قەرەسوو: تورکیا وەک ساڵی ١٩٩٨ لە لێواری هەڵوەشاندایە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە وتارەکەیدا لە رۆژنامەى یەنی ئۆزگیور پۆلیتیکا دا، ٢٠هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیى نێودەوڵەتیى ٩ی تشرینى یەکەم لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد شیکارکرد.

پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى لە دژی رێبەر ئاپۆ دەچێتە ٢١هەمین ساڵەوە. یەکەمجارە لە مێژووی جیهاندا رێبەری گەلێک ئەو هەموو ساڵە لە زیندانێکى تاکە کەسیدا راگیرابێت. ئەو دیلکردنە راستیى کورد لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەخاتە بەرچاو، یانی ئەوەمان نیشان دەدات کە سیاسەت چۆن لەسەر کورد بەڕێوەدەبرێت. نیشانمان دەدات، کە دوژمنایەتیکردنى کورد لە چ ئاستێکدایە. تاوەکو بە هۆشیارییەوە لەو  پیلانگێڕییە تێنگەین نە دەتوانین لە رووداوەکانى ئەو ٢٠ ساڵە لە ئیمراڵی و کوردستان تێبگەین و نە تێگەیشتنێکیش لەسەر راستیى کورد دروست دەبێت و نە ژیانێکى ئازاد و دیموکراسییانە بۆ گەلی کوردیش بەدی دێت. تێگەیشتنى هۆشیارانە لەو پیلانگێڕییە و بەرخۆدانى ٢٠ ساڵ لە دژی ئەو پیلانگێڕییە رێگاى هاتنەدی بۆ ژیانی ئازاد و دیموکراسیى گەلی کورد خۆش دەکات.  

ئەنجامدانى پیلانگێڕییەکی لەو شێوەیە لە دژی رێبەری گەلی کورد و چاودێریکردنى سیاسەتى سڕینەوە و پاکتاوکردن بەرامبەر بە کورد پەیوەندیى بە تایبەتمەندیى جۆگرافیى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و شێوەى شڵگرتنى نەتەوەى تورکەوە هەیە. تاوەکو تێگەیشتن لەسەر ئەوانە دروست نەبێت، ئەستەمە لە پیلانگێڕی و لە سزاکانى سەر رێبەری گەلی کورد تێبگەین.

ئەمریکا دەیخواست سیستمێکى نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دروست بکات و دەیخواست تورکیای خاوەن دووەمین سوپاى ناتۆ بۆ ئەو ئامانجەى خۆی بەکاربهێنێت. بۆ ئەوەش دەبێت تورکیا لە دۆخ و ئاستێکدا بێت کە بتوانێت بەو رۆڵە هەستێت کە بۆی دانراوە. بەڵام تێکۆشانی پەکەکە کارێکى کردبوو، کە تورکیا نەیدەتوانی بەو رۆڵە هەستێت. لەلایەکى ترەوە دەوڵەتى تورکیا هەر چەند یارمەتى درابێت و چەند هاوکاریى بۆ رەوانە کرابوو لە بەرامبەر پەکەکەدا هیچ ئەنجامێکى بە دەست نەهێنابوو، بەڵکو رۆژ لە دواى رۆژ تورکیا بەرەو هەڵوەشان دەڕۆیشت. تورکیا لە رووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە بەرەو لێکهەڵوەشان دەڕۆیشت. ئیتر دەوڵەتی تورکیا هێز و تواناى شەڕکردنى بەرامبەر بە پەکەکە نەمابوو. تورکیا لەو دۆخەدا خۆی هاوێشتە ناو بەختی ناتۆ و ئەمریکا و رایگەیاند، ئەگەر ئێوە دەتانەوێت من رۆڵی خۆم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بگێڕم ئەوا دەبێت ئێوە بۆ پاکتاوکردنى پەکەکە هاوکاریى تەواوم بکەن. داواى بێکاریگەرکردنى عەبدوڵا ئۆجالانى کرد. دەیوت ئەگەر ئاپۆ بێکاریگەر بکرێت پەکەکە پاکتاو دەبێت. کاتێک سیاسەت و داواکارییەکانى ئەمریکا و تورکیا یەکیانگرتەوە و رێککەوتن، پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى دەستیپێکرد.

ئەگەر ئەمریکا و ناتۆ و ئیسرائیل لەو پیلانگێڕییەدا نەبوونایە، رێبەر ئاپۆ دیل نەدەکرا و لە ئیمراڵی رانەدەگیرا، چونکە تورکیا نە هێزى ئەوەى هەبوو و نە ورە و ئیرادەى ئەنجامدانى ئەو پیلانگێڕییەى هەبوو. ئەوەتا بولەند ئەجەویت وتبووی "ئێمە نازانین ئەمریکا لەبەر چی ئاپۆی رادەست کردین". رێبەر ئاپۆ هەر لە سەرەتادا باسی ئەوەیکردبوو، ئەو پیلانگێڕییە پیلانگێڕییەکى نێودەوڵەتییە و سیستمی ئیمراڵی لەلایەن ئەو هێزانەوە دروستکراوە، کە پیلانگێڕییەکەیان ئەنجامداوە. دیسانەوە رۆڵی تورکیای وەک پاسەوانی زیندانی تورکیا خستبوویەڕوو. رێبەر ئاپۆ بە رامان و کردەوەى خۆی هاوکاریى هێزە نێودەوڵەتییەکانى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لاواز کرد و سیستمێک کە هاوکارییەکانیانی تێکدەشکاند و برایەتیى گەلانی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بونیاتدەنا، کردە ئامانجی خۆی. لەو بوارەدا خەباتێکى باشی پێشخست. یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانى ئەو ئامانجە پەیوەندیى گەلانى کورد و عەرەب بوو. پەیوەندیى بەرچاوی لە نێوان گەلی کورد و گەلانى ئێراندا دروستکردبوو. ئەگەریش کەم بوو بێت، بەڵام پەیوەندیى نێوان هێزەکانی کورد و تورکیشی بونیاتنابوو. ئەوەش بە تەواوی ئەڵتەرناتیڤی ئەو سیستمە کاپیتالیست و ئیمپریالیستییە بوو، کە دەیانخواست لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پێشی بخەن. پەکەکە لەو بابەتەدا بووبووە خاوەن هێزێکى سیاسی و ئایدۆلۆژی و چەکداری. لە هاتنەدیى ئەوەشدا رێبەر ئاپۆ رۆڵی یەکلایکەرەوەی هەبوو. هێزە نێودەوڵەتییەکان لەبەر ئەوە رێبەر ئاپۆیان کردە ئامانج. بۆ ئەوەش لە بەرامبەر رێبەر ئاپۆدا پیلانگێڕییان ئەنجامدا. هەموو شێوازەکانى چاودێریکردنیان گرتەبەر، شوێنێکیان نەهێشتەوە کە رێبەر ئاپۆ تیایدا بمێنێتەوە و بەوشێوەیە دیلیانکرد و خستیانە ناو سیستمى ئیمراڵی.

پێش هەموو شتێک لە دژی پیلانگێڕییەکە گەلەکەمان، دۆستەکانمان، بزووتنەوەى ئازادیمان و تێکۆشانە گەورەکەى رێبەر ئاپۆ بەرەوپێشچوو. رێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستەکانى، بە رامان و هەڵوێستەکانى پێشەنگایەتیى بۆ ئەو بەرەوپێشچوونە کرد. راستیى کادێرانی میلیتان و گەل کە رێبەر ئاپۆ بونیاتینابوون، خاوەندارییان لە رێبەر ئاپۆ کرد. لە رۆژی ٩ی تشرینى یەکەمی ١٩٩٨ەوە، کە رێبەر ئاپۆ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چووە دەرەوە تاوەکو ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ رۆژی دیلکردنەکەى، گەل بە بەردەوامى لە راپەڕیندا بوو. پێش هەموو شوێنێک لە کوردستان، تورکیا و ئەوروپا و هەموو ناوچەکانى تری جیهان گەل رژابوونە سەر شەقامەکان و لە راپەڕیندا بوون. لە زینداندا خالید ئۆراڵ لە چوارچێوەى هەلمەتى "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" بە جەستەى خۆی بازنەیەکى لە ئاگر بە دەوری رێبەر ئاپۆدا دروستکرد و دواتر چەندەها کەسی تر بە جەستەى خۆیان بەردەوامبوون لە دروستکردنى بازنەى ئاگرین بە دەوری رێبەر ئاپۆدا. دەیان کورد ژیانى خۆیان لە دەستدا. دواى ١٥ی شوباتیش خاوەنداریکردن لە رێبەر ئاپۆ بە چڕی بەردەوامیى هەبوو.

گەورەترین ئامانجی ئەو پیلانگێڕییە ئەوە بوو، کە رێبەر ئاپۆ دیل بکەن و بزووتنەوەکە بێ پێشەنگ بکەن، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا هەوڵیاندا پەیوەندیى نێوان بزووتنەوەکە و ریبەر ئاپۆ، پەیوەندیى نێوان بزووتنەوەکە و گەل و پەیوەندیى نێوان گەل و رێبەر ئاپۆ تێکبدەن و بزووتنەوەى ئازادی بێکاریگەر بکەن و بیخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. ئەوەش روونی دەکاتەوە کە هێزە نێودەوڵەتییەکان تا چ رادەیەک و چۆن بە چاوی رێبەرە سیاسییەکانى ترەوە سەیری رێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەل-یان کردووە. لەبەر ئەوەش وایاندەزانى کاتێک رێبەر ئاپۆ دیل بکەن ئیتر بە ئامانجەکەیان دەگەن. کاتێک رێبەر ئاپۆ دیلکرا دەستیکرد بە هەوڵەکانى بۆ بچووکردنەوە و کەمکردنەوەى کاریگەریى پیلانگێڕییەکە و بۆ ئەوەش پەکەکە و گەلی لەسەر ئەو بنەمایە ئامادە کردبوو. هاوکات لەگەڵ پیلانگێڕییەکەدا بزووتنەوەى ئازادیش لە بەڕێوەبەرییەوە تاوەکو فەرماندەکان، لە کادێرەکانەوە تاوەکو شەڕڤانان بڕیارى شەڕی فیداییان دا. سوپایەکى فیدایى دامەزرا و ئەو فیداییانە روویان کردە سەرتاسەری جیهان تاوەکو چالاکى ئەنجام بدەن. رێبەر ئاپۆ ئامانجەکانى پیلانگێڕییەکەى پۆچکردەوە و دواتر تێکشاندنى پیلانگێڕییەکەى کردە ئامانج.

یەکێک لە ئامانجەکانى پیلانگێڕییەکە ئەوەبوو، ئەو شەڕەى لە تورکیادا هەیە بکەن بە شەڕێکى کۆنترۆڵ نەکراو و لەو رێگەیەوە تورکیا بە تەواوی رادەستى خۆیان بکەن. لەبەر ئەوەش رێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستى خۆی لە دادگا و دواتریش گەریلاى کردە دەرەوەى سنوورەکانى تورکیا. رێبەر ئاپۆ بە خەباتی ئایدۆلۆژی، تیۆری و سیاسیی هەوڵی دا بنبەستە جۆراجۆرەکانی ناو بزووتنەوەى ئازادی بکاتەوە و بزووتنەوەکەی گەیاندە ئەو ئاستە، کە جارێکیتر بەردەوام بێت لە تێکۆشان.

رێبەر ئاپۆ بە شیکارکردنەکانی و گۆڕانکارییەکانى ناو پەکەکە، بزوتنەوەکەى گەیاندە ئەو ئاستە کە بتوانێت تێکۆشانێکى کاریگەر بەڕێوەببات. پەکەکە وەک بزووتنەوە سۆسیالیستییەکانى ساڵانى ١٩٩٠ هەڵنەوەشایەوە و دەستبەرداری تێکۆشان نەبوو. لەبەر ئەوەش پەیوەندیى نێووان رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بەهێزتر بوون و گەل و میلتانان باشتر پەیوەندییان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دروستکرد. کاتێک مرۆڤ بەو شێوەیە سەیری رووداوەکان بکات و شیکردنەوەیان بۆ بکات ئەوەى بۆ دەردەکەویت، کە بەشێکى زۆری پیلانگێڕییەکە پووچەڵکراوەتەوە.

بێگومان رێبەر ئاپۆ دیلە. لە ژێر گۆشەگیرییەکى قورس و گوشاریکى زۆری دەروونی و جەستەیدایە. ئەوە بۆ ئێمە و دۆستەکانمان و بۆ هەموو مرۆڤایەتیش بابەتێک و دۆخێک نییە قابیلی قبوڵ کردن بێت. هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەى ئێمە ئەو دۆخە وەرسوڕێنین بۆ دۆخی ئازادکردنى کوردستان و بە دیموکراسیکردنى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. رێبەر ئاپۆ ئیمراڵیى کردووە بە شوێنى لێوردبوونەوە و باشترین رامانی لەوێ بۆ مرۆڤایەتى خستووەتەڕوو و خزمەتێکى زۆر گەورەیى بە مرۆڤایەتى کردووە و زوڵم و ئازارەکانى سەرخۆی بێمانا و پووچ کردووەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا تەنها یەک رۆژیش لە ئیمراڵی کاتەکانى بە بۆشی تێنەپەڕاندووە و ژیانێکى ماناداری خوڵقاندووە.

ئەمڕۆ هەوڵ دەدرێت پیلانگێڕییەکە نوێ بکرێتەوە. هەر وەک کۆتاییەکانى ساڵانى ١٩٩٠، دەوڵەتى تورک لە بەرامبەر تێکۆشانی ئێمەدا گەیشتووەتە سنووری لێکهەڵوەشان. ئەو رۆڵەى کە ناتۆ و هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ تورکیایان داناوە، ئیتر تورکیا ناتوانێت پێى هەستێت و جێبەجێى بکات. هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لەو هێزەى پەکەکە ترساون، لەوە ترساون کە پەکەکە بووەتە ئەڵتەرناتیڤ بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان. لەبەر ئەوەی هەڵوەشاندنەوەى تورکیا لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە لەگەڵ حسابەکانیاندا نایەتەوە دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ رزگارکردنى تورکیا. ئەڵمانیا بەناوی سیستمى مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستەوە هەوڵ دەدات تورکیا رزگار بکات. ئەمریکا لەمدواییانەدا لە ئیدلب پشتیوانیى لە تورکیا کرد. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە تورکیا رزگار بکەن و لە سوریا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا رۆڵی پێبدەن.

هەڵوێستەکانی دژ بە رێبەر ئاپۆ بە مانای هەڵوێستگرتنە لە دژی گەلی کورد و بزووتنەوەى ئازادی. بزووتنەوەى ئازادی و گەلی کورد هەموو کات و بە بەردەوامی لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکەن. هەر وەک دوێنێ، ئێمە ئەمڕۆش وەڵامدەری پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى دەبین.

ر.م