لە حەسەکە ١٦ چەتەی داعش دەستگیرکران

قەسەدە رایگەیاند، کە لە شاری حەسەکە ١٦ چەتەی داعس دەستگیرکراون.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایگەیاند، کە هێزەکانیان لە شاری حەسەکە ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا ١٦ چەتە دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"تیمەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازی سەر بە هێزەکانمان (قەسەدە) لە رێکەوتی ٢٢ی شوباتدا لە شاری حەسەکە ئۆپراسیۆنێکیان لە دژی شانەیەکی رێکخراوی تیرۆریستی 'داعش' ئەنجامدا.

لە ئۆپراسیۆنەکەدا ١٦ ئەندامی رێکخراوە تیرۆریستیەکە کە دەستیان لە کردەوەی تیرۆریستی لە دژی هێزەکانماندا هەبوو، دەستگیرکران. هەرلە ناو دەستگیرکراوەکاندا چەند کەسێکیشیان هاوکاریی کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەندامانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیەیان کردووە.

تا ریشەکێشکردنی یەکجارەکیان بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش. هێزەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش کردووە. لەماوەیەکی نزیکدا زانیاری فراوان لەو بارەوە رادەگەیەنین.

هێزەکانمان لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستیان بە سەر بڕێک چەکیشدا گرتووە. ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ئەمانەن: ٣ چەکی جۆری ئەی کەی ٧٤، چەکێکی ئەی کەی ٤٧، سێ مەخزەنی چەکی ئەی کەی ٧٤، نارنجۆکێک، دەمانچەیەک لەگەڵ مەخزەنەکانی و رەختێکی سەربازی".

هـ. ب