گەنجان بە رۆحی”عاکیف”ەکان، بەشداریی لەبەرخۆدانی نەتەوەیی و جەنگی رۆژئاوا بکەن

پژاک یادی شەهیدان خدر خرینگە، ناسراو به‌(عاکیف مامۆ زاگرۆس) و فەهمی رۆستەمی ناسراو به‌(سیروان ناری) کردەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە قەندیل لە کارەساتێکی سروشتیدا گیانیان لەدەستدا.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، فەرماندە عاکیف، یەک لەو شۆڕشگێڕە نایابانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو کە لێوانلێو بوو لەخۆشەویستی، فیداکاری، بەرپرسیارێتی و هۆشیاری، وەک کادێرێکی پێشەنگ، لەدامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، خاوەن رۆڵ بوو.

هەروەها ڕایگەیاند، شەهید سیروان ناری خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و هێمن بوو. بە نووسین و شیکارییەکانی لەبەشی راگەیاندندا، شوێنپەنجەی تێکۆشانی لەخەباتی راگەیاندنی ئازاد لەرۆژهەڵاتی کوردستان تا بە ئەمڕۆ  دیار و بەرچاوە. لەپێناو بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ورەیەکی بەرزەوە تێدەکۆشا.

ڕاگەیەنراوەکەی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بەم شێوەیەیە:

"رۆژی ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ی زایینی، ساڵڕۆژی شەهیدبوونی خدر خرینگە، ناسراو به‌(عاکیف مامۆ زاگرۆس) و فەهمی رۆستەمی ناسراو به‌(سیروان ناری)، دوو کادێری پێشەنگ و له‌ دامەزرێنەرانی پارتەکەمانە کە لە ئه‌نجامی رووداوێکی دڵتەزێنی سرووشتی، لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕانەیان، لەبناری قەندیل شەهیدبوون. شەهیدبوونی ئه‌وهه‌ڤاڵانه‌، ناخ و ویژدانی هەر تاکێکی ئازدیخوازی هەژاند و بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلەکەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خەسارێکی مەزن بوو. لەساڵیادی شەهیدبوونی دوو هەڤاڵی پێشەنگ و فەرماندەی پارتەکەمان، یادی هەر دوو هەڤاڵی نەبەز و قارەمانمان بە هەستێکی شۆڕشگێڕانەوە بەرز رادەگرین.

فەرماندە عاکیف، یەک لەو شۆڕشگێڕە نایابانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو کە لێوانلێو بوو لەخۆشەویستی، فیداکاری، بەرپرسیارێتی و هۆشیاری، وەک کادێرێکی پێشەنگ، لەدامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، خاوەن رۆڵ بوو. هەر لەسەرەتای بەشداربوونیەوە بە دڵنزمی،موراڵ، پاک و بێگەردییه‌وه‌، سەرجەم هەوڵ و کۆششی لەپێناو ئافڕاندنی کەسایەتی ئازاد و شۆڕشگێڕ لەرۆژهەڵاتی کوردستان خستبووە گەڕ. خاوەن کەسایەتییەکی لێهاتوو و بەتوانا بوو کە بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی لەبەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران، بەردەوام لەناو تێکۆشاندا بوو و بە بەردەوامی هێز و ورەی بە گەل و هەڤاڵانی دەبەخشی. له‌ ئاشنا بوونی گەنجان لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران به‌ هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ و خاوەندارێتی لەتێکۆشانی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان و هەوڵدان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، خاوەن رۆڵێكی كاراو به‌رچاو بوو.

شەهید سیروان ناری خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و هێمن بوو. بە نووسین و شیکارییەکانی لەبەشی راگەیاندندا، شوێنپەنجەی تێکۆشانی لەخەباتی راگەیاندنی ئازاد لەرۆژهەڵاتی کوردستان تا بە ئەمڕۆ  دیار و بەرچاوە. لەپێناو بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ورەیەکی بەرزەوە تێدەکۆشا.

هەر دوو هەڤاڵی شەهیدمان تا بە ئەمڕۆ شوێنپەنجەی خەباتیان لەسەرجەم قوژبنەکانی خەباتی ئازادیخوازیی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرچاوە. تایبەت خاوەندارێتی شکۆمەندانەی گەل لەکۆبانێ، شەنگاڵ و رۆژئاوا بە رۆحی یەکێتی نەتەوەیی، بەرهەمی تێکۆشانی ماندوونەناسانەی “عاکیف و سیروان” ەکانە. لەلایەکی تریشەوە لەبەر ئەوەی بناخەی خەبات و تێکۆشانی پژاک بە رۆحی خەباتی عاکیف و سیراوانەکان داڕێژراوە، پژاک بووەتە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی شەهیدان.

ئێستا كه‌ دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بە ئامانجی قڕکردنی سیاسی و کولتووری، هێرشی کردۆتە سەر گەلەکەمان لەرۆژئاوا و رۆژانە بە دەیان هاووڵاتی و شەرڤانی رێگای ئازادی گیانیان بەخت دەکەن. هاورێبازانی “عاکیف”ەکان و “سیروان”ەکان بۆ پاراستنی شکۆی نیشتمان، سەرجەم سنوورە دەستکردەکان دەبەزێنن و روو لەرۆژئاوا دەکەن، تا هیوا و ئاواتی شەهیدان کە یەکڕیزی، یەک هەڵوێستیی و ئازادی گەلەکەمانە، مسۆگەر بکەن.

هاوکات لەساڵڕۆژی لەسێدارەدانی “شێرکۆ معارفی” لەلایەن رژێمی داگیرکەری ئێران، یادی بەرز رادەگرین و کردەوەی دژە مرۆییانەی لەسێدارەدان و تیرۆر بە توندی شەرمەزار دەکەین.

لەکۆتاییدا لەکەسایەتی شەهید عاکیف، سیروان و شێرکۆ، یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و داوا لەسەرجەم گەنجان و ژنانی کورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەکەین کە بە بەرپرسیارییەوە، خاوەندارێتی لەرێبازی شەهیدانی رێگای ئازادی بکەن و بۆ بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدان لەم قۆناخە هەستیارەدا، بەشداری بەرخۆدانی نەتەوەیی و جەنگی رۆژئاوا بکەن."

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

٠٤\١١\٢٠١٩

ف.ق