هاووڵاتییانی کەرکووک داوای پارێزگارێکی سەربەخۆ دەکەن

هاووڵاتیانی شاری کەرکووک داواکارن پارێزگاری داهاتوی شارەکەیان کەسێکی سەربەخۆبێت بەبێ جیاوازی لە نێوان بیروڕا و ئایین و نەتەوەکاندا خزمەتی شارەکە بکات.

هاووڵاتییانى کەرکووک داواکارن لە رێگەی هەڵبژاردنێکی دیموکراسییانەوە کەسێکی شایستە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت، کە دوور لە لایەنگری بۆ حیزبێک یان نەتەوەیەک بتوانێت کارەکانی بە شێوەیەکی باش بەڕێوە بەرێت.

دێرین نازم هاووڵاتییەکی شاری کەرکووکە بە ئاژانسی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "من وەکو هاووڵاتییەک حەز دەکەم پارێزگار لە رێگای هەڵبژاردنێکی پاك و دیموکراتی بێتە سەر حوکم و گرنگ نییە لە چ نەتەوەیەك بێت گرنگ ئەوەیە کە بۆ هەموو نەتەوەکان کار  بکات و دادپەروەر بێ لە نێوان نەتەوەکان و نەتەوەپەرست نەبێت. حەز ناکەین پارێزگارەکەمان هیچ نەتەوەیەك پشت گۆێ بخات. پارێزگار لە هەر حزبێک بێت گرنگ نییە بەلامانەوە ئەوەی گرنگە تەنها کار بۆشارەکە بکات".

هاوکار قادرهاوڵاتییەکی تری شاری کەرکووکە لەسەر هەمان بابەت وتی: "گرنگ نییە پارێزگار لە چ لایەن و حزبێک بێت گرنگ ئەوەیە کەسێك بێت شایستەی ئەم پۆستە بێت، کە خزمەتی شارەکە بکات بەبێ جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا، چونکە ئێمە لە شارێکی فرە پێکهاتەین و نابێت نەتەوەیەك بەسەر نەتەوەیەکی تردا زاڵ بێت".

چالاك کاکەبرا هاوڵاتیەکی ترە و ڕایگەیاند: "حەز دەکەین کەسێکی سەربەخۆ بێت و کەسێك بێت جیاوازی نەکات لە نێوان پێکهاتەکان و بەرژەوەندیی ئەم شارەی بوێت. ئەم پۆستە ١٣ ساڵە بەدەست کوردەوەیە. ئەگەر گۆڕانکاری بکرێت شتێکی ئاساییە با لە هەر نەتەوەیەکی تر بێت، کە هیچ جیاوازی لە نێوان نەتەوەکان نەکات. پێم باش نییە ئەم پۆستە بدرێت بە پارتی چونکە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئەم شارەیان بە جێهێشتووە و ناگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و نازانم بەچی هەقێ داوای ئەو پۆستە دەکات".

یوسف ستار ڕایگەیاند: "من پێم باشە لە نەتەوەی کورد بێت، گرنگ نییە لە چ حزبێک بێت، گرنگ ئەوەیە کەسێك بێت جیاوازی لە نێوان  کورد و عەرەب و تورکمان نەکات و پێویستە کەسێکی وەفادار بێ بۆ گەلەکەی و ئێشمان بۆ بکات".

ر.م