سەردەشت؛ کاسبکارێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا
لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە گوندی ساوانی شاری سەردەشت، لە پارێزگای ورمێ، کاسبکارێکی کورد کوژرا.
لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە گوندی ساوانی شاری سەردەشت، لە پارێزگای ورمێ، کاسبکارێکی کورد کوژرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی سێ شەممە ٨ی رەشەممێ (٢٧ی شوبات) هێزەکانی پۆلیسی ئێران لە بازگەی گوندی ساوانی سەردەشت دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد بە ناوی کاوان ئەمجەدی نیاکردووە و دوای کەوتوون.
لە ئەنجامدا گولـلەیەک بەر سەری ئەو کاسبکارە کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ئۆتۆمبێلەکەشی وەرگەڕاوە.
وەک ئەو ناوەندە بڵاویکردووەتەوە: هێرش بۆ سەر ئەو ئۆتۆمبێلە کاتێکدابووە کە هیچ جۆرە بارێکی تێدانەبووە.
کاوان ئەمجەدی نیا باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی گوڕە شێر و دانیشتووی شارۆچکەی میراوای سەردەشت بووە.
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەو کاسبکارە و کۆبوونەوەی خزم و کەسوکارەکەی، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران، بۆ رێگری لە هەرجۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینێک.
شەوی دووشەممەش بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران لە سنووری شاری بانە کۆڵبەرێک بە ناوی جەعفەر فەرەجی تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی سەقز کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو، کوژرابوو.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ١٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و نزیکەی ٩٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کراونەتە ئامانج.
ساڵی رابردوو لانیکەم ٣٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژرابوون و نزیکەی ٢٧٠ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون، ئەوەش بەرزترین ژمارەی قوربانیبوونی کۆڵبەرانە لە ١٠ ساڵی رابردوودا.
هـ . ب