خۆیان دەربارەی ئەو پیلانگێڕییه‌ پیشان دا. لە ١٩ساڵی ڕابردوودا، تێکۆشانێکی سەربەرزانە لە دژی پیلانگێڕی بەڕێوەچووە و بەرزبوونەوەی ئاستی تێکۆشان و بڵاوبوونەوەی فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ، هێمای شکست هێنانی پیلانگێڕییه‌. هەتا ئێستاش هەر دەیانەوێ درێژه‌ به‌ پیلانگێری لە دژی گەلی کورد بده‌ن، هەربۆیە تاکە ڕێگه‌ تێکشکاندنی عەقڵییەتی ئەو پیلانگێڕانەیە کە بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ دێموکراتی لە تورکیادا سیستەمی ئیمرالی پەیڕەو دەکەن.

''دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، هەر لە هەوڵی پیلانگێڕی نوێ دایە و هێرشی سەر عەفرین-یش هەر لەو چوارچێوەیە دایە. ئامانجی پیلانگێڕان لەو قۆناغەدا تەنیا ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکوو تەنانەت بەربڵاوتر لە عەفرین-یش بەدوای گورز وەشاندن لە کوردانی ڕۆژاوان. دەوڵەتی تورکیا، ڕۆژاوای کوردستانی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی و لە هەوڵی ڕێگریکردن لە وەدەست خستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردە بۆ ئەوەی نەتوانن قەوارەیەکی سیاسیی بۆ خۆیان بنیات بنێن''

موراد قه‌ره‌یلان، دەربارەی ئاستی تواناکانی تورکیا بۆ دەستپێکردنی پیلاگێڕییەکی دیکە لە دژی کوردان، وتی: ''ئێمە باسی ئامانجەکانی تورکیامان کرد، بەڵام ئاشکرایە کە بارودۆخەکە وەکوو ٢٠ساڵ لەوە پێش نییە. پارادایمی نوێی ڕێبەرئاپۆ، کوردی بەهێزتر کردووە و لە سەرتاسەری کوردستان تێکۆشانێکی بەرین لە ئارادایە. گەلی کورد، تا ئاستێکی باش خۆی بەڕێکخستن کردووە و دەرفەتی مێژووییشی لەبەر دەست دایە و زۆر دەسکەوتیشی وەدەست خستووە. تێکۆشانی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەدژی چەتەکانی داعش و نوسرە، پێگەی کوردانی بەرزتر کردۆتەوە. گەلی کورد بە نوێنەرایەتی مرۆڤایەتی داعش-ی لەناو برد''.

قه‌ره‌یلان، ئاماژەی بە هەوڵەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ بەهێزکردنی جیهادییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و شەڕی کورد لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی گرێدراوی ئەردۆغان دا و هەروەها خۆڕاگری گەلی کوردستانی لە هەر چوارپارچەی کوردستان وەکوو هێماکانی تێکڕووخانی گەمارۆکانی سەر گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، ناوزەد کرد. کاراییلان باسی بەرخۆدانیی شنگال، کۆبانی وعەفرین-یشی کرد و ئاژاوە نانەوەکانی ڕژێمی تورکیای بە هاوکاری قاعیدە بۆ گورز وەشاندن لە تێکۆشانی دژە تیرۆریستی یەپەگەی وەبیرخستەوە و دڵنیایی دا کە هەوڵەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ بەردەوامیدان بە پیلانگێڕی لەدژی گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، شکست دەهێنێت.

قه‌ره‌یلان، لە دریژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە خۆڕاگری مێژوویی عەفرین کرد و وتە ناکۆکەکانی ئەردۆغانی وەکوو نیشانەی زەقی شکستی دەوڵەتی تورکیا لە پەلاماردانی عەفرین، لە قەڵەمدا. کاراییلان، پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورکیا و مێدیاکانی وەدرۆخستەوە و وتی: ''دەوڵەتی تورکیا پشتی خۆی بە پڕوپاگەندەی درۆ گریداوە. ئەوان دەڵێن هەتا ئێستا ١٥٩٥ کەسمان کوشتووە، لە کاتێکدا کە ڕاگەیەنراوەکانی هەسەدە و یەپەگە، بە ئاشکرا پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. یا ئەوەی کە دەڵێن ٦٠٠سەربازگەی یەپەگەمان وێران کردووە، باشە ئەی ئەگەر وایە بۆ توانای پێشڕەوی کردنتان نییە؟ ئەگەر ئەو هەموو سەربازگەیەتان وێران کردووە، ئەی کێ لە بەرانبەرتان ڕاوەستاوە؟ پڕوپاگەندەکانیان تەنیا درۆ چەواشەکارین و بۆ شاردنەوەی ئەو تێکشکانە ئابڕووبەرانەیەیە کە سوپاکەیان تووشی هاتووە''.

موراد قه‌ره‌یلان، وتیشی: تورکیا هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤی لە عەفرین پێشێل کردووە و بە داخەوە دەوڵەتانیش لێی بێ‌دەنگن. دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی تیرۆریستی و دڕندەیە و بۆ کوشتنی کوردان کەڵک لە چەتەکانی داعش و نوسرە، چەکی ناتۆ و چەکە کیمیاوییەکان وەردەگرێت.

''ئەردۆغان باس لە شەقەزلـلەی عوسمانی دەکات لە کاتێکدا کە ئەوەی شەقەزلـلەی خوارد بۆ خۆی و حکوومەتەکەی بوو. ئەو شەقەزلـلەیەی یەپەگە لێیدان، قەت لەبیر ناچێت. گەلی عەفرین بەهەموو جیهانی پێشاندا کە زللـە چۆن دەوەشێنرێت".

دوو هەفتە لەمەوبەر، وەزیری دادی تورکیا باسی گیرانی ١٣٠٠ داعشی کرد. بینالی یێلدرم-ی سەرۆک وەزیرانیش لە کۆنفرانسی ئاسایشی مۆنیخ-ی ئەڵمانیا وتی کە ١٠هەزار داعشیمان گرتووە. کامەتان ڕاست دەکەن؟ پێشتر ١٣٠٠چەتەیان دادگایی کرد، بەڵام بۆ شەڕی عەفرین هەموویانیان سەربەست بەردا. داوا لە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە چاودێری ئەو مژارە بکەن. داعشەکانیان هێناوە بۆ عەفرین هەتا شەڕیان بۆ بکەن. هەڵبەتە داعش و ڕژێمی تورکیا هاوپەیانی یەکترین و لە راستیدا ئەوەی داعشی بەهێز کرد، دەوڵەتی تورکیا بوو.

قه‌ره‌یلان، ڕایگەیاند: '' دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە وەکوو گەلی کورد دەبێ لەسەر پێی خۆمان و بە ئیرادە و هێزی خۆمان تێ‌بکۆشین و پێگەی سیاسی خۆمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دیاری بکەین. نابێ باوەڕمان بە هیچ هێزێک هەبێ. پەکەکە ئەو خالە گرینگەی هەر لە سەرەتاوە لە بەرچاوگرتووە. هێزی جەوهەری بنەمای سەرەکی خۆمانە کە پشتی پێدەبەستین و هەر بەو هێز و توانایەی خۆشمان ئەوەی بەپێویستی بزانین وەدەستی دەخەین''.

موراد قه‌ره‌یلان، هەروەها باسیشی لە ساتوسەودا و بازرگانی ڕژێمی تورکیا و وڵاتانی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتی لەسەر خوێنی کوردان کرد و وتی؛ ''ئازادی دەنیز یوجەل، لە بەرامبەر پێدانی پێداویستیی و کەرەستەکانی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بوو. کاراییلان، لە بەرامبەردا خوازیاری پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان ڕێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و دۆستانی دێموکرات و ئازادیخواز و هەروەها بەهێزکردنی ژیانی ئاشتەوایی و برایەتی نێوان گەلان بوو.

قه‌ره‌یلان، بانگی لە ئازادیخوازان و وڵاتپاریزانی سووریا-ش کرد کە لە هەمبەر دەستدرێژییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر سووریا هەڵوێستیان هەبێ، چونکە دەوڵەتی تورکیا چاوی بڕیوەتە خاکی سووریا و ڕەفتاری ئەو لە جەرابلۆس و هەروەها هێرش بۆ سەر عەفرین-یش دەرخەری ئەو راستییەیە. ڕژێمی تورکیا جارێکی دیکە لە هەوڵی داگیرکردنی حەڵەب دایە و بەو جۆرە لە هەوڵی سەپاندنی هەژمونی خۆی بە سەر ڕژێمی سووریاوەیە.

موراد قه‌ره‌یلان، لە هەمبەر شەهیدانی بەرخۆدانی مێژوویی عەفرین-یش ڕێزی خۆی پێشاندا و وتی: ''لە وەڵامی ئەو فیدکاری و خۆنەویستییە مێژووییەی گەلی عەفرین و ڕۆڵەکانی، گەلی ئێمە، ڕێکخراوەکانی ئێمە و بزووتنەوەی ئێمە، ئەرکێکی مێژووییمان کەوتۆتە سەرشان و دەبێ پێکی بێنین. نابێ لاوانی کوردستان و ناوچەکە تەنیا چاولێکەر بن. هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، پێویستە بە هەرشێوازێک کە بۆیان دەلوێ، بەشداری لەو بەرخۆدانییە سەرتاسەرییە دابکەن.

ئەندامی كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری پارتیی کرێکارانی کوردستان - په‌كه‌كه‌، موراد قه‌ره‌یلان لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ''ستێرک تی‌ڤی"دا داوای لە گەلی کورد و بەتایبەتی لە ڕۆژاوا کرد کە چالاکییەکانی پشتگیری کردن لەو بەرخۆدانییە مێژووییە بگەیێننە لوتکە و بە ڕێپێوان ڕوو بکەنە عەفرین.