«گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان زیان به گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌گه‌یه‌نێت»
په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان زیان به گه‌لی كورد، تورك و گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌گه‌یه‌نێت.
په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان زیان به گه‌لی كورد، تورك و گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌گه‌یه‌نێت.
له ١١ی ئه‌یلوولی ٢٠١٦ به‌دواوه خانه‌واده‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان رێگه‌یان پێنه‌دراوه سه‌ردانی ئیمڕاڵی بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه هیچ ئاگاییه‌ك ده‌رباره‌ی دۆخی ئۆجالان نییه. پارێزه‌رانی ئۆجالان به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه و مامه‌ڵه‌ی خراپ له به‌رانبه‌ر ئۆجالان كراوه، ساڵی ٢٠١٠ سكاڵایان له لای دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا تۆمار كردبوو و داوایان كردبوو توركیا دادگه‌یی بكرێت. به‌ڵام ئه‌و دادگه‌یه دوای ٨ ساڵ وه‌ڵامی پارێزه‌رانی دایه‌وه و داواكارییه‌كه‌شی ڕه‌تكرده‌وه.
په‌رله‌مانتاری شاری ئامه‌دی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) سالیحه ئایده‌نیز له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)، باسی له گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان، بڕیاری دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا، ڕێگری كردن له دیداری ئۆجالان له‌گه‌ڵ پارێزه‌ران و خانه‌واده‌كه‌ی كرد.
«سیسته‌می ئیمڕاڵی، سیاسی و تایبه‌ته»
ئایده‌نیز ده‌ستنیشانی كرد كه گۆشه‌گیری سه‌ختی سه‌ر ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان زیان به گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌گه‌یه‌نێت. له‌وباره‌یه‌وه گوتی: «ئه‌گه‌ر مرۆڤ گۆشه‌گیرییه‌كه هه‌ڵسه‌نگێنێت، ده‌توانێت بڵێت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م هه‌یه. گۆشه‌گیری له ساڵی ١٩٩٩-ه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان و ته‌واوی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ڕێوه‌ده‌برێت. زیاتر له ٣ ساڵه گۆشه‌گیرییه‌كی سه‌خت كه نموونه‌ی له هیچ وه‌ڵاتێك نییه، به‌سه‌ر به‌ڕێز ئۆجالاندا سه‌پێنراوه. له ٢٧ی ته‌مووزی ٢٠١١ به‌دواوه پارێزه‌ران، له ٥ی نیسانی ٢٠١٥ش به‌دواوه شاندی ئیمڕاڵی ناتوانن دیدار له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجالان ساز بكه‌ن. سیسته‌می ئیمڕاڵی سیاسی و تایبه‌ته. هه‌ر وه‌ك چۆن مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ت له به‌رانبه‌ر ئیمڕاڵی تایبه‌ته، مامه‌ڵه‌ی وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا و سی پی تی (ڕێكخراوی به‌رگرتن له ئه‌شكه‌نجه‌ی سه‌ر به یه‌كێتیی ئه‌ورووپا)ش له به‌رانبه‌ر ئیمڕاڵی تایبه‌ته.»
«پێویسته گۆشه‌گیری هه‌ڵبگیرێت و ئۆجالان ئازاد ببێت»
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هه‌ده‌په گوتیشی، «هه‌تا ئێستا داواكارییه‌كان بۆ دیدار له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئۆجالان به‌بیانووی كه‌شتی خراپ بووه و كه‌شوهه‌وا ناله‌باره ڕه‌ت ده‌كرانه‌وه، ئێستاش به بیانووی سزای دیسپلین دیداره‌كان قه‌ده‌غه ده‌كرێن. ده‌بێ ئه‌م گۆشه‌گیرییه هه‌ڵبگیرێت و ده‌موده‌ست به‌ڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت. شه‌ڕ به گۆشه‌گیری قوڵتر ده‌بێت، ته‌نیا گه‌لی كورد زیانی پێناگات، به‌ڵكو هه‌موو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین زیانمه‌ند ده‌بن.»
ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا، سالیحه ئایده‌نیز ڕایگه‌یاند، «دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا ڕۆڵ و ئه‌ركی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی ون كردووه.
«دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا له شوباتی ١٩٩٩ هه‌تا ئێستا به‌باشی ئاگاداری بارودۆخی ئۆجالان و زیندانی ئیمڕاڵییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه بڕیاری ٢٧ی ئه‌یلووله كه پیشانی ده‌دات دادگه‌كه ڕۆڵ و ئه‌ركی خۆی پێشێل كردووه، له پێوانه، حقووق و به‌هاكانی خۆی دوور كه‌وتووه‌ته‌وه. بڕیاره‌كه‌ی دادگه په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێستی ئۆجالان و سیاسه‌ته‌كانی توركیا. دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا، به گوێره‌ی حكوومه‌تی توركیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه ده‌كات. زیندانی ئیمڕاڵی به گوێره‌ی به‌ڕێز ئۆجالان دروستكراوه. له زه‌مین و ئاسمانه‌وه هه‌موو ده‌وروبه‌ری قه‌ده‌غه كراوه.»
«ڕوانگه‌كانی ئۆجالان ڕێی توركیا ڕووناك ده‌كاته‌وه»
ئایده‌نیز هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه ڕوانگه‌كانی ئۆجالان ڕێی توركیا ڕووناك ده‌كاته‌وه و گوتی، «له ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ هه‌تا ساڵی ٢٠١٥ پڕۆسه‌ی ئاشتی له لایه‌ن به‌ڕێز ئۆجالان ده‌ستی پێكرد. هه‌موو كه‌س به‌ڕوونی بینی كه چۆن ڕوانگه‌كانی ئۆجالان ڕێی ئارامی و ئاشتی ده‌كه‌نه‌وه.»
«ڕامانه‌كانی ئۆجالان، ڕووناك كردنی توركیا، كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا توركیا له‌نێو وه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات چه‌قی به‌ستووه و ته‌نیا ڕێگه‌یه‌كی له به‌رده‌مه ئه‌ویش كۆتایی هێنانه به گۆشه‌گیریی تووندكراو له‌سه‌ر به‌ڕێز ئۆجالان. به‌ڕێز ئۆجالان ئه‌و ڕووداو و گه‌شه‌دانانه‌ی ڕووده‌ده‌ن، به‌ر له چه‌ند ساڵێك ده‌بینێت و ڕێی چاره‌سه‌ری پێشنیاز ده‌كات. پێشبینییه‌كانی ئۆجالان كه پێشتر كردبوونی، یه‌ك به یه‌ك به‌دیهاتن. ڕامان و پێشنیازه‌كانی به‌ڕێز ئۆجالان ڕێگری له پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كات و ڕێی ئارامی پیشان ده‌دات. به گۆشه‌گیریی تووندكراو له توركیا هه‌موو ڕێگه‌كانی سیاسه‌ت داخران و قه‌یرانێكی قوڵ له توركیا هاتووه‌ته ئاراوه.»
s.m