چارەنووسی زیندانیى سیاسیى کورد کەمال حەسەن رەمەزان نادیارە

ماەى ٥ رۆژە هیچ هەواڵێک لەبارەی کەمال حەسەن رەمەزان زیندانیى سیاسیى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان، کە لە زیندانى ورمێ سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنراوە، لە بەردەستدا نییە.

زیندانیى سیاسیى کورد کەمال حەسەن رەمەزان ماوەى ٥ ساڵە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستگیرکراوە و سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنراوە.

کەمال حەسەن رەمەزان خەڵکى رۆژئاواى کوردستانە و لە رۆژى دووشەممەى رابردووە لە زیندانی ورمێ-ەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکى نایادر.

بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتوون، کەمال حەسەن رەمەزان لە رۆژی دووشەممەى رابردووە بەپاساوى گواستنەوەى بۆ زیندانى سوپاى پاسداران لە زیندانى ورمێ براوەتە دەرەوە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەى ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەوە لە بەردەستدا نییە.

گواستنەوەى ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ زیندانى دەزگایەکى ئەمنى و سەربازی، نیگەرانیى لەبارەى هەوڵدان بۆ ئازار و ئەشکەنجەدان و جێبەجێکردنى سزاکەى، زیادکردووە.

پێشتریش دەزگا ئەمنى و سیاسییەکانى ئێران گوشارێکى زۆریان خستبووە سەر ئەو زیندانییە سیاسییە تاوەکو ناچارى بکەن لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا دان پیادانانى تەلەفزیۆنى ئەنجام بدات.

هاوکات تۆڕی مافى مرۆڤی کوردستان ئەمڕۆ راگەیاندراوێکى رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ (لێبوردنى نێودەوڵەتى) لەبارەى چارەنووسى کەمال حەسەن رەمەزان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، کەمال حەسەن رەمەزان زیندانیى کوردى سوریا لە ئێران مەترسیى لەسێدارەدانى لەسەرە و ئەگەری جێبەجێکردنى سزاکەى مەترسیى لەسەر ژیانى دروستکردووە، بۆیە داواى کردووە بە خێرایى سزاکەى هەڵبوەشێتەوە.  

لە راگەیاندراوەکەى رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتیدا هاتووە، ئەو چالاکوانە سیاسییە لەسەر ٢ دۆسیەى جیاواز سزای بەسەردا سەپێنراوە. یەکێکیان پەیوەندیى بە ٣ ساڵ پێش دەستگیرکردنى کەمال حەسەن رەمەزانەوە هەیە، کە بەهۆى شەڕێکەوە ئەندامێکى سوپاى پاسداران کوژراوە. سەربارى ئەوەى چەندین جار کەمال حەسەن رەمەزان ئەو تۆمەتەى رەتکردووەتەوە، بەڵام لەسەر داواى دەزگاى ئەمنییەکانى ئێران لەلایەن لقی ٣ى دادگاى شۆڕش لە ورمێ-ەوە سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها لە دواى دەستگیرکردنى لەسەر دۆسیەیەکى تر و بە تۆمەتى ئەندامبوون لە پەکەکەدا لەلایەن لقی ٢ى دادگاى شۆڕشی ورمێ-ەوە سزاى ١٠ ساڵ زیندانیى بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێى راگەیاندراوەکەى لێبوردنى نێودەوڵەتى، لە ماوەى ٢ ساڵی رابردوودا کەمال حەسەن رەمەزان ٣ جار لە زیندانى ورمێ-ەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانى ئیتڵاعاتى سوپا پاسداران و زیندانی وەزارەتى ئیتڵاعات و لەسەر روودانى شەڕێک، کە ٣ ساڵ پێش دەستگیرکردنى روویداوە، لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا کراوە.

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى داوایکردووە، بە خێرایى سزاى لەسێدارەدانى سەر ئەو ئەو زیندانییە سیاسییە هەڵبوەشێتەوە و چارەنووسی روون بکرێتەوە.

ر.م