کەژار: قۆناغێکی نوێی نێونەتەوەیی بۆ قڕکردنی گەلی کورد دەستی پێکردووە

دەستەى بەرێوەبەریی کۆمەڵگەى ژنانى ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان (کەژار - KJAR) راگەیاندراوێکى لەبارەى هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بۆ سەر کۆبانێ و بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ و تێکۆشەر راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى کەژاردا هاتووە، "لە رۆژئاوای کوردستان‌دا بە بێ زانیاری ئامریکا و روسیا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناتوانێت هێرشێکی بەم شێوەیە پێک بێنێت. دیارە کە ئەم هێرشە بە بێ ئەرێ کردنی هێزە نێونەتەوەییەکان درووست نەبووە و ئەمەش دیاریکەری ئەوەیە کە قۆناغێکی نوێی کۆنسێپتی نێونەتەوەیی بە ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد دەستی پێ کردووە".

ئاماژە بەوەشکراوە "زۆر بە زانابوونەوە کۆبانی بە ئامانج گیراوە؛ چونکە کۆبانی بە خۆڕاگری سەدە، مێژووی نووسی. ئەوانەی کە پێشەنگایەتی ئەم بەرخۆدانەشیان کرد ژن بوون. کۆبانی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بوو بە سەمبووڵی خۆڕاگری، بۆ مرۆڤایەتی ئازادیخواز بوو بە هیوا، بڕوا و نمونەی ژیانی کۆمیناڵ و ئازاد".

لە راگەیاندراوەکەى کەژاردا ئەوەش هاتووە "بانگ لە سەرجەم ژنە ئازادی‌خواز و کەسە دیموکرات، سۆسیالیست و ژینگەپارێزەکان دەکەین، تاوەکوو بە تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە مێژووییە، بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانی لەبەرامبەر قڕکردن و داگیرکاری ببنە یەک؛ هەتاکوو سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی مسۆگەر بکەین".

دەقی راگەیاندراوەکەى کەژار

بۆ راگەیاندن و رای گشتی:

هێرشە هەرە دواییەکان کە لە رۆژئاوای کوردستان پێکهاتن، جاری یەکەم و هێرشێکی ئاسایی نییە. هێرش‌گەلێک کە لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، بە هاوکاری هێزە نێونەتەوەییەکان پێک‌دێن؛ بەردەوامی هێرشەکان لەسەر خاکی باشووری کوردستانن؛ بەم هۆیەوە لە هێرش‌گەلێک‌دا کە لەسەر کوردستان دەکرێن، تەنیا پەکەکە و گریلاکانی کوردستان بە ئامانج ناگیرێن بەڵکو، ئامانج قڕکردنی تەواوەتی گەلی کورد و کوردستانە. لە رۆژئاوای کوردستان‌دا بە بێ زانیاری ئامریکا و روسیا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناتوانێت هێرشێکی بەم شێوەیە پێک بێنێت. دیارە کە ئەم هێرشە بە بێ ئەرێ کردنی هێزە نێونەتەوەییەکان درووست نەبووە و ئەمەش دیاریکەری ئەوەیە کە قۆناغێکی نوێی کۆنسێپتی نێونەتەوەیی بە ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد دەستی پێ کردووە.

دوژمنە قڕکەرەکان بە پشتگیری هێزە نێونەتەوەییەکان هێرشەکانیان فراوان دەکەن و ئیدی هیچ سنوورێک ناناسن. لە هەر چوار پارچەی کوردستان هێرش دەکەنە سەر دەسکەوتی گەلی کورد بەتایبەتیش دەسکەوتی ژنی کورد. دوژمنە سوێندخواردووەکانی کورد لە بەرامبەر دەسکەوت و ئازادی کوردان خۆیان بۆ ناگیرێت و خوازیارن تۆڵەی تێکچوونی خۆیان لە ژنانی کورد بستێنن. ئەمەمان لە هێرشەکانی ٤ی پوشپەڕی ٢٠١٥ و هەرە دواییش لە ٣ی پوشپەڕی ٢٠٢٠ لە کۆبانی‌دا دیت. زۆر بە زانابوونەوە کۆبانی بە ئامانج گیراوە؛ چونکە کۆبانی بە خۆڕاگری سەدە، مێژووی نووسی. ئەوانەی کە پێشەنگایەتی ئەم بەرخۆدانەشیان کرد ژن بوون. کۆبانی بۆ مێژووی مرۆڤایەتی بوو بە سەمبووڵی خۆڕاگری، بۆ مرۆڤایەتی ئازادیخواز بوو بە هیوا، بڕوا و نمونەی ژیانی کۆمیناڵ و ئازاد. سەرەڕای سەرجەم هێرش و زەختان بە ئیرادەی گەلی کورد و کەسە سۆسیالیست و ئازادیخوازەکان، لە شارێکی وێران کراوەوە سەرلەنوێ شارێکی ئازاد ئاواکرا. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەرەڕای هەموو هەوڵدانەکانی نەیتوانی کۆبانی تێک ببات و بە پێچەوانەوە بۆخۆی شکەستی خوارد؛ بۆ ئەمەش هێرش دەکاتەوە سەر کۆبانی.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەی دواییدا سێ ژنی تێکۆشەر بە ناوەکانی زەهرا بەرکاڵ، دایە ئەمینە وەیسی و هەبوون مەلاخەلیل قەتڵ کران. زەهرا بەرکاڵی ٣٣ساڵە ئەندامی کۆنگرەی ستار بوو. تەواوی ژیانی خۆی بۆ بەرگری‌کردن لە ژنان تەرخان کرد. بەردەوام بۆ پاراستنی مافی ژنان لەناو هەوڵدان‌دا بوو. دایکە ئەمینەش خاوەن ٥ منداڵ بوو. وەکوو ژنێکی نیشتمان‌پەروەر لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر خاکی دایک و باوکی خۆی لە هەوڵدانی ژیانێکی نوێ، ئازاد و یەکسان‌دا بوو. هەبوون مەلاخەلیلش وەکوو ئەندامی کۆنگرەی ستار بۆ ئازادی ژنان تێکۆشانی دەکرد.

لە رۆژئاوای کوردستان‌دا ئەوە جاری یەکەم نییە کە ژنان دەبن بە ئامانجی داگیرکەران. کردەوە هۆڤەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە دەیان جار لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی ئاشکرا بووە. لە بەرامبەر رێکخستن‌بوونی ژنانی کورد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردەوام لەناو هێرشێک دایە کە ئەم هێرشانە نە تەنیا لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێن بەڵکو، لە هەموو بەشەکانی کوردستان هێرش لەسەر ژنان دەکرێت. لە باکووری کوردستان هێرش کردنە سەر رێکخراو و دەزگاکانی ژنان،گرتن و قەتڵ‌کردنی ژنان و پەسەند نەکردنی ئیرادەی ژنان وەکوو هاوسەرۆکایەتی کردەوە هەرە بەرچاوەکانێتی. لە باشووری کوردستان رۆژانە بە بۆمباران کردنی خاکی کوردستانەوە ژنان رووبەڕووی قڕکردنی جەستەیی، رۆحی و ئابووری دەبنەوە.

لەبەرامبەر ئەم هێرشە قڕکەرانە پێویستە کە گەلی کورد بێ دەنگ نەمێنێت. ئێمە وەکوو کەژار سەرەتا قەتڵ‌کردنی سێ ژنی تێکۆشەر شەرمەزار دەکەین و لەبەرامبەر شەهادەتی ئەوان سوێندی سەرکەوتنی تێکۆشانمان دووپات دەکەینەوە. بانگ لە سەرجەم ژنە ئازادی‌خواز و کەسە دیموکرات، سۆسیالیست و ژینگەپارێزەکان دەکەین، تاوەکوو بە تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە مێژووییە، بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانی لەبەرامبەر قڕکردن و داگیرکاری ببنە یەک؛ هەتاکوو سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی مسۆگەر بکەین.

ژ.ت