شاندی هەدەپە و کەجەدە لە هەولێر: پێویستە کورد لە دەوری یەکتری کۆببنەوە

وەفدی هەدەپە و کەجەدە کە بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەردانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لەگەڵ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووە و لە کۆبوونەوەکەدا تەمەلی ئاماژەی بە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی کرد

وەفدی هەدەپە و کەجەدە کە بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەردانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لەگەڵ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبووە و لە کۆبوونەوەکەدا تەمەلی ئاماژەی بە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی کرد و گوتی، "پێویستە کورد لە دەوری یەکتری کۆببێتەوە".

وەفدی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) بە سەرۆکایەتیی سەزای تەمەلی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە و ئەندامێتی هەریەکە لە بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە ، فاتمە کورتولان سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پارلەمانی تورکیا و نەزمی گور یاریدەدەری هاوسەرۆکانی گشتی هەدەپە دوای ئەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) کۆبوونەوە، سەردانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد.

وەفدەکە لە لایەن سەعد خالید ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، هیوا سەید سەلیم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی پارتەکەوە پێشوازییان لێکرا و دواتر دوور لە چاوی میدیاکان هەردوولا کۆبوونەوە.

سەعد خالید ڕایگەیاند، وەفدی باڵای حزبە کوردیەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و سەردانی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم دەکەن. سەردانەکە لە کاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدەن. ئامانجی سەردانەکەش بۆ ئەوەیە، گەلی کورد بەیەکەوە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بجووڵێتەوە و رۆڵی هەبێت. هەروەها پەیوەندیی حزبە کوردستانیەکان بەهێز ببێت و چارەسەرییەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان بدۆزرێتەوە. هەوڵی سەرەکی ئەوەیە لە سەر ئاستی نەتەوەیی پەیوەندیی نێوان لایەنە کوردییەکان بەهێز ببێت و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خزمەتی گەلی کورددا بێت و جارێکیتر بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد.

لە لایەکی دیکەوە سەزای تەمەلی ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان لە باشووری کوردستان بەردەوام دەبن. لەسەرەتادا لەگەڵ بەڕێز بارزانی کۆبوونەتەوە و دواتر سەردانی حزبی زەحمەتکێشانیان کردووە و پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە و وتی، "پەیوەندییەکانمان بەردەوام دەبن. سەردانەکەمان ٤ ڕۆژ دەخایەنێت. لە پلانماندایە لەو ٤ ڕۆژەدا سەردانی زۆربەی حزبە سیاسی و ڕێکخستنەکان بکەین".

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە وتیشی، وەک دەزانرێت هەدەپە ماوەیەکی زۆرە لە تورکیا تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی دەدات. لەبەرامبەر گۆشەگیری، توندوتیژی و فشار و هزر و عەقڵییەتی قەیوم تێکۆشانێکی زۆرمان ئەنجامداوە و بەردەوامین. ئێمە دەزانین ڕیگەی چارەسەری بۆ تورکیا و ناوچەکە بە تەنها ئاشتی و دیموکراسییە. کێشەی سەرەکیی ناوچەکە بێگۆمان کێشەی کوردە. ئێمە باش دەزانین تا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و دیموکراسی ناچەسپێت. کێشەکە بە تەنها کیشەی تورکیا نییە، بەڵکو کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەیەکی گەردوونییە. کێشەی کورد تەنها لە رێگەی ئاشتی و دیالۆگ و گفتوگۆ و دانوستانی دیموکراتیکەوە چارەسەر دەبێت. ئەوانەشی دەنگی ئەو کەسانە نابیستن، کە هەوڵی چارەسەری دەدەن، شەڕ و توندوتیژی بە سەر گەلی کورددا دەسەپێنن و بەردەوامیشی پێدەدەن. ئەوانەی ڕێگە لە چارەسەری دەگرن و شەڕ دەسەپێنن، لە ڕاستیدا بێچارەسەریی خۆیان نیشاندەدەن. لە بەرامبەر ئەوەدا ئەگەر ئێمە کۆببینەوە و پشتگیری لە یەکتری بکەین و لەدژی شەڕ بین، سەردەکەوین.

تەمەلی ڕاشیگەیاند، هەدەپە لە تورکیا بانگی ئاشتی و یەکسانی دەکات و خەباتەکەی بەردەوامە و لەچوارچێوەی ئەم سەردانەشدا هەمان پەیامی پێیە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "لە دژی سیاسەتی شەڕ و توندوتیژی لە دەوری یەکتری کۆببینەوە و گرنگە تێکۆشانی ئاشتی و دیموکراسی گەش بکەین. شەڕی دژی گەلی کورد هیچ چارەسەریەک لەگەڵ خۆی ناهێنێت. ئاشتی هیوای هەموو گەلانی ناوچەیەکەیە. لەو چوارچێوەیەکدا بۆ ئەوەی ئەرکە سیاسییەکانمان بەجێبهێنین سەردانی باشوورمانکرد. پێویستە گەلی کورد لەدەوری یەکتری کۆببێتەوە و لە پرسی نەتەوەییدا زیاتر نزیکی یەکتری ببن و بۆ کۆبوونەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی هەموو کەسێک بەرپرسیاری خۆی جێبەجێبکات".

لەسەر پرسی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی وەفدی هەدەپە و مەسعودی بارزانی سەرۆکی (پەدەکە) سەزای تەمەلی ئەوەی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لەو بابەتانە کردووە، کە ئێستا ئاماژەی پێکرد و کۆبوونەوەکە بە باشی بەڕیوەچووە.

بڕیارە شاندی هەدەپە و کەجەدە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.

ژ.ت