هەدەپە هوشداریدا: دۆخەکە لە ساڵەکانی ٩٠ مەترسیدارترە

هەدەپە رایگەیاند بەڵگە لەبەردەستیان هەیە کە دوو کورد بەناوەکانی عوسمان شیبان و سەروەت تورگوت بە هەلیکۆتەر لەلایەن سەربازانەوە هەڵدراونەتە خوارەوە و وتی،"دۆخەکە لە ساڵەکانی ٩٠ مەترسیدارترە."

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی هەدەپە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، نوێنەرانی دەسەڵات کە بە زمانی مافیا و چەتەکان قسە دەکەن، ڕژێمێکی تاوانیان دروست کردووە کە لە ساڵەکانی ٩٠ مەترسیدارترە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئەوە دەکرێت کە لە ناوچەی شاخێی وان سەربازانی تورک عوسمان شیبانی ٥٠ ساڵ و سەروەت تورگوتی ٥٥ ساڵیان دەستگیر کرد و دواتر لە هەلیکۆپتەر هەڵیاندانە خوارەوە. هەدەپە ئاشکراشی کرد کە بەڵگەی ئەوەش لە دەستی ئەواندا هەیە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش دەوترێت کە ١٠ رۆژ بەسەر ڕووداوەکە تێپەڕیوە ، لە حکومەت و نە دەسەڵاتی خۆجێی هیچ قسەیەکیان نەکردووە. ئەگەر تاوانەکە بە فەرمانی حکومەت ئەنجامدرابێت، بە تەئکیدی پێویستە حکومەت لێدوان بدات.

هەدەپە دەڵێت ئەم کردەوەیە لە تاوانەکانی دژە مرۆیی ساڵەکانی ٩٠ مەترسیدارترن. هوشداری بە ئەو کەسە بێئەخلاق و زاڵمانە دەدەین کە گەل لەبەرانبەر هێرشەکانیان ناترسێت و سەریشی دانانەوێنێت. هیچ کۆمەڵکوژی و کودەتایەک نەیتوانیوە خەباتی کورد بووەستێنێت. ئێوەش لەناو تاوان و ئەشکەنجەی خۆتاندا دەمێننەوە.

هەدەپە لە کۆتایی قسەکانیدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست و ڕایگەیاند تاکە شت کە هێرشەکان بووەستێنێت خاوەنداریکردنە لە تێکۆشانی ئاشتی و ئازادی. لەگەڵ گەلانی تورکیا بەردەوامی بە تێکۆشانمان دەدەین."

ف.ق