کاڵکان: ١٥ی تەباخ رەگە و ئازایەتییە بۆ تێکشکاندنی دوژمن

دوران کاڵکان ئەندامی دەستەى بەرێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند "هەڵمەتى گەریلایى ١٥ی تەباخ (ئاب) رەگە و لە کوردستاندا ئازایەتییە بۆ تێکشکاندنی دوژمن و ئافراندنى ژیانی نوێ.

دوران کاڵکان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە بە بۆنەی ٣٥هەمین ساڵیادی هەڵمەتى ١٥ی تەباخەوە رایگەیاند، هەڵمەتى ١٥ی تەباخ هەڵوێستى گەورە و مێژوویى گەلێکە لە دژی رژێمێکی فاشیستی داگیرکەر – پاکتاوکار، کە پشتیوانى لە هێزە دواکەوتووەکانی دونیا وەردەگرێت. ئەو بەرخودانە ماوەى ٣٥ ساڵە بە هێزی خۆی و بە شێوەیەکى نەپساوە و بە قوربانیدانێکى زۆرەوە تێدەکۆشێت.

کاڵکان راشیگەیاند، گەلی کورد ئەو چارەنووسەى بە سەریدا سەپێنرابوو تێکیشکاند و وتى "ئەگەر هەڵمەتى گەریلایى ١٥ی تەباخ نەبوایە، لە باکووری کوردستان و لە ژێر دەسەڵاتى تورکیادا شتێک نەدەبوو بە ناوی کوردێتییەوە. ئەگەر ئەوەى دەوڵەتى تورک دەیخواست لە باکووری کوردستان روویبدایە، ئەوا کاریگەریشی لەسەر پارچەکانى تری کوردستان دەکرد و لە پارچەکانى تری کوردستانیش شتێک بە ناوی کوردایەتییەوە نەدەما.

کاڵکان وتی: "نە لە باشوور، نە لە ڕۆژئاوا ئەوەی ئێستا هەیە نەدەبوو. نە لە ڕۆژهەڵاتیش هیوای ئازادی وەک ئێستا دەخوڵقا. لە دەرەوەی وڵاتیش هۆشمەندیی ئازادی و ڕێکخستن لە نێو کوردان بەو شێوەیەی ئێستا نەدەبوو و هەموویان لەناو دەبران.

لەدژی ئەو عەقڵییەتە، کە لەناوبردنی گەلی کورد و کوردستانی دەسەپاند، هەڵمەتی ١٥ی تەباخ دەستیپێکرد. بۆ ئەوەی پێش بەو لەناوبردنە بگیرێت، بۆ مانەوە و ژیانی ئازاد، پێویستی بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ هەبوو. هەڵمەتەکەی گەریلا بۆ ئەوە بوو".

وران کاڵکان ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی پەکەکە ڕاشیگەیاند، هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بۆ ئازادی و مانەوەی ڕاستیی بەرخودانی هێڵی قارەمانێتیی خوڵقاند و حیزبی خستە سەر هێڵی بەرخودان.

کاڵکان وتیشی: "سەلماندی ئامانجەکانی ئازادی و دیموکراسی بە چ تاکتیک و ستراتیژییەک دەتوانرێت بەدی بێت. بۆیە تاکتیکی بۆ حیزب ئافراند. ئەو بڕیارەی ژیانی ئازاد کە لە زیندانی ئامەد لە ساڵی ١٩٨٢ درا، گەیاندرایە چیا و لە چوارچێوەی بەرخودانی گەریلادا درێژەى پێدرا".

کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتی ١٥ی تەباخ بایەخ و گرنگیى خۆپاراستنی سەلماند، بۆ مانەوە و ئازادی پێویستی بە زانابوون، ڕێکخستنبوون و بەرخودانی سەلماند و ئەوەشی وت: "پەکەکەی کرد بە پەکەکە و هەم گەلی کوردیشی خستە ناو هۆشیارییەکی لەمجۆرە. بۆ جارێکیترت هەڵە و ڕاستیی سەلماندەوە".

کاڵکان لە درێژەدا وتی: "سەرکەوتنی شۆڕشی ژیانەوەی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان، دەستپێکردنی شۆڕشی ئازادیی ژن، خوڵقاندنی نەتەوەبوونی دیموکراتیک، هاتنەدیی ستاتۆ و پێگەی باشووری کوردستان، گەشانەوەی شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاوا وەکو ئەستێرەیەکی ئازادی، بەهێزبوونی هیوای ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەڕان بەدوای عەقلییەتی ئازادی نەتەوەی دیموکراتیک لە ناو کورد دا لە هەرچوار لای جیهانەوەیە... و بە کورتی بەناوی هەبوونی ئازادی هەموو شتێک بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ و تێکۆشانی ئازادیی ئەم ٣٥ ساڵەی ئەم دواییە ئافرێنرا. هەموو ئەو بەهایانەی کە لە هەموو کوردستان و دەرەوەی وڵات لە ماوەی ئەو ٣٥ ساڵەدا بۆ مانەوە و ئازادی ئافرێنراون پەیوەندییان بە هەڵمەتی ١٥ی تەباخەوە هەیە".

کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، ١٥ی تەباخ هەموو شتێکی پێشکەشی گەلی کورد کرد و لەبەر ئەوەی کورد ژیانەوەی خۆی لەناو ئەو هەڵمەتەدا دیت، تێگەیشتن، کە بەو تێکۆشانە دەتوانن مانەوەی خۆیان بپارێزن و ئازاد ببن، بە جۆش و خرۆشەوە ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن.

کاڵکان ڕایگەیاند، هەڵمەتی گەورەی ١٥ی تەباخ و ڕۆحی سەرکەوتن لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێز و زیندووە و وتی: "لەسەر هێڵی بەرخودانی ١٤ی تەمموزدا ئێمە چالاکی مێژوویی ئەنجام دەدەین. لە هێڵی هەڵمەتی گەریلایی ١٥ی تەباخدا ئێمە هەموو ڕۆژێک گورز لە دوژمن دەوەشێنین، چالاکی قارەمانانە ئەنجام دەدەین و ئەوە ڕاستییەکی ئاشکرایە. بۆیە هەمان ڕۆح، هەمان ئیرادە، هەمان بوێری و گیانفیدایی بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوامە.

پێش هەموو شتێک، ئێمە لەدژی دوژمن و هەمان عەقلییەت تێدەکۆشین. ئەو سیاسەت و عەقڵییەتەی فاشیستی قڕکەر، کە دەیەوێت کورد لەناو ببات، گورزی قورسی بەرکەوتووە و ڕیسوا بووە، بەڵام هێشتاش دەیەوێت قڕکەری و پاکتاوکاری بکات. بە نوێکردنەوەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە وەرگرتنی پشتیوانی لە هێزە پیلانگێڕەکان دەیەوێت بەردەوام بێت لە هێرشەکانی".

کاڵکان لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەو وتەیەی ''ئێمە لە سەرەتای مێژوودا شاراوەین" لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەبیرهێنایەوە و وتی: "مێژوو بە کۆمەڵایەتیبوونەوە دەستیپێکرد، ئێمەش نوێنەرایەتیی کۆمەڵایەتیبوونی دیموکراتیک دەکەین. هەندێک هێز دواتر ویستیان ئەوە لەناو ببەن، بەڵام ئێمە لەو ناوچەیەوە هاتووین و پشتبەستووین بەم ناوچەیە. وتەی 'مێژوو لە ڕۆژگاری ئێمەدا شاراوەیە' بە مانای ئەوەیە، کە لەڕووی مێژووییەوە بەها ون نابێت و بەردەوام نوێ دەبێتەوە و بەهێز دەبێت و گەورە دەبێت و دەگۆڕێت، بەڵام ڕیشەکەی لەو مێژووەدا دەمێنێتەوە. بۆیە بەرخودانی ڕۆژووی مردنی گەورەی ١٤ی تەمموز ڕیشەیە. هێڵی بەرخودانی گیانفیدایی پەکەکەی ئاشکرا کردووە. هەڵمەتی گەریلایی ١٥ی تەباخ ڕیشەیە، لە کوردستان بوێری بۆ تێکشکاندنی دوژمن و گیانفیدایی و ئیرادەی خوڵقاندووە".

کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڕۆح و فیداکاری و بوێرییە، کە ١٤ی تەمموز و ١٥ی تەباخ نوێنەرایەتیی دەکەن، لەم سەردەمەشدا بەردەوامە و وتی: "بە هەمان ڕۆح و هێڵ تێکۆشان بەڕێوەدەچێت. لە ڕێبازی تێکۆشاندا، لە سیستمێکی ڕێکخستنبوون و تاکتیکیدا نوێبوونەوە و پێشکەوتنی گرنگ هەیە. زیاتر و زیاتر گەورە بووە و بەرەو سەرکەوتن دەچێت".

دوران کاڵکان ئەوەشی وت، دەبێت هەمووان لە ناو ئەو هێڵەی بەرخوداندا خۆیان بخەنە ناو پراکتیک و وتیشی: "دڵنیام لەوەی گەنجان، ژنان و گەلەکەمان لەو چوارچێوەیەدا، دەست بە ٣٦هەمین ساڵی هەڵمەتەکە دەکەن".

ژ.ت