لە سلێمانى پرسە بۆ مام زەکى شەنگالی دانرا

لە ناوەندی پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئیزدییەکان لە سلێمانی ٣ رۆژ پرسە بۆ مام زەکی شەنگالی دادەنرێت و ئەمڕۆش یەکەم رۆژی پرسەکەی بوو.

سەرلەباینی ئەمڕۆ لقی سلێمانیی پارتى ئازادی و دیموکراسیى ئێزدییەکان (پادێ - PADÊ) لە گردی عەلی ناجی نزیک بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی پرسەی بۆ شەهید مام زەکی شەنگالی ئەندامی کوردیناسیۆنی ئەنجوومەنی گەلی ئیزدی دانا. ئەمڕۆ یەکەم رۆژی پرسەکەی بوو. پرسەکە بۆ ماوەى ٣ رۆژ بەردەوام دەبێت.

دەربارەی پرسەکە شێخ جەمال بەرپرسی ناوندی پارتی ئازادی و دیمواکرسیی ئیزدییەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات  (ANF)ی راگەیاند: "پرسە و سەرخۆشیی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی ئێزدی دەکەین بەتایبەتیش خانەوادەی مام زەکی. بە بۆنەی شەهیدبوونی مام زەکی لە لقی پارتەکەمان لە سلێمانی بڕیارمان داوە ٣ رۆژ پرسە بەڕێوەببەین".

وتێشی: هەر لایەنێکی سیاسی و ڕێکخراو و هەر کەسێک بیهەوێت بەشداری پرسەکە بێت، دەرگای نووسینگەکەمان بۆ هەموان کرایەوەیە، چونکە شەهید زەکی شەهیدی تەواوی گەلی کوردە نەک تەنها گەلی ئیزدی.

لەچوارچێوەی بەڕێوەچوونی پرسەکە هەریەک لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتى کوردستان (کۆدار - KODAR)، رێکخراوى ژنانى ئازادى کوردستان (رەژاک - RJAK)، بەرەی دێموکراسیی گەل و چەندین ڕێکخراو و کەسایەتى و لایەن بەشداری پرسەکە بوون.

حاجی ئازاد هاوسەرۆکی تەڤگەری  ئازادی هەرێمی سڵێمانی وتاریکی پیشکەشی ئامادەبوان کرد وتی: بە ناوی تەڤگەری ئازادی سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید زەکی و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین، بەداخەوە جاریکیتر رۆڵەیەکی تری شۆڕشگێڕمان  بەدەستی چەپەڵی ناحەزان چووە کاروانی نەمرانەوە.

هەروەها حاجی ئازاد، تیکۆشان و خەباتی مام زەکیی بەبیر هێنایەوە و وتی: مام زەکی ٤٠ ساڵ تەمەنی خۆی پێشکەش کرد بۆ دیـموکراسی و تێکۆشان بۆ گەلی کورد، ئەوەش بۆ ئێمە بەهایەکی گەورەیە هەتا هەتایە لە بیری گەلەکەماندا دەمێنێتەوە. ئێمە بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین، کە لەسەر ڕیبازی شەهید زەکی شەنگەلی درێژە بەخەبات بدەین و تۆڵەی مام زەکی دەکەینەوە.

ر.م