گەریلا لوتی فاشیزمی لە زەوی داوە

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە شەڕی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا شکست دەهێنێت و لەڕوی سیاسیشەوە دەڕووخێت. لە هەڵبژاردنێکی چاوەڕوانکراودا، گوزری کۆتایی لێدەدرێت و پرۆسەیەک بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی شەڕی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەستپێدەکات.

سیستمی داڕزاوە و پەڕە پەڕە لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. با سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕووداوانەی ئێستا لە عێراق ڕوودەدەن. ئەو دەوڵەتە، کە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئوروک دامەزرابوو چیی بەسەرهاتووە! وەک ئەوەی حسابی تاوان و گوناهەکانی پێنج هەزار ساڵەی خۆی بکات، دەپرتوکێت و لە سەرە مەرگدایە. بێگومان لە ئینگلتەرا کە دوا ناوەندی سیستمەکەیە، دۆخەکە هیچ جیاواز نییە، دوای بۆریس جۆنسۆن، شاژن ئێلیزابێت ڕۆیشت. بە دڵنیاییەوە، شا ژن زۆر پیر بوو و لە لێواری مردندا بوو، بەڵام دەبێت مرۆڤ سەختی و زەحمەتییەکان و قەیرانی ڕووخانی سیستمیش ببینێت.

زەمینەیەکی تر، کە ڕووخانی سیستمی دەوڵەتپارێز بە ئاسانی تیادا دەبینرێت، بێگومان تورکیایە. لەم ڕووەشەوە ڕووخانی عوسمانییەکان نمونەیەکی ڕوون و بەرچاوە، بۆیە سەرباری ئەوەی بە دەوڵەتی کۆماری تورکیاش بوترێت 'کۆماری گەنج'، بەڵام هەر چییەک دەکات ناتوانێت شوێنی خۆی قایم و خۆش بکات. هێشتا تەمەنی سەد ساڵەی خۆی تەواو نەکردووە، کەوتووەتە حاڵێکەوە، کە وەک پیرەمێردێکی لێهاتووە و ناتوانێت هەستێتە سەرپێ. ئەوەی لە کەسایەتیی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپەدا ڕوودەدات ڕووخانی ئەم کۆمارە پیرەیە.

بێگومان لەم سەردەمەدا، کە خێراترین سەردەمە لە مێژوودا، کارێکی ئاسان نییە و ئەستەمە سیاسەت و هزر و عەقڵیەتی پاکتاوکار و بکوژ و داگیرکاری و فاشیستی بپارێزرێت و بەردەوامیی پێ بدرێت، لەبەر ئەوەش فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە وایان لێهاتووە، کە هیچ پێوەرێکی یاسایی و ئەخلاقیی قبوڵ نییە و کاری پێناکات. شەڕێکی تایبەتی هەمەلایەنە لە هەموو ناوچەکەدا بە گوشارێکی قورس و زۆرەوە بەڕێوەدەبات. دەوڵەت باخچەلی هەموو ڕۆژێک هەڕەشە لە هەمووان دەکات و تەیب ئەردۆغانیش لە بە دەرگای دەوڵەتەکاندایە.

ماوەیەکی زۆرە پرۆسەی سەربەرەو خواربوونەوە بۆ فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە دەستیپێکرد. بۆ بەڕێوەبەریی ئاکەپە - مەهەپە زۆر گرنگە. دەبێت بە خێرایی کارێک بکات و خۆی لەم دۆخەی سەرە مەرگ بوونەدا ڕزگار بکات.

بۆ ئەو مەبەستەش مەرجە لە شەڕی دژ بە گەریلادا سەربکەوێت و خۆی لە گوشارەکانی گەریلا ڕزگار بکات.

بە کورتی کات بۆ فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە نەماوە و دەبێت خۆی لە تەڵەی زاپ ڕزگار بکات. لەم دۆخەدا لەبەر ئەوەی ناتوانێت ڕابکات و خۆی قوتار بکات، تاوەکو دێت و کات تێدەپەڕێت ئاکەپە - مەهەپە زیاتر تەنگاو دەبن، بۆیە هێرشەکانی خۆیان زیاتر و چڕتر کردووەتەوە. تورکیا هەموو دەرفەت و توانای خۆی لەسەر ئەم بنەمایە بۆ شەڕی زاپ خستووەتە کار. بەڕێوبەریی ئاکەپە – مەهەپە هەموو شتێکی تورکیا لە شەڕی زاپدا بەکاردەهێنن.

بێگومان بەشێوەیەکی شێتانە و هارانە هێرش دەکات، لەو هێرشانەشدا کەموکوڕیی هەیە و هەڵە دەکات و گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستاریش ئەو کەموکوڕیانە بە شێوەیەکی لێزانانە و شارەزایانە بەکاردەهێنن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی چالاکی گەریلاکان زیاتر ببێت و هێزی لێدانی گەریلا بەهێزتر و کاریگەرتر بێت. دەرفەت و هەلەکان لەلایەن گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستارەوە دەقۆزرێنەوە و بە شێوەیەکی لێزانان و کارامەیان بەکاری دەهێنن.

لەبنەڕەتدا لەم ڕۆژانەی دواییدا دەرکەوت، کە توندی و قورسیی جەنگ زیاتر بووە. ئەنجامەکانی ئەوەش لە ئامارەکانی ئەم ڕۆژانەی گەریلادا دەبینرێت. دوای چەند ڕۆژێک، ئاماری گشتیی پێنج مانگ بڵاو دەکرێتەوە و لەوەشدا ئەم دۆخە زیاتر بە ڕوونی دەبینرێت.

دەبێت شکستی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا لەبەرچاو بگیرێت.

بۆ نموونە؛ لە ئاماری پێنج مانگدا چی دەبێت؟ ئەگەر لە پێنج ڕۆژی داهاتوودا هیچ گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات، ئەوا لە ئاماری پێنج مانگدا ئەوە ڕادەگەیەنرێت، کە ١٠ هەلیکۆپتەر کەوتونەتە خوارەوە، ٧٠ هەلیکۆپتەریش گورزیان لێدراوە، ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئاکەپە - مەهەپە ئیدی ئێستا بە هەزاران کەسی تێپەڕاندووە و ڕادەگەیەنرێت. بێگومان ژمارەی چالاکیی گەریلاکانیش بەهەزاران چالاکیی تێپەڕاندووە.

ئایا لەم ئامارەدا فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە هیچ سەرکەوتنێکیان نییە؟ بە دڵنیاییەوە هەیانە، چۆن دەبێت، کە نەیان بێت؟ بۆ نموونە؛ ئاشکرا دەبێت، کە هێرشی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە لەلایەن فڕۆکەی جەنگی، فڕۆکەی چاودێری، هەلیکۆپتەر، هاوەن و تۆپخانەکانەوە نزیکەی ١٠ هەزار جار هەبووە. ئەوەش ئاشکرا دەکرێت، کە بۆردومانکردن بە چەکی قەدەغەکراو و تاوانی جەنگ بە چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و بۆمبی فۆسفۆر زۆر زیادی کردووە.

ئەوەش ڕوون دەبێتەوە، کە سەرەڕای هەموو ئەمانە ژمارەی ئەو گەریلایانە، لە ئەنجامی شەڕی پێنج مانگدا شەهید بوون کەمترە لە سەد گەریلا.

ئەمە نیشانەى چییە؟ بە ئاشکرایە ئەوە دەخاتە بەرچاو، کە لە جەنگی پێنج مانگی ڕابردوودا گەریلا بە شیوەیەکی گەورە شەڕیان کردووە و سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە. ئەوە نیشان دەدات، کە فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە لە بەرامبەر بەرخۆدانی گەریلادا بە توندی و سەختی تێکشکێنراوە. لە بەرخۆدانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، گەریلاکان لوتی فاشیزمی ئاکەپە -مەهەپەیان لە زەوی دا. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە دەیەوێت لە سەرکەوتنێکی کورتخایەندا تەمەنی دەسەڵاتەکەى خۆی درێژ بکاتەوە، لە شەڕی پێنج مانگیدا شکستی هێناوە و فڕێ دەدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

ئەم دۆخە لە هەردوو لاوە بەمشێوەیەیە، واتە فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بە هۆی ئەو گورزانەوە، کە لێی دراوە تامی شکستی کردووە و ئێستا لەو دۆخەدایە، هەم لەبەر ئەوەی ئەنجامێکی دەست نەکەوتوە هێرشێکی زۆر ئەنجام دەدات و ئەوەش نیشانەى ئەو دۆخەیە. سەرباری بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و ئەنجامدانی تاوانی جەنگیش هێشتا لە دەرەوەی ئەم دۆخە و سەرکەوتنەوەیە. تێبینی ئەوە بکەن، کە ئاماری شەڕ نیشانی دەدات، کە سوپای ئاکەپە - مەهەپە زیانی قورسی بەرکەوتوە و لە دەستدانی زۆرە. جبەخانەی بەرەو تەواوبوون دەڕوات، چەکەکانی بێ کاریگەر بوون و هێزی چەتەگەریی خۆی بەتەواوی خستووەتە ناو ئەم شەڕە. ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە بە مسۆگەری پرۆسە و قۆناغی شکست دەستی پێکردووە. ئاشکرایە، کە دوای شکستە مسۆگەرەکەیان، لەبەر تاوانەکانی جەنگ دادگایی دەکرێن. چالاکییەکانی لێپرسینەوەی گەریلاش بەم شێوەیە بە ئەنجام دەگات.

هەندێک دەڵێن، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بە هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو دەڕووخێت. وەک ئەوەی شەڕێک ڕووی نەدابێت و ئەو پرۆسەیەش وەک دەرەنجامی ئەو شەڕە باس ناکەن و بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن، لەبەر ئەوەش کاریگەری جەنگ لەسەر پرۆسەی سیاسی نابینن و بەبێ ئەوەى شتێک لەبارەی شەڕەوە بڵێن، هەوڵدەدەن سیاسەت بکەن!.

بە دڵنیاییەوە، هەموو ئەمانە هەڵەیە. لە کوردستان شەڕێکی گەورە ڕوودەدات و تورکیا لە شەڕێکی زۆر قورسدایە. شەڕێکی زۆر ناڕەوا و داگیرکارانە و پاکتاوکارانە و بکوژانە بەڕێوەدەچێت. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە بەڕێوبەریی دەوڵەتن، هەموو شتێکی خۆیان بە پێی شەڕ بەڕێوەدەبەن. ئەوەی ئەم دۆخە نەبینێت ناتوانێت ئایندەیەکی جیددی و بنیاتنەر بۆ تورکیا دروست بکات، یان ئەوەتا ئەم شەڕەی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە سەرکەوتوانەتر بەڕێوەببەن، (کە ئەوەمەحاڵ و ئەستەمە)، یان ئەوەتا دەبێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنن. ئەوانەی هیچ کام لەمانە دەستنیشان نەکەن، ناتوانن لە تورکیا ببنە بەڕێوەبەر. ئەگەر بە هەڵەش ببنە بەڕێوەبەر ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانن لە دەسەڵاتدا بمێننەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەوانەی ڕەوشی جەنگ بە دروستی هەڵنەسەنگێنن، ناتوانن بە شێوەیەکی ڕاست و دروست لێکدانەوە بۆ بارودۆخی تورکیا بکەن و ناتوانن سیاسەتێکی سەرکەوتوانە بەڕێوەببەن، چونکە هەموو شتێک بەم شەڕە دیاری و یەکلایی دەکرێتەوە، بۆیە دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە لە شەڕدا لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا و لە ڕووی سیاسیەوە شکستیان هێناوە و ڕووخان. لە بارو دۆخێکی وەهادا، لە هەڵبژاردنێکی چاوەڕوانکراودا، کە ئەنجام دەدرێت، کۆتا گورزی لێدەدرێت و پرۆسەی دادگاییکردنی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بۆ تاوانەکانی جەنگ دەستپێدەکات.

ئەوانەی بە باشی لێکدانەوە بۆ شەڕە دەکەن، کە ڕوودەدات ئەوا دەتوانن بەپێی دەرەنجامەکانی بەشداری لە سیاسەت دا بکەن، واتە ئەوانەی پشتیوانی لە بەرخودان دژە فاشیستیی بە پێشەنگایەتیی گەریلاکان دەکەن دەتوانن ئەنجامێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنن. ئەوانەی قۆناغ و پرۆسەی شۆڕشی دژە فاشیستی دەبینن، کە بە بەرخۆدانی گەورەی زیندان دەستیپێکرد، سەرکەوتنی گەریلایی لەم پرۆسەیەدا دەبینن، ئەوانە دەتوانن ئەرکێکی لەو شێوەیە بە ئەنجام بگەیەنن.

لەسەر ئەم بنەمایە چالاکیی سەرکەوتوانەى گەریلاکان لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا پیرۆز دەکەین و رایدەگەیەنن، کە کاتی ڕووخانی فاشیزم و سەرکەوتنی گەورەی شۆڕشی دیموکراتیک نزیکە.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

ژ.ت