قەسەدە: داگیرکەران ٩٠ گوند و شاروچکەیان تۆپباران کرد

قەسەدە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیركەری تورك لە شەوی ٢٦ی ئەم مانگەوە تا دوێنێ زیاتر لە ٩٠ گوند و شارۆچكەی بە فڕۆكەی جەنگی، تۆپ و تانك بۆردومان كردووە و لە ئەنجامدا دوو منداڵ بریندار بوون و سێ سەربازی حكومەتی دیمەشق-یش كوژراون.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی سوریای دیموكرات –قەسەدە ئاماری هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری توركی لە شەوی ٢٦ی ئەم مانگەوە تا دوێنێ بۆ سەر ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە هەشتەمین ڕۆژی هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە ٩٠ گوند و شارۆچكە بە فڕۆكەی جەنگی، تۆپ و تانك بۆردومان كراون.

بە پێی ڕاگەیەنراوەكە، لە ئەنجامی تۆپبارانی گوندەكانی سەر بە كانتۆنی عەفرین منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵان لە گوندی عەقیبە بریندار بووە و سێ سەربازی حكومەتی دیمەشق-یش لە گوندی تنب گیانیان لەدەستداوە.

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، لە ئەنجامی تۆپبارانی گوندی زۆرمەخاری سەر بە كانتۆنی كۆبانیش منداڵێك بریندار بووە.

ئەمەش لە كاتێكدایە، لە شەوی ١٩ی ئەم مانگەوە هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووە و ڕۆژانە بە فرۆكەی جەنگی، فرۆكەی بێفرۆكەوان و هەروەها چەكی قورس ئەو ناوچانە بە چڕی بۆردومان و تۆپباران دەكرێن و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش تائێستا دەیان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هەروەها زیانی ماددی زۆریش بەر ژێرخانی ئابووری و شوێنە خزمەتگوزاییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گەیشتووە.

ف.ق