کەسوکاری زیندانیان ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە زیندانیکردنی شادیە ماناپ دەربڕی

کەسوکاری زیندانیان ناڕەزایتیان بەرامبەر بە گرتنی شادیە ماناپ دەربڕی، کە ٣٠ ساڵە لە زینداندایە و ئەو رۆژەی دەبوایە ئازاد بکرایە جارێکیتر سزای بەسەردا سەپێنرایەوە. کەسوکاری زیندانیان رایانگەیاند، "لەبەر ئەوەی کوردین ستەممان لێدەکەن".

ئێشکگری دادپەروەری کە کەسوکاری زیندانیان بۆ ئازادی زیندانیانی نەخۆش و ئەو زیندانیانەی ماوەی سزاکەیان تەواو بووە و ئازادناکرێن، دەستیپێکرابوو، لە رۆژی ٣٨٥ەمیندا لەبەردەم زیندانی جۆری دی ئامەد بەردەوامە. کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حوکمدراوان (توای دەر) پشتگیریلە چالاکی بنەماڵەکان کرد.

دایکی زیندانی نەخۆش جڤان بۆڵتان، نازیمە بۆڵتان باسی لەوەکرد کە داواکارییان بۆ دادپەروەری بەردەوام دەبێت. بۆڵتان دەتسنیشانی کرد سەرباری ئەوەی دۆخی زیندانیانی نەخۆش باش نییە، بەڵام دۆخی زیندانەکان نەگۆڕدراوە و وتی، "پەرلەمان تا ئەمڕۆ باسی لە دۆخی زیندانیانی نەخۆش نەکردووە. هیچ گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونێک لە دۆخی منداڵەکانماندا رووینەداوە. ئێمە داوادەکەین منداڵەکانمان چارەسەری پزیشکییان بۆ بکرێت. گەر چارەسەری پزیشکییان بۆ ناکرێت با ئازادیان بکەن، ئێمە چارەسەرییان بۆدەکەین. منداڵانی ئێمەش مافیان هەیە، بۆچی رۆڵەکانمان لە ماف و یاسا بێبەش دەکرێن؟ با جیاکاری لە نێوان زیندانیاندا نەکەن. منداڵەکانمان هیچ تاوانێکیان نەکردووە، ئەوانیش دەزانن، هەموو جیهانیش دەزانێت کە منداڵەکانمان لەبەر چی لە زینداندان. داواکاری ئێمەش ئەوەیە کە رۆڵەکانمان دەستبەجێ ئازاد بکرێن".

بۆڵتان باسی لەوەکرد کە ماوەی ٥ ساڵە کوڕەکەی خۆی جڤان بۆڵتانی نەبینیوە و بەم جۆرە دوا: "منداڵەکانمان بۆ شوێنی دوور لە ئێمە دەگوازنەوە. ناتوانم بچم کوڕەکەم ببینم. با منداڵەکانمان بهێننەوە بۆ ئەو شارانەیی لە ئێمەوە نزیکن بۆ ئەوەی بتوانین منداڵەکانمان ببینین. ماناپ کە ٣٠ ساڵ لە زینداندا مایەوە، ئەو رۆژەی کە دەبوو ئازاد بکرێت جارێکی تر زیندانی کرایەوە. ئەمە شەرمەزارییە بۆ ئەم وڵاتە. لەبەر ئەوەی کوردین ستەممان لێدەکەن".

چالاکی بە دروشمەکانی "بژی بەرخودانی زیندانەکان" و "ماف یاسا دادپەروەری" کۆتاییهات.

هـ . ب