لە عەفرین هەتا ئەورووپا و لە ئەورووپا تا عەفرین، بانگەوازی دکتۆرە کوردەکە

دکتۆر دڵگەش کەرکوکی کە خەڵکی باشووری کوردستانە، پاش دەستپێکردنی هێرشی سوپای تورکیای داگیرکەر بۆ سەر عەفرین بە شێوازێکی خۆبەخش لە ئەوروپاوە چووە عەفرین بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی عەفرین.

دکتۆر دڵگەش دەڵێت: وەک کوردێک کە ئەنفالم دیوە ، هەوڵدەدەم لێڕە خزمەتی هاوڵاتیان بکەم، بەڵام بە داخەوە دەرفەتەکانمان کەمە و ناتوانین بە هەموو هاوڵاتیان ڕابگەین.

دکتۆر دڵگەش کەرکوکی لە دەستپێکی هێرشەکەوە وەک خۆبەخش هاوکاریی ناوەندی تەندروستی عەفرینی کردووە و ئێستاش لە شەهبا بەردەوامە لە هاوکارییەکانی بۆ هاوڵاتیانی ئاوارەی عەفرین.

لە بەردەوامیشدا وتی: بانگەوازیی هەموو گەلی کورد و کۆمەڵگای نێوودەوڵەتی دەکەم، کە هەستن بە ئەنجامدانی ئەرکیان بۆ پشتگیریکردنی عەفرین، ئەوە ئەرکێکی مرۆییە.

هەروەها وتیشی: دۆخی هاوڵاتیان زۆر خراپە، خەڵک ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و ئاوارە بوون، نە خواردن هەیە، نە شوێنی مانەوە و نە ئاوی پاک و نە شیر بۆ منداڵان، پرسیاری من ئەوەیە، ڕێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان لە کوێن؟ نەتەوە یەکگرتووەکان لە کوێیە؟ باس لە دەرچوونی خەڵک لە عەفرین دەکەن، بەڵام کەس بیر لە داهاتوویان لە ئاوارەییدا ناکاتەوە.

لە کۆتاییشدا وتی: من وەک پزیشکێک خۆبەخشانە هاتوومەتە ئێرە، ئەو نەخۆشخانەیەی کارمان تێدا دەکرد بۆردوومان کرا، بەم دۆخە و بێ نەخۆشخانە ناتوانم نەشتەرگەری بۆ خەڵک بکەم، لە بەر ئەوەش ئێستا لە مانگی سووردا هاوکاری هاوڵاتیان دەکەم، لەوە زیاتر هیچم لە دەست نایەت.

ک-ش