کۆتا بژاردە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن: بە کوشتدانی پێشمەرگە!

دەوڵەتی تورک و پەدەکە هەموو رۆژێک گێرەشێوێنی و ئاژاوەیەکی نوێ دەنێنەوە. ئێستاش بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە باشوور، پەدەکە هەندێک هێزی گواستووەتە بۆ ئەو ناوچانەی پێکدادانیان تێدایە بۆ ئەوەی بە کوشتیان بدات و بە وتنی "ئێمە لە شەڕداین" هەڵبژاردنەکە دوابخات.

لە قۆناغێکدا کە سێگۆشەی ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر چەندین مانگە ئامادەکاری شەڕێکی نوێ لە دژی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان دەکرێت، ئاماژە سەرەتاییەکانی ئۆپراسیۆنی داگیرکەری لە هەرێمی مەتینای هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەرکەوتووە. بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆنەکە هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەبچێت، جموجۆڵی سەربازی لەلایەن دەوڵەتی تورک و پەدەکەوە لەو هەرێمە ئەنجام دەدرێت.

مەتینا لە شەوی رابردووە لە ژێر هێرشی دژواردایە

بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی لەناو رای گشتیدا دروست نەبێت، لەبارەی پەرەسەندنەکانی ئۆپراسیۆنەکانەوە زانیاری بڵاناکرێتەوە. راگەیەندرا کە سوپای تورک لە شەوی رابردووە لە هەرێمی مەتینا هێرشی دژواری دەستپێکردووە. هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە بۆ ئەوەی پەدەکە لە ئۆپراسیۆنەکەدا چالاکانەتر رۆڵ بگێڕێت هەندێک ئامادەکاری کراوە.

سیناریۆیەکی نوێی شەڕ

لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنانەی کە ئامادەکارییەکانی لە زۆر هەرێم ئەنجام دەدرێت، راگەیەندراوە کە بە پێشەنگی پەدەکە هەوڵ دەدرێت پلانی نوێ بخرێتەکار. هەروەها ئەو زانیاریانە ئاماژە بەوەش دەکەن کە سوپای تورک لە رۆژانی داهاتوودا هەندێک هێزی سەر بە پەدەکە بخاتە پێش خۆی و بەرەو شوێنەکانی  هەپەگە لە مەتینا ئاراستەیان بکات.

"پێشمەرگەکان بە کوشتن دەدات"

راگەیەندرا کە هێرشەکە بەم جۆرە رێکدەخرێت و دواتریش کاتێک هەپەگە بەرپەرچی ئەو هێرشە بداتەوە، ئەو هێزەی گورزی بەردەکەوێت وەک 'پێشمەرگە' نیشان دەدرێن. راگەیەندرا کە ئامادەسازی بۆ گێرەشێوێنێیەکی بەو جۆرە کراوە. ئامانجی سەرەکی ئەوەش بریتیە لەوە پەدەکە دەیەوێت ئەو کێشانەی کە تووشی هاتوون، بە شەڕ پەردەپۆش بکات.

بۆ دواخستن و هەڵپەساردنی هەڵبژاردنەکان

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ئەگەر پلانەکە سەربکەوێت نێچیرڤان بارزانی دێتەبەردەم کامێرا و دەڵێت، "ئێمە لە دۆخی شەڕداین. هەڵبژاردن لەو هەلومەرجەدا ئەنجام نادرێت. ئێمە بە هۆی ئەم دۆخە نائاساییەوە هەڵبژاردن هەڵدەپەسێرین".

زانرا کە پەدەکە کە قورسایی خۆی خستووتە سەر ئەو پلانە، بۆ ئەوەی هۆکار و پاڵنەرەکانی شەڕ بخوڵقێنێت دەستوبردی کردووە لە ئەنجامدانی ئەو ئاژاوەگێڕییە. لەهەمان کاتدا دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ئەم پلانە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە هەموو هێزەکانی خۆی خستووەتە ئامادەباشییەوە.

هیج دەرگایەک نەما لێی نەدا، دوایین رێگە چارە..

لەلایەکی دیکەوە پەدەکە؛ بۆ ئەوەی لە باشووری کوردستان لە قەیرانی ئابووری رزگاری بێت، دەرگا نەماوە لێینەدا. پەدەکە کە لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، حکومەتی سودانی، هێزە شیعەکانی عێراق و لەم دواییەشدا ئێران ئەنجامی بەدەستنەهێناوە، پلانی ئەوەی هەیە بە گێرەشێوێنیەکی بەم جۆرە لە باشوری کوردستان دۆخی نائاسایی بخوڵقێنێت و بۆ هەڵپەساردنی هەڵبژاردن رێگەیەکی جیاواز بێنێتە ئاراوە. پەدەکە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لەپێناو رزگارکردنی دەسەڵاتەکەی پێشمەرگەکان بە کوشتن بدات. ئەگەر ئەو پلانە سەر بگرێت، پەدەکە و دەوڵەتی تورک سودی لێوەردەگرن.

هـ. ب