لە سلێمانی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات ئیدانەکرا

بە بۆنەی ٢١مین ساڵی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدولائۆجالان، هەریەکە لە ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، گردبوونەوەیەکیان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو گەلەکۆمەیە ئەنجامدا.

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەی گردبوونەوەکەی خوێندەوە، لەبەیاننامەکەدا هاتووە، وەک چۆن ماوەی چەند مانگێکە چالاکییەکانی تەڤگەری ئازادیی قەدەغە دەکرێن، ئێمە سەردانی ئاسایشی سلێمانیمان کرد بۆ ئەنجامدانی چالاکیی بۆ ١٥ی شوبات، بەڵام ڕەتیانکردەوە کە مۆڵەتمان پێ بدەن، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئەو هەلسووکەوتە ئیدانە دەکەین.

لەبەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە،لە ٢١هەمین ساڵی گەلەکۆمەی ١٥ی شوباتدا، جارێکی تر ئەو گەلەکۆمە قیزەونە شەرمەزارو ئیدانەی دەکەین.وەک چۆن هەر لە سەرەتاوە بە بەرخۆدانێکی مێژوویی ڕووبەڕووی ئەو گەلەکۆمەیە بووینەوە، لەئەمڕۆشدا بەهەمان ڕۆحی بەرخۆدانەوە بە دروشمی 'گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین'، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە پیلانگێڕییەک دەبینەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئاماژە بەوە کرا، لە کاتێکدا ٢١مین ساڵ بەسەر گەلەکۆمەکەدا تێپەڕدەبێت، ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانێکی بێ وێنە ڕووبەڕووی گۆشەگیریی بووەتەوە، لە زیندانەکان و لە هەرچوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن، مانگرتنی سەرتاسەریی بۆ شکاندنی گۆشەگیریی بەڕێوەدەچێت.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە،پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی بە بەشداریی دەیان دەوڵەت و هێزی بەکرێگیراوی کورد بەڕێوەچوو، ئامانجەکەی ئەوەبوو کە ڕێبەرایەتیی ئازاد و بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە و گەلی ئازادیخواز ڕووبەڕووی یەکتر بکەنەوە و دواتر لەناوبەن. بەڵام هەموو پیلانەکانیان تووشی شکەست هاتووە.

ک-ش