پەکەکە: بەم هەڵمەتە تێکدەشکێن

کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، بە بەرخودانى یەکگرتووانەى مێژوویى لەسەر هێڵی سەرکەوتن پێشوازى لە نەورۆز دەکەن. راشیگەیاند "عەقڵییەتى فاشیست، داگیرکەر و پاکتاوکار تێکشکاندنى خۆیان لەسەر دەستى ئەم تێکۆشانە مێژووییە دەبینن".

کۆمیتەى بەڕێوەبەرى پەکەکە بە بۆنەى هاتنى جەژنی نەورۆزەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە چی دەکات با بیکات، چونکە ناتوانن رێگری لە هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی خۆیان بگرن.

راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە

لە دژی زوحاکی ئەم سەردەمە

"گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و مرۆڤایەتى پێشوازی لە نەورۆزێکى نوێ دەکەن. تێکۆشانی ئازادیى کوردستان بە پێشەنگایەتیى کاوەی هاوچەرخ دەستیپێکرد. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و داعش لە ئێستادا زوحاکی مرۆڤایەتین و بەرەو تێکشکاندن دەڕۆن و تێکیشدەشکێنرێن. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە بەڕاستی ئەفسانەى ٢٦٣١ ساڵ لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بە بەهێزی و سەرلەنوێ دەژیەتەوە. راستیى سەرکەوتن، بەرخودان و یەکێتیى نەورۆزی جەژنی ئازادی، کە کۆنترین جەژنى مرۆڤایەتییە لە تێکۆشانی ئەمڕۆماندا زۆر زیاتر مانادارە و مانای زیاتر دەبەخشێت. لە کاوەى شۆڕشگێڕ و خوڵقێنەری نەورۆز تاوەکو کاوەی هاوچەرخ مەزڵوم دۆغان و زەکییە ئالکان و هەموو شەهیدە قارەمانەکانى تێکۆشانی ئازادیى گەلەکەمان باڵادەکات و دەژی.

ئێمە بە گوێرەی راستى و گەوهەرەکەی پێشوازی لە نەورۆز دەکەین و دەیژیەنیننەوە

ئێمە بزووتنەوە و گەل بە هەڵمەتى 'گۆشەگیرى تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین' پێشوازی لە نەورۆزی  ٢٦٣١ دەکەین و دەیبوژێنینەوە. بەرخودانى چالاکییەکانى مانگرتنی گەورە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە ١٣٠ رۆژی تێپەڕاندووە. گەلەکەمان و هێزە دیموکراتیکەکان بە دەوری چالاکییەکانى مانگرتندا بە پێشەنگایەتیى هێزی گەریلاى قارەمانمان بەرخودانێکى دژە فاشیستیى مێژویى بەڕێوەدەبەن. بە تێگەیشتن و هۆشیارییەکى گەورەوە، بە بڕوا و ورەی بەرخودێرانەوە تێکۆشانی ئازادی بەشێوەیەکى هەمەلایەنە لەگەڵ راستیى نەورۆز بە دروستترین و راستترین شێوە دەژیەنینەوە.

دەبێتە شایەتی سەرکەوتنى ئازادی

لەو چوارچێوەیەدا پێش هەمووان جەژنی ئازادیى نەورۆز لە رێبەر ئاپۆ، لەیلا گیوڤەن، ناسر یاگز وهەموو بەرخودێرانى مانگرتوو، هەموو هاوڕێیانی حیزبمان، گەلە وڵاتپارێزەکەمان، هێزە دیموکراتیکەکان و مرۆڤایەتى پیرۆز دەکەین. سڵاو لەو بەرخودێرانە دەکەین، کە مێژوو دەنووسن و لە نەورۆزی نوێدا سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. هەروەها لە کەسایەتیى شەهیدی نەورۆزماندا مەزڵوم دۆغان، مەعسوم کۆرکماز، زەکییە ئالکان، رەهشان دەمیرەڵ، رۆناهی و بێریڤان دا هەموو شەهیدانى ئازادی بە رێزەوە یاد دەکەینەوە و یادیان بەرز رادەگرین. بەڵێنى هێنانەدیى ئامانج و خەونەکانیان دەدەین. هیوا و بڕوامان بەوەیە، کە ئەم نەورۆزە ببێتە شایەتێکى گەورە بۆ گەورەترین سەرکەوتن.

داگیرکەر تیرۆری فاشیستیانەى زیاتر دەکات

شەڕی جیهانیى سێیەم کە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەستپێکردووە چووەتە ٣٠هەمین ساڵەوە. بێگومان گرنگترین بەش و مانادارترین بەشی ئەو شەڕە لە کوردستان لە دژی داعش و فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەڕێوەچووە. سیاسەت و عەقڵییەتی پاکتاوکارانە و داگیرکەرانە بەسەر گەلی کورددا سەپێنرا و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەموو جیهاندا خۆی وەک تیرۆری فاشیزم و دیکتاتۆر خستە بواری کردارییەوە. بە ئاشکرا هێشتنەوەى کوردستان لە ژێر نیری داگیرکەری و پاکتاوکاریدا و هەروەها لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەموو جیهاندا تیرۆری فاشیزمی پاکتاوکار لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەدەچێت. ئەوەش لە ئەشکەنجەى ئیمراڵی و سیستمى گۆشەگیریدا خۆی بە ئاشکرا دەخاتەڕوو. لەو کاتەدا پێویستە هەموو کەسێک و ئەوانەى کە بەڕاستى دەڵێن، ئێمە لە دژی گوشارەکانى فاشیزم، تیرۆر و پاکتاوکارین، دەبێت لە دژی باڵادەستیى پاکتاوکاری و داگیرکەری لە کوردستان، گۆشەگیری لە ئیمراڵی و سیستمى ئەشکەنجە بوەستنەوە.

ئێمە بانگ لە هەموو کەسێک دەکەین، کە راستى ببینێت

  ئێمە بزووتنەوەى ئازادی و گەلی کورد لە دژی داعش و فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە زوحاکەکانى ئەم سەردەمەن هەموو باجێک دەدەین، تێکۆشانی ئازادیى مێژوویى بەڕێوەدەبەین. ئێمە لە دژی عەقڵییەت و سیاسەتى فاشیستی – پاکتاوکار و دڕەندە – بەربەری مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست، کە لە دژی هەموو مرۆڤایەتییە، رێپێوانێکمان بۆ مرۆڤایەتیى ئازاد، کە مێژوو دەپارێزێت دەستپێکردووە. ئێمە بە لێدان لە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و لاوازکردنى داعش و عەقڵیەتە هاوشێوەکانیان، وەک لە نمونەى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا بینرا، بە پاککردنەوەى عەقڵییەتی دواکەوتوانەوەى وەک داعش، هەموو مرۆڤایەتى لەتیرۆری فاشیست و بەڵاى پاکتاوکاری و کوشتار دەپارێزین و رزگاریان دەکەین. پێویستە هەموو کەسێک ئەو راستییە ببینێت و دادپەروەرانە بجوڵێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە بانگ لە هەموو کەسانی لایەنگری دیموکراسى دەکەین، کە ئەو راستییە ببینن و لە دژی داگیرکەریى کۆماری تورکیا لە کوردستان بوەستنەوە، راستیى گەلی کورد ببینن، کە نوێنەرایەتیى گەلانى دیموکراتیک دەکات.

ئەوان ناتوانن رێگری لە هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی خۆیان بگرن

ئێمە تەڤگەر و گەل نەورۆزی ساڵی ٢٦٣١ لەسەر هێڵی سەرکەوتن بە بەرخودانى مێژوویى هەمەلایەنە پێشواز دەکەین. ئەو دۆخە لە کەسایەتیى دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە دا عەقڵییەتى فاشیست شێت و هار دەکات. چونکە لەناوچوون و سیاسەتى هەڵوەشاندنەوەى ئەو عەقڵیەتە پاکتاوکار، فاشیست و داگیرکەرە لەم تێکۆشانە مێژووییەدا بەدی دێت. دیکتاتۆریى ئەردۆغان – باخچەلیى فاشیست شێت و هاربوون و هێرش دەکەن و وشەی سوک بەکار دەهێنن و هیچ سنوور و پێوەرەێکى حقوقی و یاسایى و ئەخلاقییان نییە، هەموو رۆژێک دەیان مرۆڤ دەکوژن و زیندانەکانیان پڕکردووە لە مرۆڤ، سیستمى گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی وەک شێوەى بەڕێوەبەریى خۆیان پەیڕەو دەکەن و بەسەر هەموو تورکیادا دەیسەپێنن و وەک پاشاکانى ئیتحاد و تەرەقی هەڕەشەى دەرکردن لە وڵاتى خۆمانمان لێدەکەن، کە ١٠ هەزار ساڵە گەلەکەمان تیایدا دەژی، بەڵام هەر چییەک بکەن هیچ سوودێکى بۆ پێشگرتن لە ترسی ئەجەل نابێت، یانی ناتوانن رێگری لە هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی خۆیان بگرن. لە بەرامبەر هەڵمەتى ئازادیى گەلەکەمان، کە بەرەو پێش دەچێت، ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە رەوانەى زبڵدانى مێژووی دەکرێن و لەبەر ئەوەش سات بە سات ترسەکەیان زیاتر دەبێت و تاوەکو دێت ترسەکەیان دەبێتە لەرز.

تێکۆشان گەورە دەبێت

ئەوە بە ئاشکرا دەبینرێت تاوەکو هێرشی پاکتاوکار – فاشیست و کۆمەڵکوژییەکانیان زیاتر دەکات، تێکۆشانی گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات بەرەو پێشتر دەڕوات و گەورەتر دەبێت. گەلەکەمان لە باکوور و هێزە دیموکراتیکەکان خۆیان ئامادە دەکەن کە لەهەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا لە ٣١ی ئادار دا وانەیەکى نوێ بە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دابدەن. گەلەکەمان لە رۆژئاوا لە پێش هەموانەوە لەگەڵ عەرەب و هەموو گەلانى سوریادا یەکبوونی خۆی دروستکرد و چەتەکانى داعشیان تێکشکاند و سیستمی پاراستنى ئازادیی خۆیان بونیاتنا. گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بە راپەڕینى شیلادزێ لە دژی هێرشەکانى فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و داگیرکەرییەکانى تورک ناڕەزایەتیى خۆیان ئاشکرا کرد و بانگیان لە هەموو وڵاتپارێزانى کوردستان کرد، کە یەکێتییەکى لەوجۆرە دروست بکەن. گەلەکەمان لە رۆژهەڵات کە پشتوانى لە هەموو بەرخودانەکانى پارچەکانى تری کوردستان دەکات ئەوە دەزانێت، کە هێزی شۆڕشگێری مێژوویى بەپێى هەموو هەلومەرجەکان ئامادە بکات و ئامادەکاریى خۆی بۆ دەکات. گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە دەرەوەى وڵات لە بەرخودانی ئازایانە و فیداکارانەدان و پێشیدەخەن و پێشەنگایەتى بۆ هەڵمەتى سەرکەوتن دەکەن.

ساڵی نوێ و نەورۆز بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین و دەیڕازێنینەوە

ئێمە بزووتنەوە و گەل لەسەر ئەو بنەمایە پێشوازی لە نەورۆزی ٢٦٣١ دەکەین. ئازادی، یەکێتیى بەرخودان و مانای سەرکەوتن بەو شێوەیە دەبوژێنینەوە. لە هەموو شوێنێکدا بە پێشەنگایەتیى ژنان و گەنجان چالاکییەکانى ئازادی پێشدەکەون. بە پێشەنگایەتیى چالاکییەکانى مانگرتن لە چوارچێوەى هەڵمەتى 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەین' هەڵمەتى بەرخودان گەورە دەبێت و بەرەو سەرکەوتن دەڕوات. قارەمانێتیى مەزڵوم و عەگید، هێڵی سەرکەوتن و بەرخودانى ١٤ی تەمووز رێنیشاندەری ئەم بەرخودانە مێژووییە دەکەن. بە پیرۆزبایى نەورۆز بەرخودان دەگاتە لوتکە و لە ساڵی نوێ و نەورۆزدا بە ئاشکرا ئەوە دەبینرێت، کە بە سەرکەوتن تاجدار دەکرێن و دەڕزاێنرێنەوە.

 ئێمە شەقام و گۆڕەپانەکان پڕ دەکەین و پیرۆزی دەکەین

لەسەر ئەو بنەمایە جارێکیتر نەورۆز لە هەموان پیرۆز دەکەین. لە پێش هەموانیشەوە بانگ لە هەموو ژنان و گەنجان و گەلەکەمان و  دۆستەکانمان دەکەین کە زیاتر و باشتر لەوەی، کە هەیە خاوەنداری لە هەڵمەتى بەرخودانی 'گۆشەگیری تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین،  کوردستان ئازاد دەکەین' بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن بکەن و چالاکییەکانى ئازادی بەرفراوانتر بکەن بە هەموو شەقام و گۆڕەپان و کۆڵانێکدا بڵاوى بکەنەوە. هەڵمەتی بەرخودانەکەمان لەسەر هێڵی قارەمانیى مەزڵوم و مەعسوم بەڕێوەدەچەن، بۆیە بە دڵنیایەوە سەرکەوتن تۆمار دەکات. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە بانگ لە هەمووان دەکەین، کە نەورۆز، جەژنی ئازادی لە جۆش و خرۆشێکى گەورەدا لە گۆڕەپان و شەقامەکان پیرۆز بکەن".

ر.م