لە شەنگال گۆشەگیری شەرمەزار کرا

بە سەدان دانیشتووی عەرەبی شەنگال و کوردانی ئێزدی لەدژی گۆشەگیری قورسی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانیان ئەنجامدا و داوا لە دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ کرا کە لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد زانیاری بڵاوبکەنەوە.

لە شەنگال بە سەدان کەس لە پێکهاتەکانی عەرەب ئیزدی بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئیزدی و ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتی شەنگال، لەدژی گۆشەگیری قورسی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانیان ئەنجامدا. لە رێپێوانەکەدا وێنەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرزکرانەوە و بە بەردەوامی دروشمی ' بێ سەرۆک ژیان نابێت' وترایەوە.

رێپێوانەکە تاوەکو دووریانی مام زەکی بەردەوام بوو. لەوێ گەل کۆبووە و راگەیەندراوێک خوێندرایەوە. راگەیەندراوەکە لەلایەن سەرۆک هۆز ناییف شەمۆ خوێندرایەوە. شەمۆ وتی، " لە زەحمەتترین کاتدا رێبەر ئاپۆ خاوەنداری لە شەنگال کرد، ئێمە وەک ئێزدی، عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی شەنگال، پێویستە خاوەنداری لە رێبەر ئۆجالان بکەین. ئێستا هیچ زانیاریەک لە رێبەر ئاپۆ بەدەست ناهێنرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆمان و نیگەرانی. ئێمە بانگەوازی لە هەموو دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە لە ماوەیەکی نزیکدا لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، زانیاری بۆ ئێمە و رای گشتی بڵاوبکەنەوە.

راگەیەندراوەکە بە وتنەوەی دروشم کۆتایی هات.

ف.ق