لە عەفرین تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامن

لە عەفرینی داگیرکراون لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ٢ کەسی تری مەدەنی رفێنراون. لە لایەکی تروە چەندین دار زەیتوونیش بڕاونەتەوە.

چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ وەرگرتنی فیدیە، جارێکی تر دەستی بە رفاندنی خەڵکی مەدەنی کرد. لە گوندی شتکای سەر بە ناوچەی مەعبەدا لە بەرواری ٢٦ی ئەیلول دوو هەواڵاتی مەدەنی بە ناوەکانی کەمال محمد حامید زەنۆ (٤٠ ساڵان) و والید محمد زەنۆ (٣٥ ساڵان)یان رفاندووە.

بە پێی زانیاریەکان، چەتەکان بۆ ئازادکردنی رفێنراوەکان، وەکو فیدیە داوای ١٥٠ هەزار لیرەی سورییان لە خانەوادەی رفێنراوەکان کردووە.

دەوڵەتی تورک دوای رۆژێک واتە لە ٢٧ی ئەیلولدا لە گوندی هێکێچەی سەر بە ناوچەی شیێ، نزیکەی ١٠٠ دار زەیتوونی هاوڵاتیەکی مەدەنی بە ناوی محمد سلێمان ئیبراهیمی بڕیوەتەوە. باس لەوە دەکریت کە داگیرکەرانی دەوڵەتی تورک، دارز یتونەکانی عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی تر دەبڕێتەوە و دەیفرۆشن بە بازرگانانی تورکیا.

لە عەفرین تاوانی شەڕ و بە تاڵانبردن بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە.

سوپای داگیرکەر لە ٢٣ی ئەیلولیشدا لە گەڕەکی ئەشرەفیەی عەفرین، ژنێکی بە ناوی زەینەبی رفاند و بە بڕی ٢ هەزار و ٥٠٠ دۆلاریشی لە ماڵەکەی ئەو ژنەدا دزیوە.

١٨ی ئەیلولیش لە گوندی قاسمی سەر بە ناوچەی رەجۆ، ژنێکی گەنج بە ناوی مریەم ئەڤدک شێخۆ و لە ١٦ی ئەیلولیش لە ناوچەی جندرێس کەسێکی مەدەنی بە ناوی موراد عەبدولرەحمان رەشید (٢٥ ساڵان) رفێنرا.

دەوڵەتی تورک لە هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی سیستماتیک تاوانی جەنگ و کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجام دەدات. خەڵکی مەدەنی بە زۆری بۆ وەرگرتنی فیدیە دەرفێنرێن. لە ماوەی چەند ساڵی رابردووەوە تا ئێستا، بە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بەم شێوەیە رفێنراون، ئەشکەنجە دراون و ژمارەیەکی زۆریشیان بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون و چارەنووسی هەندێکیشان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نادیارە.

ز.ش