لە بومەلەرزەکەى رۆژهەڵاتى کوردستاندا نزیکەى ٣٠٠ کەس برینداربوون

لە پارێزگاى کرماشانى رۆژهەڵاتى کوردستان دوێنێ بومەلەرزەیەک بە پێوەری ٥.٩ پلە بە پێوەرى رێختەر روویدا و بەو هۆیەوە نزیکەى ٣٠٠ کەس برینداربوون.

هوشەنگ بازوەند پارێزگارى کرماشان رایگەیاند، بەلانیکەمەوە بەهۆى بومەلەرزەکەوە ٢٨٧ کەس برینداربوون. راشیگەیاند، چارەسەرى بۆ زۆربەى بریندارانى بومەلەرزەکە کراوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

بوومەلەرزەکە لە ناوچەى تازاواى کرماشان لە نێوان کرند و سەرپێڵى زەهاودا روویداو و بومەلەرزەکە زیانێکى زۆری بە سنوورى ١٠١ ناوچە و ٤٣ گوند گەیاندووە.

پێش بومەلەرزەکەى دوێنێ یەکشەمە لە پارێزگاى کرماشان، بومەلەرزەیەک لە پارێزگاى هورموزگان بە گەورەیى ٥.٧ پلە بە پێوەرى رێختەر روویدابوو.

لە مانگى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ / ٢١ى خەزەڵوەر (گەڵاڕێزان) بومەلەرزەیەک بە پێوەری ٧.٣ پلە بە پێوەرى رێختەر لە ناوچەى ئەزگڵەی پارێزگاى کرماشان روویدابوو. بە وتەى بەرپرسانى ئێران لەو بومەلەرزەیەدا ٦٢٠ کەس گیانیان لە دەستدابوو و ١٢  هەزار کەس بریندار بوو بوون. هەروەها بەهۆى ئەو بومەلەرزەیەوە لە باشوورى کوردستانیش ٨ کەس گیانیان لە دەستدابوو.

هاوکات بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکان لە کرماشان، بومەلەرزەکەى ساڵی پار زیانى بە ١٠ شار و هەزار و ٩٥٠ گوند گەیاندبوو و بەو هۆیەوە  زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لە دەستداوە و ١٥ هەزار کەسى تریش بریندار بوو بوون.

ر.م