لەگەڵ داگیرکردنی کوێت لەلایەن ڕژێمی عێراق لە ساڵی ١٩٩٠ و جەنگی یەکەمی کەنداو لە سەرەتای ١٩٩١ و لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکان، ڕێبەر ئۆجالان ڕێنمایی ئاڕاستەی هێزەکانی گەریلا کردبوو تا بۆ هەموو ئەگەرێک لە ئامادەباشیدا بن. پەکەکە شیمانەی ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە شارەکانی عێراق و باشووری کوردستان کردبوو. لە کۆتایی شوبات و سەرەتای ئاداری ١٩٩١ پەکەکە لەژێر فەرماندەیی دکتۆر باهۆز ئەرداڵ سێ تیم (تاکم)ـی گەریلا ئاما دەکران بۆ بەشداریی و هاوکاریی ڕاپەڕین، بە تایبەتیش لە سنووری پارێزگای دهۆک، چونکە بەشێک لە هێزەکانی گەریلا لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بنکە و هێزی گەرۆکیان هەبوو.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، ئەمجارە بادینان لە هەڵچووندا بوو بۆ ڕاپەڕین. هێزەکانی پەکەکە لە ڕێگای وڵاتپارێز و خەباتکاری نهێنی شۆڕش شەهید سادق عومەر دەستیان کرد بە ئامادەکاری ڕاپەڕین. ژمارەیەک چەکی قورس و تایبەت بە نهێنی لە گەریلاکانی حەفتانینەوە گەیشتە دەرکار و باتووفە و بە ڕێگای سادق عومەرەوە بە نهێنی بەسەر خەڵکی وڵاتپارێزی دەرکار و باتوفە و زاخۆ دابەش کران. هەروەها چەند چەک و ئامێرێکی بێتەل لە حەفتانینەوە بە هاوکاری شەهید سادق عومەر گەیشتە ناوەندی دهۆک و چەند شوێنێکی دیکەی بادینان دەست شەهیدان حەسەن سەلیم نێروەیی و عەلی شەعبان ئامێدی و جومعە ئۆرمانی سەرپەرشتیارانی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی پارێزگای دهۆک.
ئەوە بوو ١٢ی ئاداری ١٩٩١ بە سەرپەرشتی شەهید سادق عومەر کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ چەند کەسایەتی و وڵاتپارێزی دەرکار ئەنجام درا، بە مەبەستی دەستپێکردنی ڕاپەڕین و گورزوەشاندن لە ڕژێم. ڕۆژی دواتر لە ١٣ـی مانگ بە دەستپێشخەری و سەرپەرشتی شەهید سادق عومەر و بە هاوکاری تیمەکانی گەریلا، تەواوی شارۆچکەی دەرکار عەجەم و باتووفە ڕزگار کران و هەموو سەربازەکانی ڕژێم لە بنکە و مۆڵگاکانی دەرکار و باتووفە و دەوروبەری و لیوای باتووفە خۆیان و چەکەکانیان تەسلیمی جەماوەری ڕاپەریوو کرد. پاشنیوەڕۆی ـ١٣ی ئادار خەڵکی شاری زاخۆی دەلال دوکان و بازارەکانیان زووتر داخست و دوو تیمی یەکەکانی گەریلا لەژێر سەرپەرشتی شەهید فاقە سێرت و شەهید نێچیروان زاخۆیی و لەگەڵ گەیشتنی جەماوەری ڕاپەڕیووی دەرکار خۆیان گەیاندە ناوەندی زاخۆ و لە سەر پردی دەلال لەگەڵ جەماوەری زاخۆ بەیەک گەیشتن و بانگی سەرهەڵدانیان دا و بە چەپڵە و درووشم بەرەو بنکە و بارەگاکانی ڕژێم ڕۆیشتن و لەگەڵ دەنگی یەکەم ڕێژنەی تەقە بۆ سەر مۆڵگاکانی بەعس، بەعسییەکان نەیانتوانی بەرگریی بکەن و هەر زوو خۆیان دا بەدەستەوە.
سەربازگەیەکی سوپای عێراق لە ناوچەی شەرانشی زاخۆ لەلایەن تیمێکی گەریلاوە هێرشی دەکرێتە سەر و لە ئەنجامدا ٢٨ سەربازی ڕژێم دەکوژرێن و ٣٤ سەربازیش بە دیل دەگیرێن. هەر لەو هێرشەدا گەریلایەکی ئازادی بە ناوی ساڵەح ئایدەمیر شەهید دەبێت.
بەرەبەیانی ١٤ ئادار بە دەستپێشخەریی و پێشەنگێتیی وڵاتپارێز، عەلی شەعبان ئامێدیی و هاوڕێکانی، سەرجەم سنووری قەزای ئامێدیی و ناحییەکانی ئەم قەزایە و مۆڵگا و بنکە سەربازییەکانێ بەعس لەو سنوورە پاک کرانەوە. ناوچەکانی چیای بێخێر و چیای سپی و دەشتاییەکانی بادینان بە پێشەنگی شەهیدی وڵاتپارێز حەسەن سەلیم نێروەیی و شەهید ڕێناس پاک کرانەوە. تەواوی زنجیرەچیای گارە و کۆشکی سەدام لە گارە لەلایەن تیمێکی گەریلا بە فەرماندەیی شەهید سەفقان بەرواری پاککرانەوە و کۆنترۆڵ کران.
ئێوارەی ١٤ـی ئاداریش بە دەستپێشخەری و سەرکێشی وڵاتپارێز و هاوکاری شۆڕش هەڤاڵ جومعە ئۆرمانی شاری دهۆک ڕاپەڕی و بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ١٥ـی ئاداری ١٩٩١ بە گەیشتنی وڵاتپارێز شەهید حەسەن سەلیم نێروەیی و هاوڕێکانی بۆ هاوکاری ڕزگارکردنی شاری دهۆک و بە گەیشتنی وڵاتپارێز عەلی شەعبان ئامێدی و گرووپەکەی بۆ ناوەندی دهۆک. بە پێشەنگیی جومعە ئۆرمانی و بە خوێنی گەشی هەڤاڵ جومعە ئۆرمانی شاری دهۆک بە تەواویی لە دەست هێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کرایەوە. هەروەها بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ تیمێکی گەریلا بە سەرپەرشتی شەهید فایەق سەربازگەی نێوان زاوێتە-دهۆک و خاڵی پشکنینی دهۆک - هەولێر کۆنترۆل دەکەن. لەم هێرشەدا شەهید فایەق بە قورسی بریندار دەبێت و گەریلایەک بە ناوی تۆفیق ئایکان (هەڤاڵ هەمزە) شەهید دەبێت.
لە کاتی هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکانی باشووری کوردستان چەند یەکینەیەکی گەریلا لە ناوچەکانی باتووفا و زاخۆ و هەفتانین لە ڕۆژانی ٢٩ تا ٣١ـی ئاداری ١٩٩١ لە بەرخودانێکی بێوێنە ئاستەنگی و ڕێگرییان لە هێرشی بەردەوامی هێزەکانی سوپای عێراق کرد، لە ئەنجامدا دەیان ئەفسەر و سەربازی پلەدار بەدیلگیران و گەریلایەک بەناوی عاکف (هەڤاڵ مژین) شەهید و چەند گەریلایەکیش بریندار بوون.
لە سنووری پارێزگای هەولێریش یەکینەیەکی بەئەزموون و پۆڵایینی گەریلا لە خواکورکەوە بۆ ڕێگریی لە هێرشی سوپای عێراق گەیشتنە دەربەندی کۆڕێ. ئەم یەکینەی گەریلا لە ڕۆژهەڵاتی دەربەندی کۆڕێ جێگیر بوون، هاوکات هێزێکی ی.ن.ک لە ڕۆژئاوای دەربەندی کۆڕێ جێگیر ببوون.
یەکینەکانی گەریلا بۆسەیان بۆ هێزەکانی سوپای عێراق دانا و تیمەکەی گەریلا بە دەستپێشخەریی شۆڕشگێڕانەی خۆیان و بە ئارپیچییەکەی دەستی شەهید لەزگین و بیکەسییەکەی دەستی شەهید جۆتکار و چەکەکانی دیکەیان تانکەکانی سوپای عێراقیان تێک شکاند و ڕێگرییان لە پێشڕەویی زیاتری سوپای عێراق کرد. لەم داستانە مێژووییەی کۆڕێ یەکینەکەی گەریلا ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێگەگرتن لە هێرش و پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق گێڕا. ئەو یەکینە گەریلایە پێک هاتبوون لە شەهیدان: زێرەڤان شێروانیی، جووتیار شێروانیی، حەسەن حاجۆ، لەزگین، باگۆک مێردین، ڕەفعەت عەفرین، هاروون حیلوان، کۆچەر گەڤەر و ژمارەیەک گەریلای دیکە. لەم داستانەدا شەهید لەزگین و باگۆک مێردین لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەربەندی کۆڕێ بریندار دەبن. ژمارەیەک پێشمەرگەی ی.ن.ک و هاووڵاتیش لە بەشی ڕۆژئاوای دەربەند شەهید و هەندێکیشیان بریندار دەبن. ئەگەرچی ڕۆڵی گەریلا لە تۆمارکردنی داستانی کۆڕێ سەرەکییە، وەلێ هێز و لایەنەکانی دیکەی باشوور هەمیشە هەوڵیان داوە ڕۆڵی گەریلا له داستانی کۆڕێ لەبیر بکەن، لە کاتێکدا هەندێک لە لایەنەکانی باشوور ئەو ڕۆژە تاکە چەکدارێکیشیان لە کۆڕێ نەبووە، بەڵام خۆیان بەتەنیا کردووەتە خاوەنی داستانەکە!
هاوسەرۆکی کەجەکە جەمیل بایک 'هەڤاڵ جومعە' لە کتێبی مێژووێک لە ئاگر لە دیدار و ئامادەکردنی حەسەن جودی لە بارەی ڕۆڵی پەکەکە لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا دەڵێت: (لە دژی ڕژێمی سەددام سەرەتا لە ناوچەی "دەرکار" له بادینان پەکەکە لە ڕێگای سادق عومەر و هەندێک کەسی دیکەوە ڕاپەڕینی بەرپا کرد. کاتێک ئێمە لەو ناوچەیە هەندێک مۆڵگەی ڕژێمی بەعسمان هەڵتەکاند و چووینە زاخۆ، حزب و لایەنەکانی دیکە یەکێکیشیان لە گۆڕەپانەکەدا نەبوون. هەروەها کاتێک کە ڕژێمی سەددام هێرشی کرد و خەڵک هەموو بەرەو سنوورەکان کۆڕەوییان کرد، ئەوەی لە "حەفتانین" ڕێی لە هێزەکانی ڕژێمی سەددام گرت، هەروەها ئەوەی لە ڕێی "باتووفە - زاخۆ" چەندین سەرباز و ئەفسەری هێزەکانی ڕژێمی سەددامی بەدیل گرت و ئەوەی مۆڵگەکانی ئەو هێزەی لە "هێرێ" و دەوروبەری هەڵتەکاند هەمووی پەکەکە بوو. ئەوەی گەلی پاراست و ئەوەی لە باکوور میللەتی ڕێکخست بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی باشوور ئازووقە کۆبکاتەوە، دیسان هەر پەکەکە بوو....).
نووسین و لێکۆڵینەوە: ئەرشیفی ڕۆژنامەی وڵات
هـ . ب