لایەنەکانی ڕۆژئاوا لەسەر 'مەرجەعی باڵای کورد' گەیشتنە ڕێککەوتن

پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (پەیەنەکە) و ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ یەکێتی نەتەوەیی لەسەر 'مەرجەعی باڵای کورد' گەیشتنە ڕێککەوتن.

دانوستانەکانی نێوان پەیەنەکە و ئەنەکەسە ٧ مانگە بەردەوامن و دوایین کۆبوونەوە لە ٢٠ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا.

سەما بەکتاش ئەندامی شاندی دانوستانکاری پەیەنەکە بۆ ئاژانسی هاوارنیوز ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکاندا گرنگی زۆر بە پەیمانی دهۆک دراوە.

سەما بەکتاش ئاماژەی بەوەکرد کە دوای ١٠ کۆبوونەوە، پەیەنەکە و ئەنەکەسە دانوستانەکانیان لەبارەی مەرجەعی کورد کۆتایی پێهێنا و وتی،"ناوی مەرجەعەکە بووە 'مەرجەعی باڵای کورد". هەروەها هەردوو لایەنەکان لەبارەی داهاتووی دۆزی کورد و ناوچە داگیرکراوەکان، بەڕێوەبردنی کار و خەبات بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ زێدەکانیان لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی، دیاریکردنی سیاسەت و ستراتیژی کورد لە سوریا، نوێنەرایەتی کورد ل سوریا و جیهاندا، نوێنەرایەتی ژنان لە مەرجەعەکەدا، پاراستنی دەستکەوتەکان بە تایبەتی دەستکەوتەکانی ژنان، چۆنیەتی دەرکردنی بڕیارەکان و پەڕەوی مەرجەعەکە ڕێککەوتوون."

سەما باسی ئەوەشی کرد کە هەردوولایەن لەبارەی ژمارەی ئەندامانی مەرجەعی باڵای کورد ڕازی بوون کە ٤٠ کەس دەبن، ١٦ کەس سەر بە پەیەنەکە و ١٦ کەس سەر بە ئەنەکەسە و ٨ ئەندامیش دەمێننەوە کە پەیەنەکە و ئەنەکەسە هەر یەکە ٤ کەس هەڵدەبژێرێت بە مەرجێک کە وابەستەی دەزگا و پارتەکانی پەیەنەکە و ئەنەکەسە نەبن.

سەما بەکتاش قسەو باسی هەندێک دەزگای راگەیاندنی بە دروو خستەوە کە گوایە پارتی دیموکراتی پێشڤەڕووی کورد لە سوریا و پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کورد لە سوریا لە دەرەوەی مەرجەعەکەن و وتی،"شتێکی بەو شێوەیە نییە و ئێمە دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن. لەبەرئەوەی دوورخستنەوەی هەر پارتێک و هێزێک لە یەکێتی نیشتیمان، دەبێتە هۆی ناتەوابوونی یەکێتیەکە. دەرگای مەرجەعەکە بۆ هەموو لایەنەکان کراوەیە."

لە هەمانکاتدا سەما بەکتاش لەبارەی تەوابوونی کارەکانی مەرجەعەکە و پێکهێنانی مەرجەعەکەی بەدروو خستەوە و وتی،" تا ئێستا مەرجەعەکە پێکنەهێنراوە، دانوستانەکان بەردەوامن. کاتێک دانوستانەکان لەبارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هێزە سەربازیەکان کۆتاییان پێهات و هەردوو لایەنەکە کۆک بوون، ئەو کاتە مەرجەعەکە پێکدەهێنرێت."

ف.ق