لە وان سەربازەکان بۆ ئاکەپە کاردەکەن

فەرماندەی جەندرمەکانی وان دژی دەم پارتی کاردەکات، لە گەڕەکەکان دەگەڕێت و دەنگ بۆ ئاکەپە کۆدەکاتەوە.

دەم پارتی لەڕێگەی گەلەوە خەباتی هەڵبژاردن درێژە پێ دەدات، ئاکەپە بە پشتگیری سەرباز و پۆلیسەکان کاردەکات. بۆ ئاکەپە پارێزگار و قایمقامەکان بەس نییە، ئێستە سەربازەکانیش کار بۆ هەڵبژاردن دەکەن. سەربازان وەکچۆن لە هەڵبژاردنی پێشوو پشتگیری ئاکەپەیان کرد، ئەمجارەش بۆ هەڵبژاردنە خۆجێیەکان کار بۆ ئاکەپە دەکەن، گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێن و دەنگ بۆ ئاکەپە کۆدەکەنەوە.

فەرماندەی جەندرمە لە وان، ئادەم شەن بە گەڕەکەکاندا دەگەڕێت و باس لە گرنگی هەڵبژاردن بۆ دانیشتووان دەکات، ئاماژەی بەوە کردووە هەڵبژاردن بۆ یەکێتی دەوڵەت و میللەت گرنگە کە شیاوی دابەشبوون نییە، پێویستە هاوڵاتیان پێشکەوتنەکانی وڵات ببینن و بەو پێیە دەنگ بدەن.

بێجگە لە فەرماندەی جەندرمەکان، بەپرسە سەربازییەکانی تر لە هەرێمەکەدا دەگەڕێن و باس لە گرنگی هەڵبژاردن دەکەن. هەموو سەربازە پلە بەرزەکان بەشداری ئەم کارە دەکەن. دەچنە سەردانی عەشیرەتەکانل لە سەردانەکان تیشک دەخەنە سەر خەمساردی و کەمتەرخەمی هاوڵاتیان. سەربازەکان لە گەڕەکەکاندا تەنها لەلایەن جەردەوانەکانەوە پێشوازیان لێ دەکرێت و تەنها لەگەڵ بنەماڵە هاوکارەکان ئەوان دەدوێن.

هەروەها پارێزگار و قایمقام کاری هەڵبژاردن دەکەن، پارێزگاری وان، ئۆزان بالجی سەردانی پیشەوەرانی کرد و پرۆپاگەندەی ئاکەپە لای پیشەوەران بڵاوکردەوە.