'پشتیوانی لە یەپەگە و یەپەژە بۆ ئێمە ئەرکێکی پیرۆزە'

سەرحەد تیکون کە شەڕڤانێکی نێودەوڵەتییە دەلێت، بۆ ئەوان ئەرکێکی پیرۆزە کە دەتوانن لە دژی داعش، ببن بە پشتیوان بۆ هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە.

سەرحەد تیکون وەک شەڕڤانێکی نێودەوڵەتی-ی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە بۆ ئاژانسی هەوالیی فورات قسەی کرد.

تیکون کە لە ناو بزوتنەوەی خۆسەریی (Nantes Revoltee) بۆ ماوەیەکی زۆر کاری کردووە، وا سێ ساڵە لە رۆژئاوای کوردستان لە ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە لە دژی داعش تێدەکۆشێت.

تیکۆن دەڵێت یەپەگە و یەپەژە دە هەزار شەهیدیان دا، بۆ ئەوەی ئارامی ناوچەکە بپارێزن. وا سێ ساڵە من لە رۆژئاوا لە ریزەکانی یەپەگەدا تێدەکۆشم. لەو ماوەیەدا بینیم کە گەلانی رۆژئاوا بۆ سەرخستنی شۆڕش چ تێکۆشانێکی گەورەیان کرد.

سەرحەد تیکون جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهۆی یەپەگە و یەپەژە نەبوایا، تێکۆشانی دژی داعش هیچ کات سەرنەکەوت و وتی:" پشتیوانی یەپەگە و یەپەژە بۆ ئێمە ئەرکێکی پیرۆزە. یەپەگەو یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نین، کە لە دژی فاشیزمی داعش تێدەکۆشێت، بەڵکو هێزێکی شۆڕشگێرن و بەڵێنی دوارۆژیان داوە. بۆ کۆمەڵگای سۆسیاڵیست و فێمینیستەکان، پرۆژەی کۆنفەدەرالیزمی دیمۆکراتیک، خەون و خەیاڵ نییە. ئەم پڕۆژەیە بە مەبەستی پێکهێنانی دیمۆکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گونجاوترین رێبازە. بۆ ئەوەی لە ناوچەکە ئاشتی و ئارامی بچەسپێت گونجاوترین رێباز، پرۆژەی کۆنفەدەرالیزمی دیمۆکراتیکە و قبوڵنەکردن و خۆدوورخستنەوە لەم پڕۆژەیەش تاوانێکی راستەقینەیە. دوورکەوتنەوە لەو پرۆژەیە نەک تەنها دژایەتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵکو دژایەتیکردنی گشت مرۆڤایەتییە."

سەرحەد تیکون رایدەگەیێنێت، دەوڵەتی تورک لە خاکێک کە بە تێکۆشانێکی گەورە ئازاد کراوە، تۆی فیتنە دەچێنێت و وتی:" پێویستە رێگا بەمە نەدرێت. ئەمە تەنها ئەرکی کەسانی شۆڕشگێر نییە، بەڵکو ئەمە ئەرکی هەموو مرۆڤێکە."

تیکون لە بەردەوامی قسەکانیدا دەڵێت، لە سەرێکانی چەندین شەهیدی نێودەوڵەتییان هەیە و وتی:" بە هۆی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک، ٨ هەڤاڵی یەکینەکەمان شەهید بوون. هەڤاڵ و فەرماندەکەمان جەرەن گونەش شەهید بوو. جێبەجێکردنی هیواو ئاواتی شەهیدان تەنها بە بەردەوامیدان بە تێکۆشانیان دەبێت. کاتێک بیر لەو هاورێیانەمان دەکەینەوە، ئەوە دێتەوە یادمان کە پێویستە تێکۆشانیان بەرفراوانتر و بەهێزتر بکەین."

تیکون باسی لەوەش کرد کە دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی داگیرکەران، لە ناوچەکە بارۆدۆخێکی خراپ و نالەباریان دروست کردووەو وتی:" لە ناو ئەوانەی هێرش دەکەنە سەرمان، چەندین گروپی چەتەکانی 'ئیسلامیی توندڕەو' هەن. پێویستە ئەمە بزانرێت کە هێرش دەکەنە سەر رێکخستنبوونی رۆژئاوا و ئەوەی ئەم چەتانە کۆ دەکاتەوەو بەرێکخستنیان دەکات، خودی دەوڵەتی تورکە. ئەوە چەتە جیهادییەکانن بۆ پارەو پول شەڕ دەکەن. پێویستە هەم لە رووی سیاسی و هەم سەربازییەوە ئەو فاشیسانە لەناو ببرێن."

سەرحەد تیکون لە کۆتایی قسەکانیشیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک، هەموو جۆرە چەک و دەرفەتێکی سەربازیی ناتۆ پێشکێش بە چەتەکان دەکات و وتی:" ئەو کەسانەی لە ئەورۆپا خۆیان بە بەرپرسیار دەبینن، پێویستە لە دژی ئەمە، هەموو جۆرە هەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر سیاسەتی وڵاتی خۆیان دروست بکەن. دەوڵەتە زلهێزەکان بڕیاریان داوە رۆژئاوا بە تەنها بجێ بهێڵن کە ئەمەش جێگای شەرمەزارییە بۆ ئەوان. گەلانی جیهان پێویستە هەنگاوی بەرچاو بنێن بۆ سەرکەوتنی رۆژئاوای کوردستان."

ز.ش