هونەرمەند جاسمی ساز، لەبارەی ڕاپەڕینی گەلی باشور بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەیکرد و وتی: "داخی گرانم، کە ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام نەدەبوو ڕاپەڕینی گەلی ئێمە بۆ ئەوە بێت چینی سەرمایەدار و چینی برسی دروست بکات، ئەوەی جوڵانەوەکانی باشوری کوردستان، بەرامبەر بە گەلی ئێمەیان کرد، سیاسەتی برسیکردن و تینوکردن و بێ ماڵ و بێ نیشتمانکردنی گەل بوو، گەلی ئێمە ڕاپەڕینی لە دژی سیاسەتی حزبی فاشیستی بەعس کرد، تا بارودۆخی خۆی ژیانی باش بکات، بەڵام ئەوەی ئێستا لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەرمان دەکرێت زۆر خراپترە لەوەی، کە پێش ڕاپەڕین بەرامبەرمان دەکرا، من پێم وایە هۆکاری ڕاپەڕین ئەوەبوو کە سەدام حسێن کوێتی داگیرکرد و لێرە هێزی نەما، لەو کاتەشدا ئەمریکا هاتنە سەر خەت دژ بە ڕژێمی فاشیستی بەعس، لە ناو ئەو بارودۆخەشدا گەلی ئێمە ڕاپەڕینی ئەنجامدا."
جاسمی ساز پەیامی خۆی بۆ یادی ڕاپەڕین دەربڕی و وتی: "دەستی دایکی شەهیدان ماچدەکەم و سەری ڕێز لەبەرامبەر برینی بڕیندارانی ڕاپەڕین دادەنەوێنم، بەڵام پێموایە ئەگەر قەراربێت ڕاپەڕین بکرێت، ئێستا کاتی ڕاپەڕینە دژ بەو دەسەڵاتەی ڕووی بەدئەخلاقترین و بێکەرامەتترین کەسایەتی وەک سەدام حسێنی لێرە سپی کردەوە، کە هیچ کارەساتێک نەما بەسەر کورددا نەیهێنێت، هەر کاسێک لە ئێمە بیزانیبایە ئەم دەسەڵاتە بەم جۆرە گەل تاڵان دەکات هیچ کاتێک ڕاپەڕینی نەدەکرد، ئەمڕۆ هەواڵی بەپەلەی ئیمە هاتنی موچە و قوتی خاڵکە، کە ئەمە جێی شەرمەزاری و ڕسوابوونی ئەم دەسەڵاتەیە."
ئەو سەبارەت بە مەترسییەکانی بەردەم قەوارەی هەرێم و هۆکاری مەترسییەکان پێیوابوو داردەستی دەسەڵات بۆ دوژمن دژ بە گەلی کورد هۆکاری سەرەکییە و وتیشی: " ئەم دوو بنەماڵەیەی کە بەناوی حوکمەتەوە دەستییان بەسەر هەمو شتێکی گەلدا گرتووە، داردەستی دەوڵەتانی دژە کوردن و تاکە هۆکاری مەترسی سەر گەلی کوردن، لەبەرامبەر ئەمانەدا ڕێزم بۆ هەموو گەریلا و شەڕڤانان هەیە کە کار و خەبات دەکەن، داخی گرانم کە تاکە سەرکردەی گەلی کورد کە ڕێبەر ئاپۆ بوو لەناو دورگەیەکدا ٢٥ ساڵ لە دورگەیەکدا دەستبەسەر کراوە و ئەم دەسەڵاتەش بەم جۆرە لەسەر بەرهەم و قوتی خەڵک دانیشتوون."
سەبارەت بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین و تا چەند بە دی هاتوون ئەو هونەرمەندە وتی: "کە هەر ئامانجێکی ڕاپەڕین بەدەستهاتبێ بە هۆکاری هێزەکانی دەسەڵاتی باشوری کوردستان لە دەستچوون، بە نمونە کەرکوک بەدەستهاتبوو لەدەستمان چوو، هاوشێوەی کەرکوک تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکان کە دوای ڕاپەڕین کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی کوردیەوە مەترسی کەوتەسەری."
لە کۆتایی قسەکانیدا هونەرمەند جاسمی ساز پەیامێکی ئاڕاستەی کەس و کاری شەهیدان و بەرپرسانی باشوری کوردستان کرد، کە یەکڕیزی کورد بپارێزن و هەوڵ بدرێت دەستکەوتەکانی باشور بپارێزرێت، ڕێگە نەدرێت بە دەوڵەتانی داگیرکەر لە باشوردا گەنجانی پارچەکانی دیکە شەهید بکەن، وە هیوای خواست، کە نەورۆزی ئەمساڵ ببێت بە مایەی خۆشی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان،هەرچەندە نەشیشاردەوە کە بە هۆی دیاردەی شەهید کردنی گەنجانی کورد بە دەستی دەوڵەتانی داگیرکەر کورد دڵخۆش نیە بە نەورۆز.
هـ . ب