پەژاک پرۆژەى "هەنگاوی کرداری" بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان بڵاودەکاتەوە

پارتى ژیانى ئازادى کوردستان (پەژاک) سبەى پرۆژەیەک بە ناوی "هەنگاوی کرداری لە پێناو هاوئەهەنگیى هێزە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان" بڵاودەکاتەوە.

دواى ئەوەى كۆمه‌ڵگا‌ی دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ١٢ى تەمووزی ٢٠١٨ / ٢١ى پووشپەڕ پرۆژەى "هەنگاوى دیموکراتیک"یان بۆ هەموو کۆمەڵگەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان بڵاوکردەوە، ئێستاش پەژاک لە پرۆژەیەک بە ناوی "هەنگاوی کرداری لە پێناو هاوئاهەنگیى هێزە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان" بڵاودەکاتەوە.

باران بێریتان ئەندامى ئەنجوومەنى پەژاک لەبارەى ئەو پرۆژەیەوە بە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF)ی راگەیاند، پرۆژەکە رێگای  چارسەرکردنی کێشەکانى حیزبەکانى رۆژهەڵات و هەوڵ بۆ هەماهەنگی و هاوئاهەنگیى زیاتر دەخاتەڕوو.

راشیگەیاند، پەژاک خۆى بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە داهاتووی رۆژهەڵاتى کوردستان و گەلی کورد و بۆ پاراستنی مافەکان و بەرژەوەندیى گەلی کورد لە ئایندەى سیاسیى ئێراندا نەخشەرێگایەکى پڕاوپڕ و هەمەلایەنە بڵاودەکاتەوە.

پێشتر پرۆژەى "هەنگاوى دیموکراتیک"ی کۆدار و پەژاک کاردانەوەی زۆری لە راى گشتى و میدیاکاندا بە دواى خۆیدا هێنابوو.

ر.م