یاسەر مەلەتی: بەرخودانی دایکان بەرخودانێکی شکۆمەندانەیە

یاسەر مەلەتی بەناوی بەڕێوەبەریی کۆمیتەیی زیندانی پاژک رایگەیاند، بەرخودانی دایکان لەبەرانبەر فاشیزمی (ئاکەپە - AKP) و (مەهەپە -  MHP) شکۆمەندانەیە.

بەناوی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی زیندانی پارتی ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک - PAJK) یاسەر مەلەتی رایگەیاند، هەڵەیە مرۆڤ فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە وەکو دەسەڵاتێکی ٢٠ ساڵە لێکبداتەوە و سەرنجی خستە سەر ئەوە، کە فاشیزمێکی هەزاران ساڵە لەسەر کورد و دژ بە کورد هەیە.

بەناوی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی زیندانی پاژک مەلەتی بۆ رادیۆی دەنگی وڵات قسەی کرد و سەرنجی راکێشایە سەر چالاکی مانگرتن و رۆژووی مردن و وتی: "گرنگە کە ئێمە ئەو هەڵمەتەی بەرخودان بە شەهیدانەوە ببەستینەوە. ئەگەر بیروباوەڕی شەهیدان نەبوایە ئەو تێکۆشانە ئاسان نەدەبوو."

ئاکەپە و مەهەپە دەسەڵاتێکی ٢٠ ساڵە نیین

مەلەتی رایگەیاند، هەڵەیە مرۆڤ بە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بڵێت دەسەڵاتێکی ٢٠ ساڵەن، چونکە فاشیزمێکی هەزاران ساڵە لەسەر کورد هەیە.

 مەلەتی راشیگەیاند، خاڵی سنووردار و تەنگاوی ئەوەیە مرۆڤ فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بە قۆناغی ئیمرالی هەڵسەنگێنێت و وتی کە: "چونکە راستیی رێبەرایەتی هاوکات راستیی گەلێکی بن دەستە. هەر بۆیە ئەو گۆشەگیرییەی سەر رێبەرایەتی گۆشەگیرییە لەسەر دیموکراسی و گەلان. چونکە رێبەرایەتی لەدژی عەقڵییەتى هەژمونگەرا و دەسەڵاتخوازی هەزاران ساڵەی سەر مرۆڤایەتی راستییەکی پارادیگمایی پێشکەشکرد. بەم شێوەیە دەتوانین تێبگەین بۆچی گۆشەگیری هێندە قورسە."

هەڵوێستی گەلی کورد رەوایە

مەلەتی لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتی، گەلی کورد لە بەرانبەر فاشیزمی ئاکەپە خۆراگرە و وتیشی: "هەڵوێستی گەلی کورد بەرانبەر فاشیزمی ئاکەپە رەوایە. هەوڵ دەدرێت بەرخودان تێکبدرێت، یان بەلاڕێدا ببرێت، چونکە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بۆ هەموان ئاشکرا بووە و رووی راستەقینەی ئەردۆغان دەرکەوتووە."

مەلەتی ئەوەشی وت، بەرخودان بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە -  KCD) لە هەموو شوێنێک تەشەنەی سەندوە و وتی: "ئەم قۆناغە بە پێشەنگایەتیی ژنان بەڕێوەدەچێت. ئەو بەرخودانە بەرهەمی پێشەنگایەتیی بێریتان، زیلان و بێریڤانە. هەڤاڵ لەیلا لەسەر ئەو میرات و نەریتە هەوڵی دا قۆناغەکە بنیات بنێت. ئەو بەرخودان رەهەندێکى کۆمەڵگەیشی هەیە. پێشەنگایەتیی زیندانەکان بۆ تەڤگەری ئازادیی گەلی کورد بەهایەکی مەعنەویی تایبەتی هەیە. ئەم قۆناغە بە گیانی بەرخودانی ١٤ی تەمموز / ٢٣ی پوشپەڕ دەستیپێکردووە".

لێدوانی وەزارەتی داد

مەلەتی ئاماژەى بەوەکرد، لێدوانی عەبدولحەمید گول وەزیری داد لەبارەی لابردنی گۆشەگیرییەوە لێدوانێکى چەواشەکارنە و تەڵەکەبازییە و وتی: "فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە دەبینن کە لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیان نزیک بوونەتەوە. هەڵبژاردنی ئەستەنبۆڵمان لەپێشە. وەزارەتی داد بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەستەنبۆڵدا کورد بۆ خۆی رابکێشێت ئەو درۆ و دەلەسانە دەکات. لە قۆناغی ساڵانى ٢٠١٢ و ٢٠١٣ شدا بە هەمان شێوە سیاسەتیبان کرد، بەڵام ئەمڕۆکە قۆناغەکە جیاوازە و هەڵمەتی بەرخودان بەردەوامە".

بەرخودانی دایکان

بەناوی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی زیندانی پاژک یاسەر مەلەتی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرخودانی دایکان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە شکۆمەندانەیە و وتی: "دایکانمان پێشەنگایەتیی بەرخودان دەکەن. هەڵوێستەکەیان سیاسی و ئایدیۆلۆژییە. راست و دروست نییە پشتیوانی لە دایکان نەکرێت و دایکان تەنها بن. راستە کۆمەڵگە تەنگاوکراوە، بەڵام دەبێت ژن و گەنج بە شێوەیەکی هەستیار لە قۆناغەکە نزیک ببنەوە".

ر.م