لێبوردنی نێونەتەوەیی بۆ رەئیسی: دەستبەجێ کۆتایی بە زیندانیکردنی نایاسایی کەمال حەسەن رەمەزان بهێنن

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیى لە نامەیەکیدا بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوایکردووە، تاوەکو بواری ئازادیی خێرای کەمال حەسەن رەمەزان زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سەریکانی بڕەخسێنێت.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیى لە نامەیەکدا بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەزگای دادوەریی رژێمى داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، داواى لێکۆڵینەوەیەکى خێرا و بێلایەن و سەربەخۆی لەسەر ئەشکەنجەدانەکانى کەمال حەسەن رەمەزان زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کردووە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەکەیدا داواشی لە رەئیسی کردووە، تاوەکو ساتی ئازادکردنی کەمال حەسەن رەمەزان، دەبێت ئەو زیندانییە لە مەترسیی جێبەجێکردنی لەسێدارەدان، یان ئەشکەنجەدان و رەفتاری خراپ بپارێزن.

کەمال حەسەن رەمەزان زیندانیی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری سەریکانیی رۆژئاواى کوردستانە. لە ٢٨ی ئابی ٢٠١٤ لەگەڵ ٢ هاووڵاتیی تری خەڵکی شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کردستان لەلایەن هێزەکانى سوپای پاسدارانی داگیرکەرەوە زیندانیکرا و دواى ٤ مانگ لە زیندانیکردن و لێکۆڵینەوە لەگەڵی لە زیندانیی هێزە ئەمنییەکاندا گواسترایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

لە مانگی ئابی ٢٠١٥ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا و دواتر لە ئەنجامی تانەدان لە سزاکە، سزاکەی دابەزی بۆ ٧ ساڵ. سەرباری ئەو سزایەی دادگا، کەمال حەسەن رەمەزان ٨ جار گواستراوەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ورمێ و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کراوە، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٧دا لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بە تۆمەتى کوشتنی ئەندامێکى سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠١١دا بەسەردا سەپێنرا. سەپاندنی ئەو سزا و تۆمەتە بەسەر کەمال حەسەن رەمەزان لە کاتێکدایە، لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١١دا حکومەتى ئێران لەسەر ئەو پێکدادانە سزای لەسێدارەدانی بەسەر کەسێکدا بە ناوی "کەمالە سور" سەپاندبوو، بەڵام کەمال حەسەن ڕەمەزان ٧ ساڵ دوای ئەوە بە هۆی هاوشێوەبوونی ناوەکەی، لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتی سپای ئێرانەوە وەک 'کەمال سور' بە دادگا ناسێندرا و ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنرا.

بەپێی ئەو دۆسیە نوێیەى دەزگاى ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ و بەرپرسانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، کە رووبەڕووی کەمال حەسەن رەمەزانیان کردووەتەوە، ناوی راستەقینەی "کەمالە سوور" کەمال حەسەن رەمەزانە. بەپێی ئەو تۆمەتانە کەمالە سوور ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ە، کە لە دواى پێکدادانی هاوینی ٢٠١١ لە نێوان گەریلاکانى پەژاک و سوپای پاسداراندا لە مانگی گەڵاڕێزانی ٢٠١١دا بە غیابی و بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکردبوو.

بەپێی راپۆرتەکانی توڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کەمال حەسەن رەمەزان لە کاتی دادگایکردنی بەبێ ئامادەبوونی خۆی، لە ئێراندا نەبوو و ئەو هاووڵاتییەکى کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیى لە نامەکەى خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هێزە ئەمنییەکانى ئێران بە ئەشکەنجەدانێکى زۆری جەستەیی کەمال حەسەن رەمەزانیان ناچارکردووە دان بەو ناسنامە و ناوەدا بنێت، کە هی ئەو نییە.

سەرچاوەکانى مافی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەلایەن رێکخراوی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و ئیتڵاعاتی ورمێ-ەوە زۆر ئەشکەنجەکراوە تاوەکو دان بە پێکدادان لەگەڵ سوپای پاسداران و کوژرانی چەند ئەندامی سوپای پاسداراندا بنێت.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیى بەپێی سەرچاوەکانى خۆی ئەوەى پشتڕاست کردوەتەوە، کە لێدان و ئەشکەنجەی زۆر بەرامبەر بە کەمال حەسەن رەمەزان ئەنجامدراوە و لە بنمیچەوە هەڵواسراوە و بە کێبڵ و داری کارەبایی لێیدراوە.

بەپێی راگەیاندراوەکەى رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیى دەبوایە کەمال حەسەن رەمەزان لە رەزبەری ٢٠١٨دا و دوای ئەوەى بەهۆی دۆسیە سەرەکییەکەیەوە بەر لێبوردن کەوت، ئازاد بکرایە، بەڵام رژێمی ئێران تاوەکو ئێستا بە شێوەی نایاسایی لە زینداندا رایگرتووە و رێگری لە ئازادبوونی دەکات.

ژ.ت