پەرلەمانی كوردستان لە دەرەوەی کەرکووک كێشەكانی کەرکووک تاوتوێ‌ ده‌كات

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشەكانی شاری کەرکووک، لە شارۆچكه‌ی قەرەهەنجیر ژمارەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ توێژەكانی کەرکووک ئەنجام دا.

پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان سەردانی نووسینگەی كەركووكی پەرلەمانیان لە شارۆچكه‌ی قەرەهەنجیر كرد و چەندین كۆبونەوەی ئەنجام دا. دوای كۆبوونەوەكان لیژنەكە ڕایگەیاند، به‌وردی ئاگاداری دۆخی كەركووكن و كار كراوە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی شارەكە.

جوان یوونس ڕۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەكه‌ له‌ كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، «ئەمڕۆ وەك لیژنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی نووسینگەی پەرلەمانمان كرد لە شارۆچكه‌ی قەره‌هەنجیر. لەبری ئەوەی سەردانی کەرکووک بكەین سەردانی ئێرەمان كرد. لەنزیكەوە گفتوگۆمان لەگەڵ توێژە جیاجیاكانی کەرکووک كرد و گوێمان لێیان ڕاگرت و بەوردی هەڵوێستەمان لەسەر گرفتەكان كرد.»

جوان یوونس ڕوونی كرده‌وه‌، «پێشهاتەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئه‌وه‌ی لە ئێمە خواست كە ئەمڕۆ سەردانی نووسینگەی كەركوكی پەرلەمان بكەین. ئێمە بە ئەركی خۆمانی دەزانین كە مافی ئەم ناوچانە بپارێزین. ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ پێداگری له‌سه‌ر مادەی ١٤٠ی دەستوور دەكەین كە جێبەجێ بكرێت. ئه‌وه‌ش بە سێ قۆناغ ده‌كرێت كه‌ بریتین له‌، ئاسایی كردنەوە و سەرژمێری و ڕاپرسی. ئەو ماددەیەش میراتگری ماددەی ٥٨ی دەستوورە.»

ده‌رباره‌ی زیانەكانی سووتاندنی گەنجینه‌ی جووتیارانەوە، جوان یوونس گوتی، «لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ نوێنەری جووتیاران گفتوگۆمان كردووە. بڕیارە ئەوان بە داتایەك ئاماری زەرەر و زیانەكانمان پێ بدەن. ئەو كاتە ئەركی حكوومەتی عێراقە كە قەرەبووی زیانی جووتیاران بكاتەوە. ئێمە بەوردی ئاگاداری ئەو دۆخه‌ین كه‌ لە ناوچە كێشەلەسەرەكان هه‌یه‌. تەواوی دەرەنجامی سەردانەكەی ئەمڕۆمان دەكەینه‌ ڕاپۆرتێك و ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەكەین. پێشێلكارییەكی زۆر دەكرێت، دەبێت بە زووترین كات لایەنە پەیوەندیدارەكان بێنە سەر هێڵ و چارەسەری كێشەی ئەم ناوچانە بكەن.»

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ده‌رباره‌ی پرسیاری ئه‌وه‌ی بۆچی له‌ کەرکووک كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كردووه‌ گوتی، «ئێمە لەبەر ئەو باردۆخەی كە بەسەر كەركووكدا هاتووە، نەچووینە نێو كەركووكەوە و هاتینە قەرەهەنجیر. ئێره‌ش هەر كەركووكە. بەڵام مژدە بە خەڵكی كەركووكیش دەدەین كە كارێكی زۆر باش دەكەین بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەم شارە و سەردانی دووەممان بۆ نێو کەرکووک دەبێت لە داهاتوودا.»

لیژنەكەی پەلەمان لەگەڵ هەریەكه‌ لە نووسینگەی كەركووكی پەرلەمانی كوردستان و بەڕێوبەری فەرمانگە و یەكە ئیدارییە كوردییەكانی کەرکووک و جووتیاران و ڕۆژنامەنووسانی كوردی شارەكە كۆبوویه‌وه‌.

مەلا ناسر ئەندامی په‌رله‌مانی کوردستان و ئەندمی لیژنەی ناوچەکانی کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم به‌ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگه‌یاند، «به‌ گرنگمان زانی سەردانی شارەکە بکەین دوای ئەو ئاڵۆزییانه‌ی کە ڕوویانداوه‌. به‌تایبه‌ت سووتاندنی ماڵ و دەغڵی جووتیارانی کورد و دووبارە تەعریبكردنه‌وه‌ی ئەو ناوچانە. پێشتریش سەردانی چەند ناوچەیەکی وەکو خانه‌قین و کفری و جەبارەمان. هەوڵ دەدەین کێشە و گرفتەکانی خه‌ڵكی ناوچەکانی شەنگال و داقووق و مه‌خموور بگه‌یه‌نینه‌ په‌رله‌مانی کوردستان.»

ناوبراو گوتیشی، هەوڵ دەدەین لە ڕێگه‌ی لیژنە و په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌كانی په‌رله‌مانی عێراق کێشەکە چارەسەر بکەین و پێشمەرگە بگه‌ڕێته‌وه‌ ئەو ناوچانە.

s.m