لە شاری سلێمانی یادی شەهید سیروان ڕەئوف کرایەوە
ئەمرۆ، لەشاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، مەراسیمی یادکردنەوەی ٢٥مین ساڵیادی شەهید سیروان ڕەئوف ڕێکخرا و چەپکەگوڵی وەفا لەسەر مەزارەکەی دانرا.
ئەمرۆ، لەشاری سلێمانی، بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان، مەراسیمی یادکردنەوەی ٢٥مین ساڵیادی شەهید سیروان ڕەئوف ڕێکخرا و چەپکەگوڵی وەفا لەسەر مەزارەکەی دانرا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە، لە باشوری کوردستان مەراسیمێکی لەسەر مەزاری شەهید سیروان ڕەئوف لە مەزارگەی ئابڵاخی شاری سلێمانی ڕێکخست.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا، هەمووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهید بە بێدەنگی ڕاوەستان. دواتر عەبدولوەهاب ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان لە بارەی شەهید سیروان ڕەئوفەوە وتی: " ئەمڕۆ ٢٥ ساڵ تێئەپەڕێت بەسەر گیانفیداکردنی شەهید سیروان ڕەئوف، کە هەم پێشمەرگە و هەم خەباتکار بوو، گیانفیدایی ئەو لە هەمبەر پلانگێرییەکی گەورە بوو کە دژ بە گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا."
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە سیروان ڕەئوف لە خانەوادەی شۆڕشگێڕ مامە ڕیشە بووە و بە بنەماڵە خەباتکار بوون، وتیشی: "ئێمە خاوەن فەلسەفە و سیستەمی خۆمانین کە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە و لەگەڵ ئەو سیستەمە یەک ناگرێتەوە کە جیهانی توشی قەیران کردووە، مادام گەلی ئێمە خاوەنی چەندین شەهیدی وەک سیروان ڕەئوفە، کە لەپێناو ڕوناککردنەوەی ڕێگەکەمان گیانی فیداکرد، بە یەکبونمان دەتوانین سیستەمی خۆمان ئاوا بکەین."
کۆتایی مەراسیمەکە هەمووان بە دروشمی 'شەهید نامرێت' ماڵئاواییان لە مەزاری شەهید سیروان ڕەئوف کرد.
فراوانبوونی شۆڕشی باکوری کوردستان و تێکۆشانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە باکورەوە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، وایکرد تۆوی خۆشەویستی نیشتمان لە ناخی تاکەکانی کورددا بچێنێت، هەربۆیە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩، ناڕەزایەتیی سەرتاسەری کوردستان و وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە و چەندین گەنج گیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەختکرد و پیلانگێڕییەکەیان شەرمەزار کرد.
یەکێک لەو گەنجانەش، سیروان ڕەئوف بوو، کە لە ڕۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە لای باخی گشتی شاری سلێمانی چالاکییەکی گیانبازی ئەنجامدا، لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ئامانجی شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییە ئەو چالاکییەی ئەنجامدا و دوای ١٠ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.