کۆمسیۆنی باری نائاسایی تورکیا خۆی وەک داواکاری گشتی دەبینێت

ئەو کەسانەی کە لە شاری وان لەسەر کار دەرکرابوون، داواکارییەکی ناڕەزایەتییان پێشکەش بە کۆمسیۆنی باری نائاسایی کرد، بەڵام داواکارییەکەیان بە بیانووی 'زانیاری هەواڵگری'یەوە پەسەند نەکرا.

سەدان کارمەندی جەماوەریی لە شاری وان بە بڕیارێکى یاساى کاتى بارى نائاسایى لەسەر کار دەرکرابوون. ئەو کەسانە داواییەکیان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باری نائاسایی تورکیا کرد و تانەیان لەو بڕیارە دا. کۆمسیۆنەکەش وەڵامی داواکەیانی دایەوە. کۆمسیۆنی باری نائاسایی تورکیا هەتا ئێستا تەماشای داوای ناڕەزایەتیی و تانەی ٣٠٠ کارمەندی لەسەر کار دەرکراویان کردووە، بەڵام داوای ئەو کارمەندانەیان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان ڕەتکردووەتەوە. ئەو کۆمسیۆنە لە ڕاپۆرتەکەیدا لەبارەی کارمەندانی دەرکراوەوە سکاڵایەک ئامادە دەکات، بەڵام هەندێک لە کارمەندە کوردەکان وەک تاوانبار ناو دەبات.

لە وەڵامی کۆمسیۆنەکەدا، ئەم دێڕە هەمیشە دووبارە دەکرێتەوە "بە گوێرەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە بە دەست ئێمە گەیشتووە". بە گوێرەی بۆچوونی یاساناسان، دەبێت لەسەر زانیاریی هەواڵگری بەڵگە هەبن. بەڵام کۆمسیۆنی باری نائاسایی تورکیا، لەبری ئەوەی بەو شێوەیە کار بکات، وەک داواکاری گشتیی نامە لەبارەی دۆسیەی پۆلیسەکانەوە ئامادە دەکات. لە ڕاپۆرتی ئەو کۆمسیۆنەشدا، کارمەندان وەک 'ئەندامی ڕێکخستن' ناویان دەهێنرێت.

یاساناس چیفتچیلەر: نابێت زانیاریی سیخووڕیی لە دژی مرۆڤ بەکاربهێنرێت

یاساناس ئەرهان چیفتچیلەر، لەبارەی ئەو پرسەوە هەڵسەنگاندێکی یاسایی کرد و دەستنیشانی کرد، بە گوێرەی یاسای کاری پۆلیس، دەربارەی زانیاری هەواڵگری دەبێت بەڵگە پێشکەش بکرێن و بسەلمێنرێت کە ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە ڕاست و دروستن یان نا. ئەگەرنا، بە بێ بەڵگە نابێت زانیاری هەواڵگری ببێتە هۆکاری لێپرسینەوە و بڕیاردان لەسەر هەر پۆلیسێک. وتیشی "زانیاری بەو شێوەیەش لەناو یاسادا خاوەن باوەڕ و متمانە نین و نابێت لە دادگا وەک بەڵگە بەکاربهێنرێن. بەکورتی نابێت زانیاریی هەواڵگری لە دژی مرۆڤ بەکاربهێنرێت".

وتیشی "زانیاریی هەواڵگری پێشکەش بە داواکاریی گشتیی دەکرێت لە فەرمانگەی ئاسایش و پاش ئەوەی بەڵگەکان لەسەر کەسەکە ساغ بوویەوە، ئەوکات دەتوانن ئەو بەڵگانە پێشکەش بە دادگا بکەن. بەڵام لە ئێستادا ئەوان بەم شێوە یاساییە کارەکانیان ئەنجام نەداوە. بۆئەوەی داواکاری ئەو کارمەندە لەسەر کار دەرکراوانە پەسەند نەکرێت، نامە ئامادە کراون و بڕیاری نەرێنی لەسەریان دراوە. هەرچۆنێکیش بێت ئەم نایاساییە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکانیشدا نایەتەوە کە مرۆڤ لەسەر تێڕوانینی خۆی لەسەر کار دەربکرێت".

هەوڵ دەدەن کارمەندان تاوانبار بکەن

ئەمانەی خوارەوە، چەند نموونەیەکن لە وەڵامەکانی کۆمسیۆنی باری نائاسایی تورکیا لەسەر داواکاریی کارمەندانی لەسەر کار دەرکراوی شاری وان:

یەکەم: بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرۆکی فەرمانگەی کۆمەڵایەتییەوە بەدەستمان گەیشتووە، داواکار ئەندامی لقی شاری وانی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە و پێشخستنی زمانی کوردییە، کە ئەو کۆمەڵەیە بە بیانووی ئەوەی سەر بە پەکەکە و کەجەکەیە داخراوە.

دووەم: کۆمسیۆنی والیەتی دیاریی کردووە، کە داواکار ئەندامی پەکەکە/کەجەکە یە و پەیوەندیی بەوانەوە هەیە.

سێیەم: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە  سیستمى توڕی زانیاریى نەتەوەیى دادوەری (یو وای ئەی پی - UYAP) یەوە وەرگیراوە. داواکار بەشداری لە چالاکی و کۆبوونەوەی جەماوەریی بێ مۆڵەتدا کردووە.

بەو شێوەیەش، ئەندامانی کۆمسیۆنی باری نائاسایی تورکیا، زیادەڕەویی دەکەن و بە وێنەی داواکاری گشتیی باسی ئایدۆلۆژیی و ستراتیژیەتی پەکەکە دەکەن و هەوڵ دەدەن کارمەندان تاوانبار دەکەن.

ر.م