ڕاگەیاندراوەکان بۆ ساڵیادی ڕاپەڕین

سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) بەبۆنەی ٣٣ هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە باشووری کوردستان، ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە.

بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی باشووری کوردستان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە.

سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانی بەم بۆنەیەوە گوتی: " دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی شەهیدەکانمانی لەپێناودا رژا، وەک خۆی نەهاتنەدی، بەجۆرێک خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە، کە هاوڵاتییان هیوایان بۆ دەخواست، ئەم رێڕەوە نادرووستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی لە بەغداد دەپارێزین".  

هەر بەو بۆنەیەوە ڕژاک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، گوتی: "لەو ڕەوشانەی لە هەرێمەکە ڕوویانداوە، قوربانیانی سەرەکی ژن بوون. خەڵکی باشووری کوردستان بەهیوایەکی زۆرەوە ڕاپەڕینیان ئەنجامدا بۆ گەشتن بە مافەکانیان، بەڵام ئێستا هەرێم لە ژێر مەترسیی داگیرکردندایە، بانگەواز لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین پێکەوە خاوەن هەڵوێست بن".

ڕژاک لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "  هەمیشە هێڵی تێکۆشان هەوڵی خۆیی داوە، هەرچەندە هێڵێکی خیانەت هەمیشە کۆسپ و ڕێگریی درووست کردووە بۆ گەشتنی کورد بە ئامانجی خۆی، بەڵام قوربانییەکی زۆر دراوە و ژنانیش زۆرترین قوربانیان لەو پێناوەدا داوە. خەڵکی باشووری کوردستان بە هیوایەکی زۆرەوە ڕاپەڕینیان دەستپێکرد، بۆ ئەوەی بگەن بە مافەکانی خۆیان و بە ئارامی بژین، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک لەژێر مەترسی داگیرکردنی چاند و زمان و هەبووندایە.

بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە پارێزراوبێت پێویستە هۆشیاربین و خۆمان لە هەموو ئەو مەترسییانە بپارێزین، بانگەوازیی لە هەموو لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان دەکەین، هەمیشە خاوەن هەڵوێست و چارەسەریی بن بۆ پاراستنی خاکی هەرێم لە هەر ‌هێرش و پەلامارێك، ڕاپەڕین لە مێژووی کوردستان بەهایەکی گرنگی هەیە، بۆیە بە هێزی ڕاپەڕینەوە داوا دەکەین لە تەواوی کوردستاندا بە یەکەوە تێکۆشان سەربخەین".