ماڵپەڕی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەفشین شێخولئیسلامی چالاکی مەدەنی و چالاکی ژینگەپارێزییە و هاووڵاتیی ئەمریکایە و بۆ سەردانی دایک و باوکە بە تەمەنەکانی، کە چەند نەخۆشییان هەیە، گەڕابووە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و لە ١٧ی شوباتی ٢٠١٩ / ٢٨ی رێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکرا و دواى مانگێک لە دەستگیرکردنەکەى بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی رژێمی ئێران سزای ٣ مانگ و یەک رۆژ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند.
هەروەها بەپێی بڕیاری دادگای ئێران گەشتکردن بۆ دەرەوەى ئێران لەو چالاکوانە قەدغە کرابوو و ئەویش بە ناچار لە شاری سنە مابوویەوە.
ساڵی رابردووش ئەفشین شێخولئیسلامی لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی تردا سەردانی ماڵی باوکی زیندانیی سیاسیی کورد حەبیبوڵا لەتیفی-یان کردبوو و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو و دواتر ئازادیان کردبوو، بەڵام دواى ٤٠ شەو لە ئازادکردنی دوێنێ هێزە ئەمنییەکان لە سنە هەڵیانکوتاوەتەوە و سەر ماڵەکەى و دواى ٣ کاتژمێر پشکینینی ناو ماڵەکەی، دەستگیریان کردووەتەوە.
ئەفشین شێخولئسلامی بەشداریی لە چالاکییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەى سزای لەسێدارەدانیشدا کردووە و لە ماوەى ١٠ ساڵی رابردووە تاوەکو ئێستا بەلانیکەمەوە ٤ جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکراوە.
ژ.ت