لە شەنگال بە سەدان کەس لە پێکهاتەکانی عەرەب ئیزدی بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئیزدی و ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتی شەنگال، لەدژی گۆشەگیری قورسی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانیان ئەنجامدا. لە رێپێوانەکەدا وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرزکرانەوە و بە بەردەوامی دروشمی ' بێ سەرۆک ژیان نابێت' وترایەوە.
رێپێوانەکە تاوەکو دووریانی مام زەکی بەردەوام بوو. لەوێ گەل کۆبووە و راگەیەندراوێک خوێندرایەوە. راگەیەندراوەکە لەلایەن سەرۆک هۆز ناییف شەمۆ خوێندرایەوە. شەمۆ وتی، " لە زەحمەتترین کاتدا رێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە شەنگال کرد، ئێمە وەک ئێزدی، عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی شەنگال، پێویستە خاوەنداری لە رێبەر ئۆجالان بکەین. ئێستا هیچ زانیاریەک لە رێبەر ئاپۆ بەدەست ناهێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆمان و نیگەرانی. ئێمە بانگەوازی لە هەموو دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، زانیاری بۆ ئێمە و رای گشتی بڵاوبکەنەوە.
راگەیەندراوەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.
ف.ق