پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پەژاك" لەراگەیەندراوێكدا هێرشەكانی رژێمی فاشیزمی ئێرانی بۆ سەر بارەگانی پارتەكانی"دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە" لە كۆیە و زەرگوێزی بەتوندی شەرمەزار كرد.
دەقی راگەیەندراوەكەی پەژاك بەمشێوەیە:
بۆمبارانەكانی ئەمڕۆ، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، رژێمی فاشیستی و داگیركەری ئێران لەبەرامبەر بەهەرێمە بێ چەك و خەڵكی مەدەنی و بارەگاكانی"حیزبی دیموكراتی كوردستان ـ ئێران" لەكۆیە و "كۆمەڵە"لەزەرگوێز لەباشوری كوردستان بەتوندی شەرمەزار دەكەین.
لەرۆژانی رابردوو، ٢٦ و ٢٧ی ئەیلوول، هێرشی فاشیستانەی دەوڵەتی توركی داگیركەر بەهاوكاری رژێمی فاشیستی ئێران بۆ سەر هەرێمەكانی چیای ئاسۆس و لەبەرامبەر بەپێگەی گەریلاكانی حیزبەكەمان"پەژاك" و ئەمڕۆ هێرشی موشەكی و فرۆكەی بێ فرۆكەوان بۆ سەر بارەگاكانی ئەحزابی"كۆمەڵە و دیموكرات"نیشانەیەكی ئاشكرا و روونە لەهەوڵدانی دۆژمنان لەهەرچوار بەشی كوردستان بۆ بەلارێدابردنی رای گشتی لەسەر سەرهەڵدانە سەرانسەریەكەی ئێران و رۆژهەڵاتی كردستان.
رژێمی فاشیستی ئێران هەوڵدەدات بەپەنابردن بەر ئەو هێرشانە، بەدەر لەبەلارێدابردنی رای گشتی، زەمینەسازی بۆ سەركۆتی وەحشیانە و كۆمەڵكۆژی بەشێوەی بڵاوكردنەوەی ترس لەبەرامبەر بەگەلی راپەڕیوو دروست بكات. دەوڵەتانی فاشیستی دەسەڵاتدار لەكوردستان ئەمڕۆكە بەهەموو هێزیانەوە هەوڵدەدەن لەبەرامبەر بەیەكگرتوویی گەلی كورد لەهەر دەرفەت و زەمینەیەك و كەڵكوەرگرتن بەشێوەی هەماهەنگ و هەپەیمانی؛ گەلان و پارتەكان و رێكخراوەكان و چالاكانی مەدەنی بەشێوەی جیاواز بكەنە ئامانج. لەبەر ئەوەش هەرچوار بەشی كوردستانیان وەرچەرخاندۆتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ. ئەم بەرەوپێشچوونانە رەوشێكی شەڕە لەبەرامبەر بە تێكۆشەرترین گەل، واتا گەلی كورد. دۆژمن هەوڵدەدات وەڵامی فەلسەفەی ژیانەوەی"ژن، ژیان، ئازادی"بەشەڕ و خوێنڕشتن بداتەوە و ئەم شێوە شەڕانەش هەر لەسەرەتاوە بنكەوتوون. دۆژمنان لاواز بوون و شۆڕشی گەلەكەمان بەهێزتر بووە، لەبەر ئەوەش دۆژمن چاوی بەپێشەنگایەتی و پێشكەوتنی گەلەكەمان و هزری ئازادیخوازانەی گەلەكەمان هەڵنایەت.
وەكو پەژاك"پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"، سەرەڕای شەرمەزاركردنی دووبارە ئەم هێرشانەی رژێمی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی دیموكرات و كۆمەڵە لەكۆیە و زەرگوێز لەهەرێمی كوردستان، سەرخۆشی لەبنەماڵە و كەس و كاری هاووڵاتیانی بێ چەك و سیڤل و پێشمەرگە شەهیدەكان دەكەین. بێگۆمان هێرشگەلێكی وەها كە مەترسیەكان بۆ سەر گەلی كورد زیاتر دەكات، و بەمەترسی دەزانین و جەخت لەوە دەكەینەوە كە هێرشی بەم چەشنە مایەی قەبوڵكردن و دانبەخۆداگرتنی بۆ نییە. دەبێت دۆژمنان بزانن كە هێرشگەلێكی وەها نابنە هۆكاری بۆ لاوازبوونی رۆحیە و ورەی شۆڕشگێڕانەی گەلەكەمان لەتێكۆشان لەبەرامبەر بەو كۆمەڵكۆژیانەی بەسەر گەلەكەماندا دێنن. ئەوەی گەلەكەمان دەگەیەنێتە ئازادی، بەردەوامی و سەرهەڵدان لەدژی زۆڵم و ستەمی دۆژمنانە. تەنیا دۆست و سەرپەنای پۆڵایینی گەلەكەمان، یەك بەیەكی چیا سەربڵندەكانی كوردستانە. بەتێكۆشانی بەردەوام دەگەیەنە ئازادی، بۆیە بانگەوازی لەگەلەكەمان دەكەین بۆ یەكگرتوویی نەتەوەی ـ دیموكراتیك.
هـ . ب