خوێندکاران بوونە بەشێکی گەورەی سەرهەڵدان لە رۆژهەڵات و ئێران

خوێندکاران کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەڕژێنە گۆڕەپانەکان، بوونەتە بەشێک و هێزێکی گەورەی سەرهەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی'.

خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ناو زانکۆ و خوێندکاراندا بە بەهێزتر بەردەوامە. بۆ سەرکوتی هەڵوێستی خوێندکاران هێزەکانی دەوڵەت بە توندی هێرشدەکەنە سەر زانکۆ و خوێندکاران.

لە زۆربەی زانکۆ و پەیمانگاکانی شاری سنە، هەروەها لە بەشێک لە ئامادەییەکانی ئەو شارە و شارەکانی سەقز، مەریوان و پیرانشار خوێندکارانی کوڕ و کچ رژانە شەقامەکان و رێپێوانیان کرد، دروشمی ژن ژیان ئازادییان دەوتەوە.

هێزەکانی دەوڵەت هەڵیان کوتایە سەر ژمارەیەک لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنەیان و هەوڵیاندا بە توندوتیژی کۆتایی بە گردبوونەوەکانیان بهێنن.

هاوکات لە شارەکانی سەردەشت، دیواندەڕە، بۆکان، رەوانسەر، مەریوان و بەشێکی بەرچاو لە گەڕەکەکانی سنە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەنجامدران.

لەسەر ئاستی ئێران، لە بەشیکی زۆری شارەکان، خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان وێڕای بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، بە رێپێوان و گردبوونەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە لقی باکوری زانکۆی ئازادی تارانیش هێزەکانی دەوڵەت هەڵیان کوتایە سەر  خوێندکاران و ویستیان کۆتایی بە خۆپیشاندانەکەیان بهێنن.

لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خوێندکاران، کاربەدەستانی زانکۆکان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو ناڕەزایەتییانە رێگە جیاجیا دەگرنە بەر و لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، دەیان خوێندکار لە رێگەی کورتەنامەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بەشێوەی کاتی و بۆ ماوەی یەک مانگ دەرکراون و لەو ماوەیەدا بۆیان نییە بچنە حەرەمی زانکۆکان و ناشتوانن بەشە ناوخۆییەکان بەکاربهێنن، تا ئەو کاتەی دۆسیەکانیان یەکلایی دەکرێتەوە.

لەکاردانەوەیەکیشدا بەرامبەر بەو گوشارانە بۆ سەر زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن، رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە زانکۆکان و ناوەندە زانستییەکانی جیهان کردووە پاڵپشتی لە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی ئێران بکەن.

هـ . ب