دانیشتوانی هەرێمی فورات لە پێناو دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد

دوای بوومەلەرزەی گەملیک و نیگەرانییەکان لە رەوشی زیندانی دوورگەی ئیمراڵی، دانیشتوانی هەرێمی فورات -کۆبانێ ڕێپێوانیان کرد و داوایان کرد دەستبەجێ زانیاری لە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بدرێت.

دوای بوومەلەرزەکەی دەریای مەڕمەڕە کە دوورگەی ئیمرالی لێیە، نیگەرانی گەلی کورد و جەماوەری دیموکراتیک لەبارەی ژیان و سەلامەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی لێکەوتەوە. لە زۆرێک لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای زانیارییان لە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

 هەروەها دانیشتوانی هەرێمی فوراتیش بەو ئامانجە لە کۆبانێ ڕێپێوانیان ئەنجامدا. سەدان کەس لە مەیدانی ژنی ئازادەوە دەستیان بە ڕێپێوان کرد و بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرەو قوتابخانەی شەهید سەیدۆ ڕێپێوانیان کرد.

لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار- هەرێمی فورات ئارین کۆبانێ قسەی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ زانیاری لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وەربگیردرێت و وتی پێویستە دەستبەجێ بنەماڵە یان پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ بچن و دیدار ئەنجان بدەن."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە گرنگی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە نێو گەلی هەرێمەکەدا کراوە و وتراوە"ئەو کەسەی وای لێکردین لەسەر پێی خۆمان بوەستین و خۆڕاگری بکەن، ئەندازیار و بناغەدانەری فەلسەفەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، دەبێت دەستبەجێ زانیاری لەسەر ڕێبەرایەتیمان وەربگرین."