گه‌ریلا: خواكورك ده‌بێته‌ گۆڕستان بۆ داگیركه‌ران

گه‌ریلاكانی خواكورك ده‌ڵێن، لووله‌ی تفه‌نگه‌كانمان له‌ داگیركه‌رانه‌، چۆن هاتوون ده‌بێ ئاوا بگه‌ڕێنه‌وه‌.

گه‌ریلاكانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه‌) كه‌ له‌ خواكورك له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك به‌رخۆدان ده‌كه‌ن بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان و ڕایانگه‌یاند، خواكورك ده‌بێته‌ گۆڕستان بۆ داگیركه‌ران.

گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ ماهیر ئاسڵان كه‌ خه‌ڵكی شاری كامیارانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ گوتی، سوپای تورك ده‌یه‌وێت باشووری كوردستان دا‌گیر بكات، به‌ڵام گه‌ریلا قاره‌مانانه‌ له‌ دژی ئه‌و هێرشه‌ به‌رخۆدان ده‌كات.

«هێرشه‌كه‌ له‌ دژی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورده‌»

گه‌ریلا ئاسڵان گوتی، «باشووری كوردستان قه‌ڵای به‌رخۆدانه‌، ناوه‌ندی ڕاپه‌ڕینه‌، مێژووه‌كه‌ی پڕه‌ له‌ قاره‌مانه‌تی. پێویسته‌ گه‌لی باشوور به‌ ڕۆحی شیلادزێ و بامه‌ڕنێ هه‌ڵسوكه‌وت بكات و هه‌ڵوێستی خۆی له‌ دژی داگیركاریی توركیا پیشانی ته‌واوی دونیا بدات. نابێ ڕێگه‌ بده‌ین ده‌ستكه‌وته‌كانمان له‌ده‌ست بچن. پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ ڕه‌نج و قوربانی گه‌وره‌ ئافرێنراون، خاوه‌نداره‌تی كردنه‌ له‌ شه‌هیدانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌. پێویسته‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان به‌ پێشه‌نگایه‌تی باشوور له‌ دژی داگیركاری هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ. كاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌ دژی داگیركاری، فاشیزم، مێتینگه‌ری ده‌وڵه‌تی تورك و نۆكه‌رایه‌تی هه‌ستنه‌ سه‌رپێ و بكه‌ونه‌ جووڵه‌.»

«به‌ ته‌كنیكی نوێ ڕووی تفه‌نگی گه‌ریلا له‌ دوژمنه‌»

گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ عه‌گید فورات كه‌ خه‌ڵكی شاری ڕها-ی باكووری كوردستانه‌ سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ڕێبازی شه‌ڕی گه‌ریلا و گوتی، «گه‌ریلایه‌تیی هاوچه‌رخ وه‌های كرد هێزه‌كانی توركیای داگیركه‌ر گورزی تووند بخۆن و نه‌توانن بجووڵێن.»

ئه‌و گه‌ریلا درێژه‌ی به‌ قسه‌كانی دا و گوتی، «ئێمه‌ ئێستا شه‌ڕێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆن و هێرشه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ بكرێت، پێشتریش زۆر جار كراوه‌. له‌ دژی ئه‌مه‌ ئه‌زموونێكی بێ وێنه‌ی شه‌ڕمان هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی له‌ ساڵی ٢٠١٦ به‌دواوه‌ له‌ پڕۆسه‌ی ئه‌ترووش و لێلیكان-ه‌وه‌ ڕێبازێكمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ تاكتیكه‌كانی دوژمن تێگه‌یشتووه‌ و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ جموجۆڵ ده‌كات. پێشتر له‌ وشكانییه‌وه‌ ده‌هاتن، ئێستا قورساییان خستووه‌ته‌ سه‌ر هێرشی ئاسمانی. ئه‌و گردانه‌ی ده‌یانه‌وێت لێی جێگیر بن، ماوه‌یه‌كی زۆر بۆردومانی ده‌كه‌ن، هاوڵاتییانی سیڤیل ده‌كوژن یان ناچاریان ده‌كه‌ن ڕابكه‌ن، سروشت تاڵان ده‌كه‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن جێگیر بن. گه‌ریلاش شكست به‌ ته‌كنیكی دوژمن دێنێت و گورزی تووندیان لێ ده‌دات. دوژمن له‌و گردانه‌ گیر ده‌خوات و له‌ چاوه‌ڕوانی گورزی گه‌ریلا ده‌بێت.»

«نابێ گه‌نجان بێده‌نگ بن»

گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ باز كۆبانێ كه‌ خه‌ڵكی شاری كۆبانێی ڕۆژئاوای كوردستانه‌ باسی له‌وه‌ كرد، به‌ ڕۆحی كۆبانێ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌ خواكورك كۆبووه‌ته‌وه‌ و له‌ كه‌سایه‌تیی گه‌ریلاكانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورددا یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد له‌م به‌رخۆدانه‌دا به‌دی هاتووه‌. گوتیشی، بانگی ته‌واوی گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی گه‌لی باشووری كوردستان ده‌كه‌م له‌ دژی داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك بوه‌ستنه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ.

باز كۆبانێ گوتی، «سوپای توركی داگیركه‌ر ده‌یه‌وێت خاكی باشووری كوردستان داگیر بكات. پێویسته‌ به‌تایبه‌تی گه‌نجان له‌ دژی ئه‌مه‌ بێده‌نگ نه‌بن و ده‌موده‌ست بكه‌ونه‌ جووڵه‌.»

ئه‌و گه‌ریلایه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، چیا واری گه‌ریلاكانی ئازادییه‌، سه‌نگه‌ری به‌رخۆدانی گه‌لی كورد و كوردستانه‌. ئێمه‌ هه‌تا كۆتایی خاوه‌نداره‌تی له‌ خاكی خۆمان ده‌كه‌ین. هه‌ڵوێستمان؛ یان كوردستان یان كوردستانه‌. هه‌تا دوایین دڵۆپی خوێنمان له‌ هێڵی ڕێبه‌ر ئاپۆدا خاكی خۆمان له‌ داگیركه‌ران ده‌پارێزین.

s.m